بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی ئیرادە و بڕیاری لای حکوومەتی هەرێم نەهێشتووە

کارناسێکی پرس و بابەتەکانی عێراق و ناوچەکە دەڵێت: بەرژەوەندی حیزب و کەسە سیاسییەکان وایکردووە ئیرادە و بڕیار لای حکومەتی هەرێم نەماوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەلایی: پشتیوانی بێ یەک و دووی بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی لە ڕاسپاردنی مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و ناوبردنی وەک کۆتایی هێنەر بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چاوەڕوانی لای ڕای گشتی هەرێم دروست کردووە.

 ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی کارناسان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەگەر کازمیش بێتە مەیدان بۆ چارسەریی کێشەکان بە تایبەتی نەوت و بودجە، بەرژەوەندی حزبی و کەسە سیاسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان رێگری لە هاتنەدی ڕێککەوتنێک دەکات کە قازانجی گەلی تێدا بێت.

 بۆ لێکدانەوەی هەندێ بابەتی ڕۆژەڤی ئێستای ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان هەواڵنێری هەواڵدەریی مێهر پەیوەندی بە عەبدولڕەزاق شەریف، کارناسی پرسە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەوە کرد.

لە خوارەوە پرسیارەکانی مێهر و وڵامەکانی عەبدوڵڕەزاق شەریف هاتووە ؛

سەبارەت بە دۆخی عێراق پێتان وایە مستەفا کازمی دەتوانێ سەرکەوێت لە پێکهێنانی کابینەی دەوڵەت و دواتریش گۆڕانکاریی لە دۆخی عێراق بکات ؟

کابینەی ئایندەی حکومەتی عێراق وەک ئەوانەی پێش خۆی بە  ناکامی لە دایک ئەبێ  و گەر سەقفێکی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دانەنێ. زەحمەتە بەردەوام ببێت.هیچ گۆڕانکارییەکی پێناکرێت و ئومێدی لەسەر هەڵناچنرێت جگە لە وەی گەر بتوانێ لە ماوەی 6 مانگدا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدات.

بە ڕای ئێوە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی کێشە نەوت و بودجە لە دەوڵەتی داهاتووی عێراقدا کۆتایی دێت و چارەسەر دەبێ؟

کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا  کێشە گەلێکی کەڵەکە بووە و  رەنگە بتوانن هەردوو حکومەت لێکتێگەیشتنێک دروست بکەن. بەڵام. چارەسەری کێشەکان لەم قۆناغەدا  ناکرێت.   من ڕام وایە کێشەی کورد لە عێراق  دا جیاوازی زۆرە لەگەل کێشەی  حکومەتی هەرێم لەگەل بەغدا.   کێشەی کورد  بە درێژایی مێژوی عێراق  . کێشەی خاک و سەروەت و شەراکەت بووە.  هیچ کام لەوانە و لە هیچ سەردەمێکدا. چارەسەر نەکراوە.  بۆ چارەسەری بنەڕەتی،  دەبێ کورد، ستراتێژی و خیتابی مانەوە و پێکەوەیی لەگەل عێراق دا بگۆڕێت.  بەجۆرێک  لای زۆرینەی ڕەوتەکانی مەقبووڵ بێت.  سەبارەت بە حکومەتی ئیستا و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. هەموو کات ئەتوانن  رێکبکەون بەڵام ڕێکەوتنی ئەوان بە مانای چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیە لە عێراق  دا. کێشەی نەوت و بودجە ئەوەی لە تەرەفی هەرێمی کوردستانەوەیە بەجۆرێک ئاڵۆز بووە و  کۆمپانیا بیانییەکان تێکەڵاوی بوون. بەرژەوەندی ئەوان و حیزب و کەسە سیاسییەکان وایکردووە  ئیرادە و بڕیار  لای حکومەتی هەرێم نەماوە  بۆیە هەتا ئەگەر کازمیش تەنازول لە هەندێ مافی دەستووی و یاسایی  سەبارەت بە کارەکانی رابردوو بکات، زەحمەتە بۆ ئایندە.  ئەم حکوومەتەی هەرێم بتوانێ پابەندی ئیلتیزاماتی دەستووری و یاسایی  ببێت. سەبارەت بە مەلەفی نەوت و پرۆسەی نەوت.

لە حاڵێکدا که هەندێ لایەنی دەستڕۆیشتووی عێراقی دەڵێن دەوڵەتی داهاتووی عێراق دەبێ یەکەم کاری دەرکردنی ئەمریکا بێت، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ئەو هەڵوێستەی لە سەر نەچوونە دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق هەیەتی پێتان وایە کێشە دروست دەبێت؟

دەنگەکان سەبارەت بە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە عێراق جیاوازن و هەندێ ڕەوتی و لایەنی عێراقی لە شیعەکان داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە خاکی عێراق دەکەن بەڵام دوو حیزبە گەورەکەی کوردستان و حیزبە شیعە حاکمەکانی عێراقیش لە بڕوای تەواوەوە  لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکادا نین و دەڵێن هێشتا وڵات پێویستی بە بوونی هێزە بیانییەکان هەیە بۆ خۆڕزگار کردن لە تیرۆریزم، تەنانەت ڕەنگە لەسەر ئاستی تاکە کەس  هەندێ هەڵوێستیان هەبێت بەڵام هەموو ئەو هەڵوێستانەش زیاتر  دەنگێکی ئیعلامین نەک کردە و کاری سیاسی و حەز بە مانەوەی ئەمریکا دەکەن. پێم وایە تا کۆدەنگی و ڕێککەوتنێکی ستراتێژی لە نێوان هەموو ڕەوت و لایەنەکانی عێراق نەبێت ئەم کێشە چارەسەر نابێت.

ئێران نیگەرانە لە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق لەبەر ئەو پیلانڕێژییەی ئەمریکا دژی ئێران دەیکات و بۆ هەموانێش ئاشکرایە، لە لایەکی دیکەشەوە هەولێر کە پەیوەندی باشی لە گەڵ تاران هەیە، پێگەی سەربازیان بۆ دەکاتەوە, چۆناوچۆن هەرێمی کوردستان ئەو هاوسەنگیەی بۆ دەپارێزرێت کە هەم لە ناوخۆی عێراق به لایەنگری هێزی داگیرکەر نەناسرێت و هەم پەیوەندی لە گەڵ ئێران نەشێوێت؟

من پێم وانیە بوونی هێزی ئەمریکا  بەو حەجمەی کە هەبووە و هەیە لە هەرێم  بۆ ئیران هێڵی سووڕ بێت.  ڕاستە نیگەرانن  و پێیان ناخۆشە  بەڵام  ئەو بوونە تازە نیە و  ئێرانیەکان لەگەلی ڕاهاتوون.  بەشێکی لە کەمتەرخەمی ئێران خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە  بۆ ئەوەی روونتر بێت مەبەستەکەم  نمونەیەک بلێم ؛  ئێمە هەزاران ساڵە دراوسێین، هەزاران پەیوەندی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینیمان پێکەوە هەیە ، بەڵام بەرپرسانی ئێران لەگەل گەلی کوردستان لە هەرێم راستەوخۆ تەعامول ناکەن و لەگەل ئەو حاکمانە تەعامول دەکەن کە زۆریان لای خەڵکی ئیمە بێزراون . یەک زانکۆ و مەدرەسەی بە زمان  فارسی  یان بە کەلچەر ئێرانی لە هەرێمدا نیە بەڵام بەرامبەری ئەمریکا لە هەزاران کیلۆمەتر دوورەوە سێ کیشوەری بڕیوە  دوو زانکۆی گەورە و دەیان مەدرەسە و دەیان پەیمانگای ئەمریکی لە هەرێمدا هەیە.   ئێران لە هاوسەنگی ئەو پەیوەندیانەی  حیزبەکانی هەرێم تێدەگات. بەڵام ئەمریکایە  کە تێناگات.  روونتر بڵێم لەسەر تەواجودی هێز یان پێگەی  ئێران و ئەمریکا لە خاکی هەرێمی کوردستان ئێرانیەکان باشتر لە ئەمریکییەکان تێگەیشتنیان هەیە. دواجار ئەمریکا  هەر دەڕوات و دەبێ بڕوات ، حاکمەکان دەڕۆن  و ئەوەی دەمێنێتەوە گەلی کوردستان و گەلانی ئێرانە. کە چارەنووسی پێکەوەییمان لە ناوچەوانمان نووسراوە.

ئێران ڕۆژی ڕابردوو یەکەم مانگیلەی سەربازی خۆی بە سەرکەوتوویی ناردە گەردوون بە بڕوای ئێوە ئەم دەستکەوتە گەورە سەربازیە چ کاریگەرییەکی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان دەبێت ؟

لە ڕاستیدا من شارەزای تەکنەلۆژیای سەربازی نیم.  بەڵام وەک سیاسییەک وڵامت بدەمەوە؛ بەکار هینان و تاقیکردنەوەی هێزی سەربازی  پەیوەندی بە کات و شوێنەوە هەیە. بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی رەنگە یەک فیشەک لە شوێنی خۆیدا و لە کاتی خۆیدا  سەر لەبەر هاوکێشەی سیاسی جیهان و ناوچەکەش بگۆڕێت. ئێستاش جیهان و ناوچەکە لە کاتێکی هەستیاری سیاسیدایە.  

News Code 32122

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha