بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە سانا، نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کرد کە هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا پێشێل کردنی ئاشکرای جارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێککەوتنەکانی ئاستانە و ئەنجامی کۆنفڕانسی سووچییە.
جەعفەری لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند کە دەستدرێژیی تورکیا بۆتە هۆی داگیرکرانی بەشێک لە سەرزەوینی سووریا و کوژران و برینداربوونی سەدان کەس لە هاووڵاتیان و هەڵاتن و ئاوارەبوونی هەزاران کەس و زیان گەیشتن بە ژێرخانەکان و لەوان قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، وزەخانەگەلی کارەبا، بەنداوەکان و هتد.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە پاگەندەی تورکیا بۆ پاساو دەستدرێژیی بۆ سەر خاکی سووریا نیشاندەری دۆخی شیزۆفێرنیی ئەو ڕژیمەیە و ڕاشیگەیاند: سووریا بە توندی ئەو دەستدرێژییە ئیدانە دەکات و هەوڵی ئەردۆغان بۆ پاساوی هەڵمەتی دەستدرێژانەی بە هەر بیانوویەک ڕەت دەکاتەوە.
وتیشی: تورکیا دەیان هەزار تیرۆریستی بیانی هێناوەتە ناو خاکی سووریا و پڕ چەکی کردوون و نەوت و ئاسەوارە کۆنینەکان و گەنم و کارخانەکانی سووریا بە تاڵان دەبات.
Your Comment