بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ هەینی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد و تیایدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاوتوێکران.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند: فەرەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمڕوەوە پسپۆڕانی فەرەنسی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە بواری کشتوکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هەروەها بە ناوی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن، بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ سەردانی فەرەنسا لە دەرفەتێکی گونجاودا .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەرەنسا دەتوانێ رۆڵی ئەرێنی خۆی لە یەکنزیکردنەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور.
وتیشی: ئێمە داوای هیچ شتێکمان نەکردووە پێچەوانەی دەستوری عێراق بێت و هەر شتێکیش ڕەتدەکەینەوە کە کەمتر بێت لە مافە دەستورییەکانمان.
Your Comment