AP ١٤٠٠ سەرماوەز ١٦ ٠٨:٣٠

سەرەڕای سەرهەڵدانەوەی هێرشەکانی داعش؛

کاروانی سێیەمی خێزان و کەسوکاری داعشە عێراقییەکان لە سووریاوە دەگەڕێنەوە

کاروانی سێیەمی خێزان و کەسوکاری داعشە عێراقییەکان لە سووریاوە دەگەڕێنەوە

ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، بڕیارە لەم حەفتەیەدا کاروانی سێیەمی خێزان و کەسوکاری داعشە عێراقییەکان لە سووریاوە بگەڕێندرێنەوە عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمى پارتی ڕاگەیاند: بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کاروانێکی دیکەی خێزانە داعشەکان لە کەمپی ھۆل بگەڕێنەوە عێراق و پێشتر بە دوو کاروان ٥٠٠ خێزان گەڕێندراونەتەوە عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە کە گرووپی تیرۆریستیی داعش دەستی بە جووڵە کردووە دژی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و، گەڕانەوەی خێزانە داعشەکان کاریگەریی لەسەر بەھێزبوونی داعش و تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی دەبێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: ھێشتا دیار نییە ژمارەی ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە چەندە و داتای ئاوارە داعشەکان لای کۆچ و کۆچبەران و دەزگە ئەمنیەکانی عێراقە، بەڵام ٣٠ ھەزار کەسوکاری داعشی عێراقی لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن و ١٠٠ لەوانە گەیشتوونەتە تەمەنی گەنجی و پەیوەندییان بە چەکدارانی داعشەوە ھەیە.

دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، گەڕانەوەی کەسوکاری داعش مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، چونکە ھەموو ئەو خێزانانە لە کەمپی جەدعەی باشووری مووسڵ نیشتەجێ دەکرێن، ئەمە لە کاتێدایە پێویستە عێراق وەریان نەگرێتەوە، ئەگەریش وەریان دەگرێتەوە، ھەر یەکە و ڕەوانەی پارێزگاکەی خۆیان بکاتەوە، نەک ھەموویان لە مووسڵ نیشتەجێ بکرێن.

ماوەی هەفتەیەكە هێرشەكانی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیادیكردووە و لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشی چەتەكانی داعشەوە، لە سنوری میحوەری گەرمەسێر و چیای پەچوغ و شێخ بزێنی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، ٢٢ پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی شەهید بوون.

News ID 40233

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha