پلانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەدان بە کەرتی گەشتیاری لە گەڵ ئێران

وتەبێژی دەستەی گەشت وگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: وەک ڕێژەی گەشتیاری بیانی ، دەکرێت بڵێین گەشتیاری ئێرانی یەکەمن لە ڕووی ژمارەوە کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان.

نادر ڕۆستی لە دیمانەیەکی تایبەت لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر باسی لە پەیوەندی گەشتیاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و هەروەها کاریگەریی کۆرۆنا لە سەر کەرتی گەشتیاری هەرێم کرد.

ئەو لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانە کە ساڵانی لە ئێرانەوە سەردانی هەرێمی کوردستان یان بە پێچەوانەوە لە هەرێمەوە دەچنە ئێران وتی: تاکوو ئێستا ژمارەی ئەو گەشتیارانە نازانرێت کە ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. هەروەها هیچ ئامارێکیشیمان نییە کە چەند گەشتیار لە ئێرانەوە لە ساڵدا دێنە هەرێمی کوردستان.

نادر ڕۆستی زیادی کرد: هەشتاد لە سەدی گەشتیاری هەرێمی کوردستان ناوخۆین و لە پارێزگاکانی خواروو و ناوەندی عێراقەوە دێن و 20 لەسەد گەشتیاری بیانین؛ بەڵام وەک ڕێژەی گەشتیاری بیانی ، دەکرێت بڵێین گەشتیاری ئێرانی یەکەمن لە ڕووی ژمارەوە کە دێن بۆ هەرێم.  ئەویش زیاتر لەبەر کەشو هەوای خۆش و دیمەن و سروشتی کوردستان و هەرەوەها ئەمنیەت و ئاسایشی ئەم ناوچەیەوەیە کە سەرەنجی گەشتیارانی راکێشاوە.

وتیشی: بە هۆی نزیکی هەرێمی کوردستان و ئێران لەباری جوگرافیایی و سنووری ، فەرهەنگی و زمانی، ئایینی و کۆمەڵایەتیەوە رێژەی گەشتیاری ئێرانیمان زۆرتر لە وڵاتانی دیکەیە و ئەو گەشتیارە ئێرانیانەش کە دێن جۆراوجۆرن و هەر یەکەوە بۆ مەبەستێک دێت و گەشتیارەکان بەشێکیان بۆ بینین و سەیران لە سروشتی کوردستانی عێراق و سەردانی ناوچە شوێنەوارییەکان دێن، هەندێ کەس بۆ بازرگانی و ژمارەیەک بۆ سەردانی خزم و کەسوکاریان ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. و زیاتریش دەچنە سلێمانی و هەولێر.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زیاتر سەردانی کام شار و ناوچەی ئێران دەکەن، ئاماژەی دا کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زۆرتر لە وەرزی هاوین و بەهاردا دەچنە باکووری ئێران بۆ گەشتوگوزار و چێژ وەرگرتن لە سروشتی دڵرفێنی ئەو ناوچەیە و لە هەموو وەرزێکیشدا هەزاران گەشتیاری پزیشکی و دەرمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دێنە ئێران و سەردانی عەیادەی پزیشک لە تاران و نەخۆشخانەکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەکەن.

هەروەها سەبارەت بە ئاماری گەشتیار لە ساڵانی رابردوو و ئەمساڵ، ڕایگەیاند کە ساڵی 2018 زیاتر لە سێ میلیون گەشتیار هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ساڵی 2019 ئەم ڕێژەیە بۆ سێ میلیۆن و 700 هەزار کەس بەرز بوویەوە بەڵام لە کۆتایی 2019 و سەرەتای 2020 دا بە داخەوە بە هۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخرانی ڕێگاکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و تەنانەت ناوشاری نێوان پارێزگاییش لە عێراق و هەرێم، کەرتی گەشتیاری پەکی کەوتووە و ئەمەش بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان بوو. ناشزانرێت کە کەی کاریگەرییە سەلبییەکانی کۆرۆنا لە سەر جیهان تەواو دەبێت.

لەبارەی ڕێژەی داهاتی بواری گەشتیاری هەرێمی کوردستانەوە، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وتی: ئەوان ئاگاداری داهاتی بواری گەشتیاریی هەرێم نین و وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرەشتی ئەو کەرتەش دەکات و ئەمان تەنیا بودجەیەکیان بۆ تەرخان کراوە.

سەبارەت بە پلان و بەرنامەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەدان بە پەیوەندی گەشتیاری نێوان ئێران و هەرێم، نادر ڕۆستی ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پەرەدان بەو پەیوەندیانە و چەندین چاریش بە فەرمی سەردانی ئێران کراوە و بەشدار بووینە لە کۆبوونەوە و پیشانگاکانی پەیوەندیدار بە گەشتیاری لە تاران و گەشتی هاوبەشمان هەبووە چەندین جار و ئاساییە کە هەوڵ بدەین پەیوەندی بەهێز و تۆکمەمان لە گەڵ ئێران هەبێت.

News Code 32317

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 9 =