ئێران لە شەڕی داعشدا بە هێز و چەک و ڕاوێژکار یارمەتیدەری پێشمەرگە بوو

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان جەختی کرد کە ئێران بە فەرماندەیی حاجی قاسم سولەیمانی یەکەم وڵات بوو کە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزە عێراقییەکان هات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ساڵوەگەڕی شەهید کرانی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی فەرماندەی  فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی زیاتر باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو ژنڕاڵە ئێرانییە لە شەڕی داعش و شکست دانی تیرۆریستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.

زۆربەی ئەو وڵاتانەی ناوچە، کە خەڵکەکەی چووەتە مەیدانی شەڕ لە گەڵ ستەمکار و چەوسێنەر و تیرۆریستان دەڵێن کە  لە لایەن ئێرانەوە بە فەرماندەیی هێزی قودسی سوپا یارمەتی دراوە بە هێز و ڕاوێژکار و چەک و تەقەمەنی.

هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە هاوکاری ئێران و حاجی قاسم سولەیمانی لە گەڵ هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاریی داعش،  دیمانەیەکی لە گەڵ فەریق جەبار یاوەر مەندە ، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، ساز داوە، کە دەقەکەی لە خوارەوە دێت.

پەیوەندی سەردار سولەیمانی و پێشمەرگە

فەریق جەبار یاوەر سەبارەت بە پەیوەندی حاجی قاسم سولەیمانی لە گەڵ هەرێم وتی: حاجی قاسم سولەیمانی زۆربەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە بەرەی شەڕ دژی داعش و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کورد و عێراقی بووە.

وتیشی: هێڵی بەرگری لە هێرشی داعش لە سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران، لە ناوچەکانی خانەقینەوە دەسیپێکرد تا ناوچەکانی قەرەتەپە و جەلەولا و تووز خورماتوو ، کەرکووک هەتاکوو موسڵ. کاتێک لە ساڵی 2014 ، یەکەمجار موسڵ و دوای ئەوە پارێزگای سەلاحەدین و هەندێ ناوچەی سەر بە دیالە، ڕۆمادی، تاکوو گەیشتە نزیک دەروازەکانی بەغدا کەوتە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش، هیچ هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی دروست نەکرابوو و یەکەم وڵات کە بە هانای هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە هات بۆ بەرگری لە پێشڕەوییەکانی داعش و ڕێگری لە داگیرکردنی هەموو عێراق، بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.

حاجی قاسم سولەیمانی لە ڕوانگەی پێشمەرگەوە

فەریق جەبار یاوەر زیادی کرد کە من حاجی قاسمم نەبینیوە بەڵام بیستوومە لە هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو فەرماندانەی لە گەڵ حاجی قاسم سولەیمانی لە شەڕگەکان و لە سەنگەرەکانی بەرەنگاریی داعش پەیوەندییان هەبووە؛ دەڵێن کە سەردار سولەیمانی کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە و هێمن و بێدەنگ بووە، بەردەوام خۆش ڕوو و خۆڕاگر بووە بۆ هەموو شتێک. زۆر زۆر سادە بووە لە هەموو ڕوویێکەوە و شارەزایەکی بە ئەزموونی سەربازی و شەڕی مەیدانی بووە. شارەزایەکی زۆر گەورە بووە لە سەر جوگرافیای ئەو ناوچانەی شەڕی تێدایە و خۆراگر بووە لە مەسەلەی نەخەوتن و ڕۆیشتن و هاتووچوو کردن بە پێی و شەڕی درێژخایەندا.

ئێران بە هێز و چەک و ڕاوێژکار هاتە شەڕی داعش

ئەمینداری پێشمەرگە جەختی کرد کە فەرماندەکانی هێزی پیشمەرگە دەگێڕینەوە کە ئێرانیەکان هەم وەکوو هێزی شەڕکەر و هەم راوێژکار و هەمیش بە دابین کردنی چەک و تەقەمەنی هاتبوونە مەیدان و دیارە کە ئەو ئامادەبوونەی ئێران لە شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرماندەیی سەردار حاجی قاسمی سولەیمانی بووە.

ئەوەشی وت: ئەو هێزانە بە فەرماندەیی حاجی قاسم سولەیمانی هاوکاری باشی هێزی پێشمەرگەیان کرد تاکوو رێگە نەدرێت داعش بێتە ناو هەرێمی کوردستان و شاروشارۆچکەکانی داگیر بکات.

جەبار یاوەر بە ئاماژە بەوەی کە لە مانگی 8ی ساڵی 2014 هێزی هاوپەیمانی دژە داعش بە بەشداریی زیاتر لە 60  وڵاتی جیهان دامەزار  و ئەو هێز و ڕاوێژکارانە بە ڕێککەوتنێک لە گەڵ حکوومەتی فیدڕالیی عێراق هاتنە ناو وڵات و هەندێک لەو هێز و بنکانەش هێنرانە هەرێمی کوردستان، زیادی کرد: هەتا ئەوکاتەی کە داعش مابوو و وەک مەترسی بوو لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئێران بە تایبەتی لە جەلەولا و نزیک بە تووزخورماتوو وکەرکووک بێ گومان هەم راوێژکاران و هەم خودی حاجی قاسم سولەیمانی ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە پشتیوانی کردنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هەم لە باری ڕاوێژکاریەوە و هەم بە چەک و چۆڵ و تەقەمەنی.

حاجی قاسم تەنیا لە عێراق و هەرێم نەبووە

ڕاشیگەیاند: دیارە وەکوو هەموو لایەک کە باس دەکەن حاجی قاسم سولەیمانی تەنیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەبووە بۆ شەڕ دژی تیرۆریستان بەڵکوو لە زۆر ناوچەی تریش وەکوو فەرماندەیەکی ناودار کە پەیوەندییەکی یەکجار زۆری نێودەوڵەتی هەبووە دەرکەوتووە،حاجی قاسم سولەیمانی پەیوەندی زۆر باش و گەرموگۆڕی هەبووە لە گەڵ سەرکردە سیاسییە و سەربازییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا و لوبنان و بە گوێرەی ئەزموونی شەڕ، ڕۆڵی کارایشی هەبووە لە شەڕەکاندا.

گرینگی ئاسایش و هێمنایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران

جەبار یاوەر وتی: سنووری دەوڵەتی فیدراڵی عێراق لە باکووری ئەم وڵاتە کە دەکەوێتە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر بەرفراوانن و نزیکی 750 کیلۆمەترە ئەمە ناوچەیەکی زۆر فراوانە کە لە سنووری هەولێرەوە دەستپێدەکات و تێدەپەڕێت بە ناوچەکانی قەڵادزێ و سلێمانی و هەتاکوو دەگاتە ناوچەکانی سنووری خانەقین و بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بۆی گرنگە کە ئاسایش و هێمنایەتی ئەم سنوورانە پاریزراو بێت.

وتیشی: لەبەر ئەوەیە ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران خاڵێکی زۆر گرینگە و لە کاتی پەلاماری داعشدا بۆ ناوچەکانی عێراق ، تیرۆریستانی داعش گەیشتنە سنووری خانەقین و جەلەولا و داگیریان کرد و بوونە هەڕەشەیەکی جدی لە سەر ئاسایش و ئەمنیەتی سنووری ئێران.

ئەوەشی وت کە ئێران بە بێ درێغ کردن هاتە مەیدانی بەرەنگاریی داعش و لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقەوە شەڕی لە گەڵ تیرۆریستان کرد تاکوو ئەو ناوچانە لە داعش پاک بێتەوە و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێگرییش بکرێت لەوەی داعش دزە بکاتە سنووری ئێران.

فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بە گرینگی بازرگانی ئەو سنوورانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیش دا و رایگەیاند: ئەو سنوورانە بازرگانین و ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەورەیان تێدا دەکرێت و زۆر کاڵای ئێرانی لەم سنوورانەوە هەناردە دەکرێت و پاراستنی ئەم سنوورە ئابووری و بازرگانیانە بۆ هەرێم و بۆ ئێرانیش گرینگە، ئەمە سەرەڕای پەیوەندی دۆستانە و سیاسی لە نێوان هەموو لایەنە کانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لەمێژەوە بەردەوامە و لە ئاستێکی باڵادایە و تۆکمەیە. ئێران لە کاتی شەری کورد لە گەڵ سەدام حسێن هەم پەناگەبوو بۆ لایەنە سیاسییەکان و پێشمەرگەکانی کورد و هەم پشتیوانی ئەو خەباتە بوو.

News Code 35371

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 15 =