بەڵێنی بە فەرمی کرانی سنووری سەیرانبەند هێشتا جێبەجێ نەکراوە

نزیکەی یەک دەیە لە بە فەرمی کرانی سەر کاغەزی سنووری سەیرانبەند بە مۆڵەتی ئەنجومەنی وەزیران تێدەپەڕێت، بەڵام ڕاپەڕاندنی پراتیگیی ئەم مۆڵەتە هێشتا ئەنجام نەدراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی پارێزگاکان: لە ساڵە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ و لە میانەی سەفەری ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی دەیەم بۆ پارێزگای کوردستان، سنووری سەیرانبەندی بانە وەک سنوورێکی فەرمی پەسند کرا و ڕاگەیێندرا کە هاوئاهەنگییە پێویستەکان لەوبارەیەوە ئەنجام دەدرێ و لە زووترین کاتی مومکیندا لایەنی عێراقیش لەبارەی ئەو سنوورە هەنگاوی هاوشێوە هەڵدەگرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پاش نزیکەی یەک دەیە لەو بڕیارە، نە تەنیا سنووری سەیرانبەندی بانە فەرمی نەکراوە و ڕەوتی گومرۆکیی جار بە جار دەگۆڕدرێت، بەڵکوو لایەنی ئێرانی و عێراقی دەیان جار لەوبارەیە دانیشتنیان پێکەوە بووە و بە ئەنجامی گونجاو نەگەیشتوون و لەمناوە بەرپرسان لە بری ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیان خەریکی دروشم دان و خۆهەڵکێشانن.

لە ئێستادا پارێزگای کوردستان خاوەن زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لە گەڵ هەرێمی کوردستانە و هەر بۆیە دەفرایەتییەکی زۆری هەیە لە بواری ئاڵوگۆڕی کاڵا و مامەڵە و بۆ وێنە بازاڕچەی باشماخی مەریوان لە پاش فەرمی کرانی لە ساڵی ٨٤ی هەتاوی تا ئێستا بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان لە لایەن بەرپرسانی هاوپەیوەند باڵاترین ئاستی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستانی تێدا ئەنجام دراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بازاڕچە سنوورییەکانی "سەیف"ی سەقز و "سەیرانبەندی"ی بانە وەک دوو رێڕەگەی گرینگی دیکەی پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان چارەنووسێکی دیکەیان بووە؛ بازاڕچەی سەیف کە ساڵەگارێکە داخراوە و سەیرانبەند لە نێوان سنووری بوون و بازاڕچەیی بووندا ماوەتەوە و هەر بۆیە سەرەڕای پەسند کرانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لایەنی عێراقی ئامادە نییە لەوبارەیەوە هاوکاری بکات و بۆ چەندین ساڵ دەچیت کە بەشێک لە دەفرایەتی و پوتانسیەلەکان لەو ناوچەدا بۆ ئاڵوگۆڕی و مامەڵەی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بێ بەهرە ماوەتەوە.

پارێزگاری کوردستان لە دەیەی ٩٠ی هەتاوی لە میانەی سەردانی بۆ پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دوو ساڵ دواتری (واتە ساڵی ٩٢ی هەتاوی/ ٢٠١٣ی زایینی) بۆ کردنەوەی سنووری سەیرانبەندی بانە ڕاگەیاند، بەڵام ئەو بەڵێنەش بێ ئەنجام مایەوە. هەروەها ڕاشد عەزیری فەرمانداری ئەو کاتی بانە بە ئاماژە بە چێ کرانی تەرمیناڵێکی کاتی بە ژێرخانی ٤٦٠ مەتری و بە تێچووی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی و پێشخستنی کاروباری فیبری تیشکی و کارەبا و چالاکیی کارگێرانی گۆمرۆکی لەو تەرمیناڵە وەک هەنگاوە سەرەتاییەکانی بە سنووری فەرمی کرانی سەیرانبەند، وتی: ناپێشوازی و دژایەتیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق سەرەکی‌ترین هۆکاری وەدی نەهاتن و بێ ئەنجام مانەوەی ئەو بڕیارەیە.

ناوبراو هەروەها لە بەڵێنیی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕازی کردنی دەوڵەتی ناوەندی عێراق و وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی بۆ کرانەوەی ئەو سنوورە هەواڵی دابوو.

بەهمەن مواردنیا پارێزگاری ئێستای کوردستانیش ٣ ساڵە هەمان بەڵێنی دووپات دەکاتەوە و تەنانەت ساڵی ڕابردوو لە میانەی سەفەری بۆ هەرێمی کوردستان مزگێنی دابوو کە لایەنی عێراقی لە داهاتوویەکی نزیک سنووری سەیرانبەند بە فەرمی دەناسێت و لە سەردانی بۆ شاری بانە ڕایگەیاندبوو کە چێ کردنی سوولەی هوماری کاڵا و حەوشەی بارگیریی بە تێچووی ٤٧ ملیارد ڕیاڵی لە پێناو ساماندان بە بازاڕچەی سنووری سەیرانبەندە کە بە زوویی دەکرێتەوە. بەڵام تا ئێستاشی لە سەر بێت ئەو بەڵێنەی مورادنیاش وەدی نەهاتووە.

مورادنیا لەو سەفەرەدا ڕاشیگەیاندبوو کە "وەزیری دەرەوە فەرمانی یەکلاکەرەوەی کردنەوەی بازاڕچەی سنووریی سەیرانبەندی داوە و هەنگاوە سەرەتاییەکانی جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە لە حەوتەی داهاتووەوە دەست پێدەکرێت"؛ حەوتەی داهاتوویەک کە ئێستا نزیکەی ساڵێکی لێ تێپەڕبووە، بەڵام هیچ کە جێبەجێ نەبووە، بەڵکوو لایەنی عێراقی پێداگرە لە بڕیاری بە فەرمی نەناسینی ئەو سنوورە و بازرگانانی بانەیی ناچارن ڕوو لە سنووری باشماخ بکەنەوە.

News Code 29467

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 2 =