دۆڵاو، بەهەشتی کوردەواری بە مێژوویەکی ٩٠٠ ساڵە

گوندی دۆڵاو لە ٤٠ کیلۆمەتری باشووری شاری سنە لە داوێنێ کێوی بەناوبانگی " ئەواڵان" لە نێوان شارەکانی سنە و کامیاران، لە ناوچەی هەورامانی ژاوەرۆی ڕۆژهەڵاتی جێی گرتووە.

 ئاژانسی هەواڵی مێهر،ڕاپۆرتی گەشتیاری-سروور لوتفوڵڵاهی: پێکهاتەی گوندی دۆڵاو لە باری نەژیارڤانییەوە بە شێوەی پلیکانە و ماڵەکان لە بەرد دروست بوونە و بە گشتی گوندەکە بە ئەگەری زۆرەوە لە تێکەڵ بوونی دوو گوند پێک هاتووە.

 وادیارە کە گوندی دۆڵاو سەرەتا لە "دۆڵی غوڵام وەیس" هەڵکەوتوو لە چنارێز بووە، بەڵگەی ئەو ڕوانگەش ئەوەیە کە چەند ساڵ پێش لە ئەو شوێنە ئامیری خۆراک و دەفر و تەنوور دۆزراوەتەوە. بە پێی ئەو بەڵگەگەلە ئەو گوندە کاول بووەتەوە و خەڵکەکەی دواتر لە دۆڵاوی ئێستا نیشتەجێ بوون.

ڕوانگەیەکی دیکەش هەیە کە لە کۆنەوە دەم بە دەم هاتووە، ئەویش ئەوەیە کە باخەکانی دۆڵی نووم، لە ڕابردوودا گوند بووە کە بە گوندی جووەکان ناسراوە؛ کە هەر لەوێش چەندین ئامێری کشتوکاڵ و دەفەر و گۆزە دۆزراوەتەوە.

بەڵگەیەکی دیکەش بۆ سەلماندنی ئەو قسە ئەوەیە کە نزیک بە سی ساڵ لەمەوپێش پیرەژنێکی جوولەکە بە ناوی ئێران خانم دانیشتووی گەڕەکی ئاغەزەمان لە سنە، لە دۆڵاو وەکوو زێدی خۆی و جوولەکەکان ناوی بردووە و بیرەوەریگەلێکیشی لە سەردەمی گەنجی خۆی لە گوندی دۆڵاو گێڕاوەتەوە.

دۆڵاو لە باری کەشوهەواوە، ئاووهەوایەکی کوێستانی هەیە و نزیک بە ١٦٠ کانی هەمیشەیی واتا چوار وەرزی هەیە. لە ئەو گوندە چوار وەرزەکە بە باشی دەتوانی هەست پێبکەیت؛ بەشێوەیەک کە لە بەهاردا کێوەکان، باخ و دەشتەکان وەکوو مەخمەڵێکی کەسک شین دەبن. خوڕەی ئاوی کانی و هاژەی بەفراو و چریکەی پەلەوەرەکان ڕۆح و دەروون، چاو و گوێی مرۆڤ ئارام دەکەنەوە. میوەی ڕەنگاوڕەنگ لە وەرزی هاوین لە پاڵ کانی سارد و فێنک، ماندوویی لە لەشی مرۆڤ دەردەهێنن.

 نە قەڵەم و نە زمان دەتوانێت جوانییەکانی وەرزی پاییزی وەسف بکەن، بەس دەبێت بە چاو ئەو هەموو ڕەنگە جوانە زەرد و سوور و پرتەقاڵی و قاوەییە ببینیت تا ئەو هەموو جوانییە باوەڕ بکەیت و تێیدا بحەسیتەوە.

جوانتر لە هەموو وەرزکانیشی وەرزی زستانە کە سپی­پۆش دەبێت و ئەو هەموو ڕەنگ و جوانییە دەشارێتەوە تا ئامادەیان بکات بۆ لەدایک بوونێکی دیکە.

دۆڵاو بە چەند میوە و بەرهەمی باخییەوە بەناوبانگە کە دەتوانین ئاماژە بکەینە میوەی گێڵاس کە لە ئاستی ئێراندا هەم لەباری کوالێتی و هەم لە باری جۆراوجۆییەوە لە پلەی یەکەمدایە. مەویژ و کشمیشی دۆڵاو ناوبانگی تایبەتی هەیە کە ئەویش بە هۆی باخی بەربڵاو و زۆری "ترێ" ەویە و هەر ساڵە لە رێوڕەسمێکدا بە ناوی " بووڵاو کردن" خەڵکی ئاواییەکە دەچنە گەلی یەکترەوە و چەندین تۆن ترێ دەکەنە مەویژ و کشمیش. لە میوەکانی دیکەی دۆڵاو کە لە ئاستی زۆردا بەرهەم دێت، بڵاڵووکە. میوەگەلێکی دیکە لە دۆڵاو دێتە بەرهەم گوێز، قۆخ، شڵانە، شەلیل، سێو، هەرمێ، تووە سوورە و سپی و... ە.

یەکێک تر لە هۆکارەکانی بەناوبانگ بوونەوەی گوندی دۆڵاو هەبوونی مەرقەدی شێخ هادی، شێخی گەورەی تەریقەی قادریە کە بە تەکیەی دۆڵاو بەناوبانگە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆری ئایینی وەردەگرێت. ئەو تەکیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٧٠ ساڵ لەمەوپێش، لە هەموو وەرزەکانی ساڵ، هەموو ڕۆژێک ئامادەی میوانداری لە میوانەکان لە سەرتاسەری ئێرانەوەیە و هەر کەس، هەر چەند ڕۆژ کە بیەوێت دەتوانێت لە ئەوێ بمێنێتەوە. بەڵام ئێستا بە هۆی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ میوانێک وەرناگرن. تەکیەی شێخ هادی لە سەرەتای گوندەکە و لە دۆڵێک کە هەر بە ناوی دۆڵی تەکیە بەناوبانگە، جێی گرتووە.

حەشیمەتی ئاوایی دۆڵاو ٧٢٠ کەسە و ١٩٤ بنەماڵەی تێدا نیشتەجێیە بەڵام بە هۆی سەخت بوونی ڕێگای گوندەکەوە ڕێژەی کۆچ کردن لە ئەو گوندە ڕوو لە زیادبوونە بە شێوەیەک کە ئێستا ٣٠٠ بنەماڵەی خەڵکی ئەو ئاواییە ئێستا لە شاری سنە ژیان دەبنە سەر.

فەرهەنگی خەڵکی ئاواییەکە هەر وەکوو شوێنکانی دیکەی کوردستانە. خەڵکی گوندەکە جلی کوردی لەبەر دەکەن و ئەوەی کە سەرەنج­ڕاکێشە ئەوەیە کە وەکوو فەرهەنگێک لە ناو گوندەکە بووەتە باو کە هیچ کەس جلێک جگە لە جلی کوردی لە ناو گەندەکە لەبەر نەکات و هەر کەسیش کە لە شارەوە دەڕواتەوە بۆ ناو ئاوایی چ ژن و چ پیاو هەر جلی کوردی لەبەر دەکەن، کە نیشاندەری پاراستنی فەرهەنگی خۆیانە. خەڵکی گوندی دۆڵاو بە زاراوەی هەورامی و بن زاراوەی جوان و دەوڵەمەندی ژاوەرۆیی دەئاخێڤن.

خۆراکە خۆماڵییەکانی گوندی دۆڵاو بریتین لە:دۆخوای کەشک، دۆخوای دۆ، دۆینە، هاڵاو،  نیسک و بڕوێش، یەکاوە، چێشتی ڕێواس.

دۆڵاوییەکان هەروەها نانی تایبەتیان هەیە کە بەناوبانگترین و بەچێژترینیان کولێرە مەژگەیە کە لە ئارد و گوێز و پیواز و نەعنا دروست دەبێت؛ کەلانە، شلکێنە و نانی هەورامیش لە جۆرەکانی دیکەی نانی ئەو خەڵکەیە.

جودا لە سروشتی جوان و سەرسەوز و جۆراوجۆر و باخی بەربڵاو و تەکیەی دۆڵاو و  فەرهەنگی تایبەتی ئەو گوندە، یەکێک تر شوێنە گەشتیارییەکانی دۆڵاو هەبوونی کێوی ئاوەڵان بە بەرزایی ٢٩٥٠ مەتر لەلای سەرووی گوندەکەیە کە ساڵانە لە وەرزی بەهار و پاییز گەشتیارێکی زۆر وەردەگرێت.

خەڵکی گوندی دۆڵاو ناوی تایبەتیان ناوەتە سەر هەر بەشێک لە گوندەکە کە دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر ، ناوچەی چنارێز (کە گەرمترین شوێنی دۆڵاوە و هەمیشە میوەکان لە ئەوێ خێراتر لە هەموو شوێنێک دێنە سەمەر)، هەروەها گەڵاڵە سوورێ، دەرەی نەزەر، باڵامبوو، نووم، بەرزیبان، گوڵچین و گۆزەڵاڵ (کە ساردترین شوێنی گوندەکەیە و هەمیشە درەنگرتر لە شوێنەکانی تر میوەکانی دێنە خواردن).

شیاوی باسە کە پیشەی خەڵکی دۆڵاو باخداری و هەنگداری و فرۆشی بەرهەمەکانی خۆیانە.

News Code 33721

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 5 =