بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواكی مێهر، مهسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی، جەخت لە چارەسەریی ئاشتیانەی کێشەی کەرکووک دەکات و دەڵێت : دەبێت كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی.
بارزانی بە ئاماژە بەوەی کە كێشەی كەركووك تەنیا گرفتی سیاسی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسی نێوان چەند لایەن نییە رایگەیاند: لە ڕاستیدا كێشەی كەركووك بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەورەیە.
جەختیش دەکات : " بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركووكدا هاتووە و لەبەر پێویستی ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك و هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت."
ئەوەشی وتووە کە : ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە كە بە سوودوەرگرتن لەو كەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركووكیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركووك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركووك هەیە ناكرێ بەردەوام بێت."
مەسعوود بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە : "ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە كە هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانی بوونی ناسنامەی كەركووك ناكەین و دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژین."
Your Comment