بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئهمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سهبارهت بهناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم کۆبۆوە، ئهو سكاڵایهش لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سنێد پەرلەمانتاری سەربەخۆو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقو محەممەد مەیاحی پارێزگاری واستەوە تۆمارکرابوو.
لهوبارهیهوه پهرلهمانتارهكهى عێراق لهگرتهیهكى ڤیدیۆییدا كه لهناو دادگاى باڵاى فیدراڵى بڵاویكردۆتهوه بهدڵخۆشیهوه دهڵێت:"دادگای فیدراڵی عێراق ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو و ئێستاشى بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم بەنایاسایی لەقەڵەمدا".
سنێد دهڵێت:"هەموو ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێستا داویەتی بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو کاتیان بەسەرداچوەو جێبەجێکراون، بەڵام نایاسایین".
بهوتهى ئهو پهرلهمانتاره، "موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم لەچوارچێوەی بودجەی هەرێم لەبودجەی عیراقدا جێگیردەکرێت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مافی خۆیانەو دەستکاری ناکرێت، لەسەر سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتاریش دادگای باڵای فیدراڵی ناردنی پارەی بۆ هەرێم لەدەرەوەی دەستورو بودجە بەنایاسایی داناوەو ڕێگهى پێنادات".
ئهو پهرلهمانتاره ئهوهشى وتوه، "ئەو داهاتەی نەوتی هەرێم هەیەتی کەمترە لەو پارانەی کە بۆ هەرێم دەچێتو ئێمهش تەنها دەمانەوێت بەگوێرهى یاساو دەستور لەبودجەدا پشکی هەرێم دابینبکرێت".
ئهمهش لهكاتێكدایه، ڕۆژى 18ى ئهم مانگه مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەداڤۆس ئاشكرایكرد، "حکومەتی عێراق پابەندە بەڕاگرتنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەنەوتو گازی هەرێم".
بارزانى ئهوهشى ڕونكردهوه، "ڕەنگە کێشەکانی هەرێمو بەغدا چارەسەرببن لەچەند مانگی داهاتودا، ئەویش بەتێپەڕاندنی یاسای نەوتو گازو ڕێککەوتوین لەگەڵ حکومەتی عێراق كه لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانو گێڕانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی بواری نەوت لەکاتی خۆیدا، واته ڕێککەوتوین هەموو فشارەکانی سەر هەرێم لەمکاتەدا ڕابگیرێن تاوەکو یاسای نوێی نەوتو غاز تێدەپەڕێندرێت".
حکومەتی هەرێم پێشتر ئاشكرایكرد، لەساڵی 2022دا تەنها سێ مانگ لەکۆی 12 مانگهكه بڕی 200 ملیار دیناری لەبەغداوە بۆ هاتوه، بەڵام ئێستا کێشە بۆ ئەو 400 ملیارەش دروستكراو محەممەد شیاع سودانی 13ی مانگی ڕابردوو بڕیاری ناردنی دابوو.
Your Comment