بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بهڕێوهبهرایهتى ئاسایشى ڕۆژئاوای سلێمانی ئاشكرایكرد، پشتبەستوو بەزانیارییە هەواڵگرییەکانو بەدواداچونی وردیان، زانیاریان پێگهیشتوه لەسەر بونی گروپێكى "تیرۆریست"ی کە لەسنوری قەزای چەمچەماڵ خۆیان حەشارداوەو هەڵهاتون لەیاسا.
ئاسایش دهڵێت:"دوای ڕەزامەندی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم کەیسەوە دەستیپێکردو بەڵگەی دروست لەسەر پێشینەی گروپهكه دەستکەوتو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕۆژی 5ى ئهم مانگه لەچەند هەڵمەتێکی جیاجیادا هێزەکانمان بەهاوکاری هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، ههشت تۆمەتباری لەیاسا هەڵهاتوو کە داواکراوبون لەدادگاکانی عێراق بەگوێرهى مادەی (2)ى تیرۆر دەستگیرکران".
ئهوهش ئاشكراكراوه، "دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوت، تۆمەتبارە دەستگیراوەکان پێشینەی کاری تاوانکارییو تیرۆریان هەبوەو بەشداربون لەچەندین کردەوەی تیرۆریستیو شەهیدکردنی هاوڵاتیو کارمەندانی هێزەئەمنییەکانی عێراق بەناوەکانی (سامر ساڵح عهبدوڵڵا ـ پۆلیس، ناجی حهمید صحن ـ پۆلیس، فوئاد خهڵهف ئهحمهد ـ صحوە، سامر حهمهد صحن/ صحوە)".
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، "هەر بەگوێرهى دانپێدانانی تۆمەتباران، لەساڵی 2004وه پەیوەندیان بەگروپى تیرۆریستى قاعیدەوە کردوەو بەشداربون لەئەنجامدانی چەندین کاری تاوانکارییو تیرۆریستیو دواتر بەیعەتیان بەداعش داوەو بونهته چەکدارو لەدەروەی یاساو بەها مرۆڤایەتییەکان درێژەیان بەکارە تیرۆریستییەکانیان داوه، دواتریش بەمەبەستی خۆحەشاردان بەناوی خوازراوو ناسنامەی ساختەو کارکردنەوە، ڕویان لهسنوری تەکیەو بازیان كردوهو نیشتەجێبون".
Your Comment