بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کەناڵی هەواڵی "المیادین"، بە ئاماژە بە پەیوەندیی برایانە، تۆکمە و ستراتژیکی تاران لەگەڵ لوبنان و عێراق، ڕایگەیاند: لە بەغدا ڕێککەوتنامەی ئەمنیمان واژۆ کرد کە تەوەری سەرەکیی هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، سەقامگیریی و ئەمنییەتی دوو وڵاتە و ئەوە ڕوانگەی گشتیی ئێمە بە واقیعی هاوکارییە ناوچەییەکانە.
ناوبراو سەبارەت بە لوبنان، ڕاشیگەیاند: لە لوبنان بە هۆی پەیوەندیی تۆکمە و ڕووداوە نوێیەکان، پێویستە کە ڕاوێژگەلێکمان هەبێت و هەندێک ڕوونکردنەوەی ئاراستە بکەین.
لاریجانی سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا، ئەو ئەگەرەی ڕەتنەکردەوە و گرێیدایەوە بە هەڵسوکەوتی ئێستاکەی دیمەشق و وتیشی: دۆخی ئێستاکەی سووریا ئاڵۆزە و چوارچێوەیەکی ڕوونی تێدا بەدی ناکرێت؛ ئیسرائیل دەستێوەردانێکی زۆر لەو وڵاتەدا دەکات و دەبێ چاوەروان بین بزانین لە داهاتوودا چۆن دەبێت.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کاردانەوە بە پیلانەکانی واشنتۆن لە ناوچەدا، جەختی کرد: تووڕەبوونی ئەمریکاییەکان بە هۆی شێوە ڕوانینیان بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەیە و ترامپ دەیەوێ لە ڕێگەی دەسەڵات و هێزەوە بە ئاشتی بگات، لە کاتێکدا ڕوانگەی ئێمە جیاوازە.
زیادیشی کرد: ئەمریکاییەکان دەبێ یەکلا ببنەوە لە هەڵوێستی خۆیان. کاتێک هاوکات باسی شەڕ و دانوستان دەکەن، واتە تێنەگەیشتوون شەڕ بێ سوودە. دیارە تا کاتێک تیۆری واشنتۆن ئاشتی لە ڕێگەی هێزە، ئەنجامێک بەدەست ناهێنن، مەگین ئەوەی کە وڵاتان وەک سووریا خۆیان تەسلیم بکەن، کە ئێران هیچکات لە شەڕدا تەسلیم نابێت.
لاریجانی جەختیشی کرد: ئەمریکاییەکان ناتوانن پەیوەندی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دابخەن. ئێمە هەر ئێستا پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ عەرەبستان و میسر هەیە. ئەگەرچی لە زۆر ئاستدا هاوڕا نین، بەڵام دەتوانین پەیوەندییەکانمان لەوەش قووڵتر و تۆکمەتر بکەین.
ناوبراو سەبارەت بە شەڕە 12 ڕۆژە، ڕوونی کردەوە: نتانیاهۆ شەڕی دەستپێکرد و خۆی خوازیاری وەستاندنی بوو. لە هەر حاڵدا ئێمە بەردەوام ئامادەی وەڵامی بەهێز و لێبڕوانە بە هەر هێرشێکی ڕژیمی زایۆنین.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەبارەت بە هوشیاری ڕێبەری ئێران لە تێکدانی پیلانی ئیسرائیل-ئەمریکا، ڕایگەیاند: ڕێبەری مەزنی ئێران هەر ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە کە تێیدا چەندین فەرماندەی باڵای ئێرانی تیرۆر کران، خێرا کەسانی تری لە جێگەیان دانا و وەک فەرماندەیەکی لێهاتووی هێزی چەکداری لە ژووری ئۆپەراسیۆن جووڵانەوە و لە زۆر بواردا ڕاوێژیان دەدا و ڕێنوێنێیان دەکرد.
Your Comment