بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمای، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی، رۆژی ڕابردوو (چوارشەممە) لە پەیوەندی تەلەفونی لە گەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەورووپادا یەکلایی بێتەوە، ئێران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنە بەرجامییەکانی و کۆبوونەوەی ئێران و پێنج کۆ یەکیش تەنیا کاتێک مومکینە کە بایکۆتەکان ھەڵگیرێن.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام وەک ڕێککەوتنێکی چەندتوێژی نێونەتەوەیی، جەختی کرد: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ھەلومەرج بو دۆخی گەمارۆدا، لە ڕوانگەی دەوڵەت و مەجلیس و گەلی ئێران ھیچ ماناو واتایەکی نییە.
سەرۆک کۆمار لە درێژەدا وێڕای نرخاندنی ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، تیشکی خستە سەر ھەنگاوی سێھەمی ئێران لە ئاراستەی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی و وتی: ھەنگاوی سێھەم لە ژێر چاودێریی ناوەندی نێودەوڵەتیی وزەی ناڤۆکیدا بەڕێوە دەچێت و بەو پێیە ئیمکانی گەڕانەوەی بۆ هەیە.
ناوبراو ھەروەھا تۆکمە کردنی ڕێککەوتنی بەرجام و دابین کرانی ئاسایشی ڕێگائاوییەکانی جیھان و لەوان کەنداوی فارس و دەریای عومانی وەک دوو ئامانجی گەورەی ئێران لێکدایەوە و ئەو دوو هەنگاوەی بە سوودی جیھان و لەوان یەکێتی ئەورووپا و تەنانەت ئەمریکاش زانی.
ڕۆحانی بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە ڕێککەوتنی بەرجام دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ھەموو لایەک ھەتا لە ئابووریی ڕوو لە گەشەی ئێراندا بەشدار بن و سەرمایە بنێنەوە، وتیشی: یەکێتی ئەورووپا و بە تایبەت فەڕەنسا پێویستە ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕة لە پێناو پاراستنی بەرجام.
لە درێژەی ئەو پەیوەندییەدا، سەرۆک کۆماری فەڕەنساش وێڕای ڕوون کردنەوەی ھەنگاو و دانوستانگەلی چڕوپڕی وڵاتەکەی لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە پاکێجی پێشنیارکراوی ڕێککەوتنەکان، وتی: فەڕەنسا لە سەر ھەوڵەکانی بۆ ڕاپەڕاندنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی بەرجام و گەیشتن بە لێک تێگەیشتنێکی یەکجاری بەردەوام دەبێت.
ماکرۆن ھەروەھا ھەوڵ و پلانەکانی داھاتووی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی دانوستان و تێگەیشتنی یەکجاریی شی کردەوە و وەک سەرۆک کۆماری ئێران خوازیاری درێژەدان بە گفتوگۆکان بوو.
بۆچوونی ئێوە