بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نەورۆز واتا یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ و وەرزی بەهار و یەکەمی خاکەلێوە، یەکێک لە کۆنترین جێژنەکانی ئێرانە کە لە سەردەمانی پێشوو بە یادگار ماوەتەوە. ئاخێزگەی ئەم جێژنە بۆ ئێرانی کەونارە دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش خەڵکی ئێران ئەم ڕۆژە جێژن دەگرن و ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبەن.
لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتانی ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا ڕێوڕەسمی نەورۆز بە ئاگر کردنەوە و جلوبەرگی تازە لەبەرکردن و هەڵپەڕکێ دەستپێدەکات و بە سەردانی خزموکەسوکار و ئاشتی لە گەڵ سروشت و کەژ و کێو کۆتایی دێت.
ئێرانییەکان نەورۆز وەکوو دەستپێکی دووبارەی ژیان و سەرهەڵدانی دووبارەی سروشت دەزانن و بڕوایان وایە هاوکات لە گەڵ نوێ بوونەوەی سروشت دەبێ دڵ و دەروونی مرۆڤیش نوێ بکرێتەوە.
لە ڕێوڕەسمە گرینگەکانی نەورۆزی ئێرانییەکان دەکرێ ئاماژە بۆ خاوێن کردنی ماڵ و نوێ کردنەوەی کەلوپەل ئاماژە بکەین. ئەم کارە نەک هەر لە ئێران بەڵکوو چەند رۆژ پێش ساڵی نوی لە وڵاتانی ئەفغانستان و تاجیکستانیش دەست پێ دەکات.
لە سەردەمانی کۆنەوە تا ئێستا هەڵکردنی ئاگر لە شەوی نەورۆزدا باو بووە و خەڵک بەسەریدا باز دەبەن و دەڵێن "سووری تۆ بۆ من، زەردی من بۆ تۆ".
چنینی سفرەی حەوت سین ڕێوڕەسمێکی هاوبەشی نەورۆزە. لە سەر ئەم سفرەدا حەوت جۆرە شت کە هەر کامەیان هێمای شتێکە دادەنرێت و لە کاتی دەستپێکی ساڵی نوێ لە دەوریدا کۆ دەبنەوە.
نەورۆز لە کوردەواریدا ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بووە، لە کوردستاندا پێش هاتنی ساڵی نوێ دانانی گەنم و ئامادەکردنی بۆ ساڵی نوێ، خاوێن کردنەوەی ماڵ، پێشکەش کردنی نەورۆزانە و سەردانی ماڵی گەورەکان دەستی پێ دەکرد.
لەم رۆژەدا ئاگرێکی گەورە دەکرێتەوە و خەڵک بە دەوریدا هەڵدەپەڕن و پێکەوە لەسەریدا دەپەڕنەوە. لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەک لە گوندەکانی کوردستان بوونەتە میوانداری خەڵکانێک لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان و ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبەن.
گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا بە بۆنەی نەخۆشی کۆرۆناوە ئەم ڕێوڕەسمانە کاڵ بوونەتەوە بەڵام بە تەواوەتی لەبیر نەکراوە و هێشتا لە زۆر شوێندا بەڕێوە دەچێت.
ئەمساڵیش شاری سنە وەکوو پێتەختی نەورۆزی ئیران هەڵبژێردراوە و بڕیارە گەورەترین جێژنی نەورۆز بە ڕێوڕەسمە پێشووەکانی خۆیەوە بەڕێوە بچێت.
Your Comment