پیلانی ئەمریکا بۆ گۆرینی ڕواڵەتی ستراتژیکی جیهان و ناوچە

یاریدەدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکان وتی: بە ئاوردانەوە لە گۆڕانکاریگەلی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکیی ناوچە و جیهان، پەی بە دابەزینی دەسەڵاتی ئەمریکا دەبین.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە سوپانیووز، سەرلەشکەر سەفەوی یاریدەدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پسپۆڕیی بواری یاریدەدەری و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکان، بە ئاماژە بە پێشینەی هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران، وتی: وانییە کە ڕژیمی دژە یاسا و ناپەیمانی ئەمریکا تەنیا دوژمنی ئێران بێت، بەڵکوو بە گوێرەی پێناسەی داگیرکاری و دەسەڵاتخوازی سیاسیی ئەمریکا هەر لە سەردەمی نیکسۆنەوە خوازیاری پەل داکوتانی سەربازی و سیاسی لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناڤین بە مەبەستی دزی و بە تاڵان بردنی سەرمایە و نەوتی ناوچە بووە و بەردەوام وەک بەرژەوەندی نیشتمانی لێی ڕوانیوە.

سەرلەشکەر سەفەوی وتیشی: ئەگەر تا دوێنێ ئەو کارەی بە دەمامکی ڕەنگینەوە ئەنجام دەدا، ئێستا لە گەڵ گۆڕانی هەلومەرجی نێودەوڵەتی و داڕمانی ڕواڵەتی ڕژیمی داگیرکاری و بەهێز بوونی ئێرانی ئیسلامی و بەرەی بەرخۆدان دەمامکی وەلاوە ناوە و بە ئاشکرا دانی بە تاڵانی نەوتی سووریادا دەنێت و ڕێوشوێن بۆ چین، ڕووسیا، ڤێنێزوئێلا، کۆریای باکوور و ئێران دیاری دەکات.

یاریدەدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکان لە درێژەدا ئاماژەی بە دابەزینی دەسەڵاتی ئەمریکا لە ماوەی ئەم چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند: بە ڕوانینێکی واقیع بینانە و بە ئاوردانەوە لە گۆڕانکاریگەلی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکیی ناوچە و جیهان، پەی بە دابەزینی دەسەڵاتی ئەمریکا دەبین. ئەمریکای ئێستا زۆر لاوازتر و بێ ئابرووترە لە چوار دەیەی ڕابردوو؛ هەڵبەت مومکینە ئەو دابەزینە پاش ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێی جیهانی لە گەڵ ئەمریکا زیاتر دەرکەوێت.

ناوبراو هەروەها باسی لە بەهێزتر بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر دابەزینی دەسەڵاتی ئەمریکی کرد و ڕاشیگەیاند: ئێران ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە تێکشکاندنی ئەمریکییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە ئەفغانستان و عێراق و مەیدانەکانی دیکە و پاڵپشتی سیاسی و ڕاوێژکاری سەربازیی ئێرانییەکان بووە هۆی تێکشکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی رۆژئاوایی و عەرەبیی لە سووریا و هەروەها تێکشکانی تیرۆریستانی تەکفیری لە حەلەب و مووسڵ.

سەرلەشکەر سەفەوی لە کۆتاییشدا بە ئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ڕواڵەتی ستراتژیکی جیهان و ناوچە، جەختی کرد: ئەمریکا توانای ئەو کارەی لە بەرژەوەندیی خۆیدا نییە و هەموو گۆڕانکارییەکانی چین، ڕوسیا و هیند بە زیانی ئەمریکا دەبێت.

News Code 29178

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =