بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەردار عەلی ئازادی لە ڕیوڕەسمی بەرزڕاگرتنی رۆژی هەواڵنێر، ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە تا کۆتایی مانگی پووشپەڕ ٦١٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەریی جۆراوجۆر دۆزراوەتەوە و دەستی بە سەردا گیراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی لە سەدا ٧٩ی کێشی مادە دەستبەسەردا گیراوە و لە سەدا ١٠ی دەستگیرکراوەکان لەو پەیوەندییە بە نیسبەتی ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، ڕاشیگەیاند: بەوەشەوە بە بەراوەرد لە گەڵ ئاستی جەماوەریی وڵات، کوردستان لە بابەتی تاوانی مادەی هۆشبەری لە پلەی ٢٧ی وڵاتە و لەو ڕووەوە پێگەیەکی گونجاوتری لە چاو پارێزگاکانی دیکەی هەیە.
سەردار ئازادی لە درێژەدا ڕێژەی بەرزبوونەوەی تاوانەکانی ماڵی و ئابووری بە تایبەت لە فەزای مەجازیدا لە سەدا ٣٠٠ ڕاگەیاند و وتی: لە بەرامبەردا لە پرسی دۆزینەوە و پێزانین و دەست بە سەرداگرتنی ئەو تاوانانە کۆمەڵەی ئینتزامی پارێزگا لە سەدا ٢٥٠ هەنگاوەکانی بەرزتر و تۆکمەتر کردووە.
فەرماندەی هێزی ئینتزامی کوردستان ئاماژەی بە دابەزینی لە سەدا ١١ی تاوانی کوشتن لە پارێزگادا لە ماوەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی کرد و وتی: بە خۆشحاڵی و لە سای هەوڵی شەورۆژیی هەوڵ و هەواڵگریی هێزەکانی ئینتزامی لە ساڵی ٩٤ەوە تا ئێستا هیچ دۆسیەیەکی کوشتن بێ ئەنجام نەماوەتەوە و لە تەواو دۆسیەکاندا هۆکاران، بکوژان و تێوەگلاوان دەستگیر کراون.
ناوبراو هەرواەها سەبارەت بە دەستگیرکرانی دەستڕێژکەری بەنداوی وەحدەتی سنە ڕوونی کردەوە: پاش ئاگادار کرانی پۆلیس، هێزی ئینتزامی ڕەوانەی شوێنەکە کرا. بەڵام کەسی دەستڕێژکار لە شوێنەکە هەڵاتبوو و چەکێکی ڕاوی لە خۆی بە جێ هێشتبوو. پاش پێوشوێن گرتنەکانی پۆلیس ئەو کەسە دۆزرایەوە و ڕادەستی دادگە کرا.
سەردار ئازادی لە کۆتاییدا ڕێژەی تاوانی بە نیسبەت شارەکانی پارێزگای کوردستانی بە گوێرەی خوارەوە ڕاگەیاند: لە کۆی تاوانەکان لە سەدا ٣٤ی لە شاری سنە، لە سەدا ١٥ی لە قوروە، لە سەدا ١٠ی لە بانە، لە سەدا ٨ی لە سەقز و بیجار، لە سەدا ٧ی لە مەریوان، لە سەدا ٦ی لە کامیاران و دیواندەرە، لە سەدا سێ لە دێولان و لە سەدا ٢ی لە سەوڵاوا ئەنجام دراوە.
Your Comment