بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "رای الیوم"، چاودێری مافی مرۆڤ لە سووریا ئەوڕۆ (سێ شەممە) ڕایگەیاند کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ناوچەی سەرێ کانی پەلاماری قورس و کوشەندەیان کردە سەر سوپای تورکیا و ملیشیاکانی سەر بە ئەنقەرە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناوەندی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا لەوباریەوە ڕایگەیاند: هێزەکانی هەسەدە شەوی ڕابردوو لە سەرێ کانی پەلامارێکی قورس و کوشەندەیان کردە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و ملیشیاکانی سەر بەو وڵاتە و توانیویانە گوندی تەلحەلەف لە بندەستی داگیرکەران وەرگرنەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادنەکان لە هاوێری سریکانی و چەقبەستنی ملیشیاکانی تورکیا لەو شەڕەدا، ڕاشیگەیاند: هۆکاری خۆڕاگریی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە سریکانی دەگەڕێتەوە بۆ ژێرخانە قایم و تونێلەکانی ئەوان لەو ناوچەیە و هەروەها گەیشتنی شەڕڤان و هێزی یارمەتی بەوان.
ناوەندی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا هەروەها لە کوژرانی ٧٠ خەڵکی سڤیل و ١٣٥ هێزی هەسەدە و لە بەرامبەردا کوژرانی ١٢٠ هێزی ملیشیای سەر بە ئەنقەرە لە دەسپێکی ئەم شەڕە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارشەممەی ڕابردووەوە هەواڵی دا. لەمناوە تورکیا کوژرانی ٤ هێزی سەربازی خۆی لەو شەڕەدا پشتڕاست کردۆتەوە.
ئەو ناوەندە هەروەها ئاماژەی بە پێکدادانی پەرتەوازەی نێوان هیزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەجی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ملیشیاکانی سەر بە ئەنقەرە لە مەنبەج و هاوێری باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب کردووە.
Your Comment