بە پێی هەواڵی مێهر، ئەم زنجیرە کۆمێدییە لە لایەن سەعید ئاقاخانی، دەرهێنەری کوردەوە بەرهەم هاتووە و لەم ساڵانەدا توانیویە باشترین پێگە لای خەڵکەوە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئاقاخانی لەم فیلمەدا زۆرتر لە ئەکتەرە کوردەکان و خەڵکی خۆجەیی کەڵکی وەرگرتووە و بە گشتی ژیان، سروشت، فەرهەنگ و جل و بەرگی ناوچە کوردنشینەکانی بە باشی وێنا کردووە.
ئەم زنجیرەیە لە وەرزی یەکەم واتا ئەوەی سێ ساڵ پێشتر بڵاو کرایەوە ڕەخنەی زۆری لە سەر بوو بەڵام بەختەوەرانە لە بەشەکانیتریدا زۆر گۆڕاو و بە باشی سەرکەوت و وەکوو زنجیرەی زۆرتر بینراوی ئێران ناسێندرا.
کەڵک وەرگرتن لە مۆسیقای ڕەسەن، خاڵی ئەرێنی زنجیرەکە بوو
وەرزی سێهەمی زنجیرەکە خاڵی ئەرێنی زۆری بوو و لە ڕاستیدا هەموو بوارەکانی لە بەرچاو گرتبوو بۆ وێنە جوغرافیای ناوچە کوردنشینەکانی بە باشی وێنا کرد. لە بەشی مۆسیقادا بە تێکەڵ کردنی مۆسیقای کوردی و فارسی و هەروەها بڵاو کردنەوەی مۆسیقای ڕەسەنی ماموستایانی بەناوبانگ وەکوو حەسەن زیرەک، مەزهەر خالقی، هومەر دزەیی و شاکرۆ لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا سەرنجی خەڵکی زۆرتر ڕاکێشا.
ئەم زنجیرەیە بە بۆنەی لەبەرچاو گرتن و نیشان دانی هەندێ بابەت وەکوو شێوەزاری خەڵکی کرماشان، جلی جوان و ڕازاوەی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان، نیشان دانی فەرهەنگی هاودڵی و یەکگرتوویی بە باشی توانی لە گەڵ خەڵکدا پێوەندی بگرێت و ببێتە بەشێک لە بەرنامەی خەڵکی ئێران و لە ئەنجامدا ببێتە باشترین فیلمی نەورۆزی لە ڕوانگەی بینەرانەوە.
کاریگەری "نوون.خ" لە سەر گەشتیاریی ناوچە کوردنشینەکان
ئەم زنجیرەیە لە شارەکانی کرماشان، کوردستان و ئیلام ساز کراوە و بێگومان لە ناساندنی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکاندا سەرکەوتوو بووە و دەتوانێ ببێتە هۆی سەردانی گەشتیاران بۆ ئەم ناوچانە و تەنانەت لە سەر ئابووری ئەم ناوچەش کاریگەری ببێت.
"نوون.خ" وەها لە دڵی خەڵکدا جێ خۆی کردۆتەوە کە نەک هەر لە سەر کەناڵی سەرانسەری ئێران، بەڵکوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاو دەبێتەوە و خەڵک دیسانەوە پێیان خۆشە بیبینن.
دەرهێنەری ئەم زنجیرەیە لە وەرزی سێهەمەکەیدا زۆرتر دەڕوانێتە کێشەکانی ڕۆژانەی خەڵک و بە شێوەی کۆمێدی خەم و نیگەرانی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و داخوازی خەڵک بە بەرپرسان ڕادەگەینێت کە ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنج ڕاکێش بوونی ئەم زنجیرەیە بوو.
بە گشتی ئەم زنجیرەیە لە بەشی یەکەمدا ڕەخنەی زۆری لە سەر بوو و هەندێ جار بە ڕووخێنەری فەرهەنگی کورد ناوی لێ دەبرا و ڕەخنەگران پێیان وابوو دەرهێنەرەکە بە ئەنقەست ویستوویە جل و زمان و فەرهەنگی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بباتە ژێر پرسیارەوە و مەبەستی نەرێنی بووە کەچی لە وەرزی دووهەم و بە تایبەت وەرزی سێهەمدا سەعید ئاقاخانی هەموو ئەو ڕەخنانەی لە بەرچاو گرت و بەو شێوەی کە داخوازی خەڵک و کارناسان و خاوەن ڕاکان بوو درێژەی بە کارەکەی دا و بە باشی توانی بچێتە دڵی خەڵکەوە و سەرکەوتنێکی باش بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
Your Comment