دکتۆر سەید غەریب سەجادی، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی شۆرای شاری سنە لە کۆمیسیۆنی فەرهەنگی، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری مێهر باسی لە گرینگی و زەروورەتی بەرێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە کوردستان کرد و ئاماژەی دایە جیاوازیەکانی ئەم کۆنگرە لەگەڵ کۆنگرەکانی دیکەی هاوشێوەیدا.
سەجادی وتی: ئەم کۆنگرە بەم شێوە یەکەم جارە بەرێوەدەچێت و جیاوازی هەیە لەگەڵ کۆنگرە پێشووترەکاندا کە لە کوردستان بەڕێوەبراوە، لەم کۆنگرەیەدا دوو خاڵی گرینگ هەیە کە جەخت کراوەتەسەر ڕێزگرتن لەو ناودارانەی کە بۆ خۆیان کوردن و لەسەر پرسەکانی کوردستانیش قسەیان کردووە و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبی و ئابووری تایبەتن و بەشی دووەمیشی ڕێزگرتنە لە خزمەتەکانی ئەو ناودارانەی کە خۆیان کورد نین بەڵام نیگەرانی توێژینەوەیی و لێکۆڵینەوەییان پرسەکانی تایبەت بە کوردە.
وتیشی: خاڵی وەرچەرخانی دیکە لە کارەکانی ئەم کۆنگرە رێزگرتن لەو ناودارانەیە کە ئێستا خۆیان لە ژیاندان و ئەمەش کارێکی بەنرخ و جوانە . چونکوو بلیمەتان و ناوداران هەموو کات ئەو گازندەیان هەیە کە کۆمەڵگا و خەڵک کەم ڕێز لە ماندوو بوون و تێکۆشانی ئەوان دەگرن، ئەم کۆنگرە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی فەرهەنگی شۆراسی شاری سنە لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئەو کۆنگرە چ کاریەگەرییەکی لەسەر گەشەی فەرهەنگی کوردستان دەبێ ڕایگەیاند: بێ گومان ڕێزگرتن لە بلیمەتان و ناودارانی هەر گەلێک لە دوو بواری جیادا دەتوانێ کاریگەریی ئیجابی بکاتە سەر کۆمەڵگا. بۆ وێنە سەرەتا کاریگەریی ئەرێنی دەکاتە سەر خودی ئەو بلیمەتانە، چونکوو کاتێ دەبینن کە خەڵک و بەرپرسان و هاووڵاتیانیان ڕێز لە ماندوو بوون و هەوڵ و تێکۆشانیان دەگرن و پێزانیان هەیە بۆ کار و بەرهەمەکانیان زیاتر هاندەدرێن کە کاری باشتر بکەن و ناوی گەلەکەیان بەرز بکەنەوە .
ڕاشیگەیاند: کاریگەرییەکی دیکەشی ئەوەیە کە خەڵکی کۆمەڵگا و بە تایبەتی گەنجان لەگەڵ ناودارانی گەورەی کورد کە وەک خەزێنە پڕبایەخ و بەهاداری نەتەوەی خۆیانن زیاتر ئاشنا دەبن و فەخریان پێوە بکەن و هەروەها هان دەدرێن بۆ ئەوەی درێژپێدەری ڕێگای ئەم بلیمەتە ناودارانە بن.
لە باری کاریگەری کۆمەڵایەتیشەوە وتی: ئەم کۆنگرە دەتوانێ شاری سنە و پارێزگای کوردستان بکاتە خاڵی جێگای سەرەنج و ئاوڕدانەوەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هەروەها کوردەکانی وڵاتانی دیکە و گۆشەیەکی بچووک لە ناسنامە و شوناسی کورد دەربخات .
سەجادی زیادی کرد: بێ گومان هاتوچووی میوانی دەرەکی و بیانی بۆ ناو کوردستان و بۆ بەشداریی لەم کۆنگرە دەتوانێت دەرفەتی ئەوە مسۆگەر بکات کە پتانسیلەکانی کوردستانی ئێران لە بواری فەرهەنگی ،کۆمەڵایەتی، گەشتیاری و ئابوورییە بناسرێت بە کوردەکانی هەموو جیهان و نەتەوەکانی تریش.
ئەوەشی وت کە ئەم کۆنگرە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەدانەری ئابووری و فەرهەنگی زۆر بەسوودە چونکوو سەرمایەدانەر بە دوای شوێنێکی ئارام و ئەمندا دەگەڕێت کە کەڵک لە دەفرایەتییەکانی وەرگرێت ، کەواتە خودی ئەم کۆنگرە نێودەوڵەتییە هەم ئەمن و ئارام بوونی کوردستان نیشان دەدات ، هەم دەفرایەتی و پتانسیلەکانی لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانی و گەشتیاری بە جیهان دەناسێنێت.کەواتە دەبێ بەرپرسان کەڵکی باش و تەکنیکی لەم دەرفەتی کە ڕەخساوە وەرگرن.
شایانی باسه که یهکهمین کۆنگرهی نێونهتهوهیی ناودارانی کورد ڕۆژانی ۱۱ و ۱۲ و ۱۳ی پووشپهڕی ئهمساڵ به میوانداری شاری سنه بهڕێوه دهچێت.
http://kurdish-elites-congress.ir/?lang=ku
بۆچوونی ئێوە