کتێبخانەی کورد بە فولکلۆری کوردی دەڕازێتەوە/ ئەتڵەسی زمانی کوردی بەڕێوەیە

"فولکلۆری کوردی یەکێکە لە گرینگترین و تایبەت ترین فولکلۆرەکانی جیهان کە میراتێکی زۆر گەورەی لێ بەجێماوە و دەبێ پێش فەوتانی ئەرشیڤ بکرێت. "

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: توێژینگەی کوردستان ناسی زانکۆ کوردستان کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاری زۆری لە بواری فەرهەنگ و زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا کردووە، بیر لە ستراتێژیەکی تایبەت و ئاسۆیەکی ڕوون دەکاتەوە بۆ گەشەکردنێکی بەرفراونتری زانستیانە.

دوکتۆر بێهرووز چەمەن ئارا، بەرپرسی توێژینگەی کوردستان ناسی زانکۆ کوردستان لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری مێهر باس لە کارو چاکاییەکانی ئەو ناوەندە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و پلان و بەرنامەڕێژییەکانیان بۆ داهاتوو، دەکات.

چەمەن ئارا دەڵێت: بۆ ئەوەی  توێژینگەی کوردستان ناسی بگاتە مەبەست و ئامانجەکانی، هەوڵی داوە  روانینەکانی بەرەو زیاتر زانستی بوونی توێژینەوە و بەرهەمەکان بگۆڕێت و لەم پێناوەشدا کاری جدی تر دەکات.

دەقی دیمانەکەی مێهر لەگەڵ دوکتۆر بێهرووز چەمەن ئارا:

ماوەیەکە توێژینگەی کوردستان ناسی زۆر ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە، وەرزنامەکان بەردەوام چاپ دەبن، چەندین سمیناری زانستی بە ئامادە بوونی میوانی بیانی بەڕێوەبراوە.  کۆڕی ڕەخنەی کتێب بەڕێوەدەچێت و ... ئەم ڕەوت گۆڕینە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟  

کوردستان ناسی بەرهەمی هەوڵ و ماندوو بوونی زۆر کەسە و ناتوانین لەبارەی زەمەنی و کاتیەوە، بەرهەمەکانی بچووک بکەینەوە بۆ ئەو سەردەمی کە لە منەوە دەستپێدەکات. بەڵکوو کەسانێکی زۆر بەم توێژینگەوە ماندوو بوونە و کاری زۆریان لەباری مافەوانی، زانستی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە کردووە. ئەوان توێژینگەیان گەیاندووەتە ئەو ئاستەی کە لە ناوچەدا شوێن پەنجەی دیار بێت. ڕەنگە جیاوازی تیمی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی پێشتر ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆ بوو، چۆنیەتی چاولێکردن لە ڕەوتی چالاکییەکان بێت.

لە سەر پلانەکانتان بۆ داهاتووی کوردستان ناسی قسە بکەن؟

 من پێش لەوەی کە لە توێژینگەی کوردستان ناسی بەرپرسیارێتی فەرمی وەرگرم بەرنامەیەکم پێشنیار کردبوو لە ۲۵ لاپەڕەدا کە بە گشتی ڕوونی دەکردەوە کە تاکتیک، تکنیک و ستراتێژی ئێمە چییە. بە گشتی ستراتێژی ئێمە ئەوەیە کە توێژینگەی کوردستان ناسی وەک ئێنیستیتۆیەکی زانستی و پسپۆری لە کوردستانی ئێران بتوانێت خۆی دەربخات و ڕۆڵی تایبەتی خۆی بگێرێت و بتوانێ ئاکادمیای کوردی بەڕێوەبەرایەتی بکات. خۆی لە دڵی خۆیدا بڕشتی ببێت. بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرانبەر دنیای ئەورووپی و ئەمریکی و ئاکادمیای زاڵ لە ڕۆژاوادا خۆی بنوێنێت. بۆ ئێمە ئەوە یەکێکە لە ستراتێژییە هەرە هەرە گرینگەکانی کوردستان ناسی. بەڵام بەداخەوە پێم وایە ئێمە هێشتا دەرک و تێگەیشتنێکی ئابجێکتیڤمان لێ هەیە. واتا هێشتا لە دڵی خۆماندا و لە خودی کوردستان و لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە گشتی هێشتا بڕوامان بە خۆمان نییە. هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستان ناسی ئەو بڕشتە و متمانە وەدەست بێنێت لە ناو دڵی خۆیدا بۆ ئەوەی دواتر بگاتە ئەو ئاستە کە ناودەربکات لە جیهاندا.

تیمی ئێوە دەیەوێت کوردستان ناسی بەرەو چ ئاسۆیەک بڕوات؟

ئێمە دەمانەوێت کوردستان ناسی ببێتە براندێک و ئاکادمیای ناوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵاتیش ئێمە ببینن و ڕکابەری ناوەندە نەتەوەیی و جیهانییەکان بکەین و کوردستان ناسی بتوانێت خۆی نیشان بدات و دیسان لەباری زانستییەوە جێگای متمانە بێت. بەرهەمەکانی بە زمانە جیاوازەکان لە جیهاندا بڵاوبێتەوە و بێ گومان کوردستان ناسی ئەو دەفرایەتییەی هەیە ببێتە مەڵبەندی لێکۆڵەران، بیرمەندان و توێژەران و هەر کەس لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە پرسیاری سەبارەت بە کورد و کوردستان هەیە لەم ناوەندە وڵامی زانستی خۆی وەربگرێتەوە.

من پێم وایە جیاوازی ئێمە لەگەڵ دۆستانمان ئەوەیە کە دەبێ ڕەهەندەکانمان بگۆڕێن و دۆستان پێشتر کارە بنەماییەکانیان کردووە ئەوان لە سەرەتاوە هەوڵیان دا ئەم ناوەندە دامەزرێنن، دواتر بیریان لەوە کردەوە کە چۆن گەرەنتی بکەن بمێنتەوە پاشان کتێب و سەرچاوەکانیان بۆ دابین کرد و زۆریش پێوە ماندوو بوون. ئاساییە ئێستا ئێمە لە قۆناغێکی دیکەی ئەم پرۆسەداین و دەبێ گرینگی بە کوالێتی کارەکان بدەین، ئیدی ئێمە ئەو کێشە سەرەتاییانەمان لەبەردەمدا نییە. مانگی گوڵان ئێمە چوار سمیناری زۆر جیدی و  گەورەی زانستی و پڕۆفشناڵمان لەسەر توێژینەوە کوردییەکان لە ژێر ناوی "مێژوو، تیۆری و پراکتیس '' بەڕێوەبرد کە تێیدا چەندین بابەتی بنەمایی لەوانە، مێژوو، کلتوور و زمانی ناوچەی زاگرۆس، خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

تۆمار کردنی ئەتڵەسی زوانی کوردی پڕۆژەیەکی توێژینگەی کوردستان ناسیە. لەبارەی تایبەتمەندی و پێویستی و چیەتی ئەتڵەسی زمانی کوردیەوە  قسە بکەن. ئێستا کارەکانی ئەو پڕۆژە بە کوێ گەیشتووە؟ چی بۆ کراوە؟

لە دنیادا وڵاتە پێشکەوتووەکان خەریکن بۆ هەموو چەمک و بەشەکانی کۆمەڵگاکەیان ئەتڵەس تۆمار دەکەن، بۆ وێنە، ئەتڵەسی کۆمەڵ ناسی، مرۆڤ ناسی، ئەتڵەسی زمانی، ئەتڵەسی ئاو، خاک، باڵندە، هەموو بەشەکان ئەتڵەسیان هەیە، ئێستا لە ئێران ئەم کارە بە تازەیی دەستیپێکردووە. لە کوردستان ئێمە تێگەیشتنێکی دروست و وردمان لە دۆخی زمانی و بڵاوەیی ئاخێوەرانی هەر کام لە زارەوەکانی زمانی کوردی نییە. بۆیە کوردستان ناسی دەستی داوەتە تۆماری ئەتڵەسی زمانی کوردی.

پڕۆژەکەی ئێمە لەبارەی هەموو جوگرافیای ناوچە کوردنشینەکانەوە نیە و تەنیا لە بارەی دۆخی ئاخێوەرانی زاراوە کوردییەکانی سەرانسەری پارێزگای کوردستانە.زمان ناسانی زانکۆ کوردستان بە هاوڕێی لێژنەیەکی دیکە خەریکی توێژینەوە لەسەر ئاخێوەرانی زاراوەکانی زمانی کوردین. پڕۆژەکە پێش لە بەرپرسیارێتی من لە کوردستان ناسی دەستیپێکردووە و بەرپرسەکەی دوکتۆر "یادگار کەریمی"یە. لەبەر ئەوەی کە ئێمە تێگەیشتنێکی ڕاست و وردترمان لە سەر دۆخی زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران ببێت، ئەم ئەتڵەسە زۆر پڕۆژەیەکی گرینگ و زەروورییە. زۆربەی پرسیارەکان سەبارەت بە زمانی کوردی وڵام دەداتەوە و لەباری زمانیەوە ئەتڵەسێکی ورد و رودبینە کە هیوادارین لە ماوەی ساڵی داهاتوودا ئەم پڕۆژە تەواو بێت.

 بە ڕای ئێوە لە کتێبخانەی کوردیدا جێگای چەندین بەرگ کتێبی فولکلۆری کوردی چۆڵ نییە؟

فولکلۆری کوردی یەکێکە لە گرینگترین و تایبەت ترین فولکلۆرەکانی جیهان کە میراتێکی زۆر گەورەی لێبەجماوە کە دەبێ پێش فەوتانی ئەرشیڤ بکرێت. دەبێ لە زمانی پڕۆفسۆر ئوردیش مارتسۆڵف، بەرپرسی سەندیکای فولکلۆر ناسەکانی جیهان و بەڕێوەبەری پڕۆژەی زانستنامەی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی جیهانە و ماوەیەک لەمەوپێش لە ئەڵمانیاوە هاتە سنە و سەردانی زانکۆ کوردستانی کرد، ئەمە بڵێم؛ "کوردستان ئێستا خەریکی گەورەترین پڕۆژەی کۆکردنەوەی فولکلۆری ئێرانە". بەڵێ وایە بە ڕاستی جێگای چەند بەرگ فۆلکلۆری کوردی لە کتێبخانەی کورد دا چۆڵ بوو هەر بۆیە دەستمان داوەتە ئەم کارە و سەرەتا لە پارێزگای کوردستانەوە دەستپێدەکەین، ئێستا بەشی فولکلۆری مەریوان تەواو بوو، سەوڵاوا و هەورامان خەریکە دەنووسرێت، سنە و دێولان و بان لەیلاخ و ئەو ناوچانەش هەر بەو چەشنە. دەتوانم بڵێم یەکێک لە گرینگترین و تایبەت ترین پڕۆژەکانی کوردستان ناسی هەر ئەم چەند بەرگ فولکلۆرەیە. ئەم توێژینەوە بەرفراوانانە شرۆڤە دەکرێن و دوایی بە پۆلێن بەندییەکی پسپۆڕانە، کتێبخانەی کوردی پێدەڕازێنرێتەوە. دەتوانم بڵێم لە ئێستادا کوردستان ناسی جگە لە پڕۆژەی کۆڵبەری کە پڕۆژەیەکی سەنگینە و هەروەها پڕۆژەی ئیش و کاری گوندی، لە بەشی هزریدا پڕۆژەی فۆلکلۆری کوردی گرینگترین پلانە بەدستمانەوە. هەر وەک چۆن فەرهەنگی وشەنامەی کوردی بووە سەرچاوەیەکی جێگەی بڕوا و خەڵک کەڵکیان لێگرت. بێ گومان ئەم زانستنامەی فولکلۆریشە بۆ خۆی دەبێتە جێگای بایەخ و خوێندکاران و نووسەران و خەڵکی هۆگری فەرهەنگ و داب و نەریت و فولکلۆری کوردیش کەڵکی لێوەر دەگرن.

 هەرێمی کوردستانی عێراق وەک شوێنێک کە پێش ئێمە ئەزموونی خوێندن و نووسینی و توێژینەوە و ئەرشیڤی بابەتەکان بە زمانی کوردی بە شێوەی ئاکادمیک هەبووە، دەتوانێ یاریدەر بێت لە باشتر بەرەوپێش چوونی کارەکانی توێژینگەی کوردستان ناسی، هاوکاریتان لەگەڵ ناوەندە فەرهەنگی و زانستییەکانی هەرێم چۆناو چۆنە؟

ئێمە گرینگی تایبەت بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردە بە زمانی کوردی و نووسین و ئەرشیڤی مێژوو و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردەی دەدەین.  هەوڵمان ئەوەیە ئەزموونی ئەوان بەکاربێنین لە هەموو ئەو بوارانەی ئەوان پێش ئێمە دەستیان بۆ بردبێت، نامانەوێت خۆمان سەر لەنوێ ڕێگاکان بپێوینەوە و درێژەپێدەری ئەزموون و هەوڵ و ماندووبوونی ئەوان دەبین.

تا ئێستا چ پلان و بەرنامەیەکی هاوبەشتان لەگەڵ ناوەندە فەرهەنگییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە؟

یەکێک لە تاکتیکەکانی کوردستان ناسی پەیوەندی گرتنی راستەوخۆ لەگەڵ بنکە و ناوەندەکانی مەعریفەت ناسی، کتێبخانەکان، مووزەخانە و ئەرشیڤ خانەکانی هەرێمی کوردستانە و لەم پێناوەدا چەند مانگ لەمەوپێش گرێبەستێکمان لەگەڵ بنکەی ژین کە یەکێکە لە هەرە گرینگترین بنکەکانی کوردستان بۆ دەستنووس و بەڵگەنامە و بەڵگە خەتیەکان، واژۆ کردووە بە مەبەستی خزمەتی بەرفراوانتر و زانستیانە تر.

هەروەها توێژینگەی کوردستان ناسی لە بەشی مۆسیقا، نەقڵ و حەکایەت، پیشە دەستییەکان و میراتی فەرهەنگی و... و. لەگەڵ ئەنیستییتۆی کەلپووری کوردی بە بەڕێوەبەرایەتی مامۆستا مەزهەر خالقی گرێبەستێکی هاوکاری واژۆ کردووە کە لە داهاتوودا زیاتر بەرهەمی ئەو پەیوەندییە دەر دەکەوێت. لەگەڵ ئاکادمیای کوردی هەولێر قسەمان کردووە و گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێکی باش کە دواتر بە شێوەی فەرمی پەیمانێکی هاوکاری واژۆ دەکەین و بڕگەکانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا دەکەین.

کێشە و گرفتەکانی ناوەندی کوردستان ناسی چین کە زیاتر تەگەرە دەخاتە بەردەم بەرەوپێش چوونی کارەکانتان؟

گەورەترین کێشەی ئێمە ڕەنگە پرسی ئیرادە بێت، بە گومانی من ئیرادە نیشاندەری ڕێژەی سەرکەوتوویی ئێمەیە لە هەموو کارێکدا. پێم وایە تا ئێستاکە ئەوپەڕی ئیرادەی خۆمان نەخستووەتە گەر بۆ خزمەت. دواتر کێشەی ئابووری و کێشەی زانستی کە بە داخەوە ئەمری واقعن، کوردستانناسی ڕیزی بودجەی هەیە بەڵام ئەوەندە نییە کە لەم دۆخە ئابوورییەدا ویست و پلانەکانی ئێمەی پێ جێبەجێ بکرێت. تێچووی کوردستانناسی زۆر زیاتر لە بودجەکەیەتی. ئەمە لە حاڵێکدایە کە دڵسۆزانی فەرهەنگ و داب و نەریت و زمانی کوردی چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە یارمەتیان بدرێت بۆ ڕاپەڕاندنی پڕۆژەکانیان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانیان بەڵام بە داخەوە بودجەمان زۆر کەمە و بەشی هیچ ناکات.

کێشەی دیکەشمان زۆرە بەڵام یەکێک لە گرینگەکانی، پرسی چەند ڕەهەندی و تێگەیشتن لە مەسەلەی کوردی، زمان و سوناسی کوردیە. بە داخەوە لەبەر ئەوەی ئێمە تەنیا ئەنیستیتۆی توێژینەوەی کوردین و تەنیا شوێنێکین کە بە فەرمی لە زانکۆکان کاری کوردی دەکەین بە لێشاوی کار و پڕۆژە و بابەتی هاوپەیوەند بە کورد لە هەموو ئێران و تەنانەت درەوەی وڵاتیش روومان لێدەکات بەڵام بە داخەوە دەفرایەتیمان زۆر سنووردارە و بەرگەی ئەم هەموو کارە ناگرین.

دەبێ ئاماژە بە خاڵێکی گرینگیش بکەم؛ ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆ کوردستان یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران پەیڕەو دەکات و نابێتە دارەدەستی هیچ جۆرە فکر و هزرێکی سیاسی و نازانستیانە و تەنیا کاری زانستی و فەرهەنگی بە شێوەیەکی ئاکادمیک دەکات، بێ گومان هەوڵی ئێمە ئەوەیە بۆ هەموو پرسێک وڵامی ئاکادمیانەمان ببێت و خۆمان بە دوور دەگرین لە هەرچەشنە پەراوێزێک کە کاریگەری بکاتە سەر ئامانجە ستراتێژیەکانمان.

لەبارەی یەکەم کۆنگرەی ناودارانی کورد کە بڕیارە مانگی پووشپەڕ لە سنە بەڕێوە بچێت، بۆچوونی خۆتان بڵێن. لیژنە زانستیەکەی ئەو تواناییەی هەیە کە کارێکی وا گەورە بکات؟

هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لێژنەکان جیاکراوەتەوە. لێژنەی جێبەجێ کار  پشکی دامودەزگا دەوڵەتییەکانە و بەشی زانستیەکەی بە زانکۆی کوردستان و توێژینگەی کوردستان ناسی سپێردراوە. مامۆستایان بەئەزموون و خاوەن بەهرەی زانکۆ کوردستان لە زۆربەی بەشەکان نوێنەریان لەو لێژنەیەدا هەیە و هەر کامەشیان بۆخۆیان سەرپەرەستی لیژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕین.

هەموو چین و توێژە ناودارەکانی تێدایە؟ پێگەی ژنانی ناوداری کورد لەم کۆنگرەیەدا چۆن لەبەرچاو گیراوە؟

کورد کەسایەتی ناوداری گەورەی زۆر زۆر بەڵام ناکرێت ناوی هەموویان لە یەک کۆنگرەدا ببرێت و باس لە ژیان و کاریگەریەکانیان لە سەر کۆمەڵگا و بەرهەم  و ئاسەوارەکانیان بکرێت، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان داوە بەشێکی بەرفراوان لە چینەکانی کۆمەڵگا لە ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا بەربژێر بکەین و ناومان هێناوە و ئەوانەی کە لە فیلتەر و پێوەرەکان وەک " ناوبەدرە بوونی جیهانی، کاریگەریی دانانی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگا و جیهان، مایەی فەخر بوون، ناوداربوونی چەندی خایاندووە؟ ڕێباز، هزر و ڕەوشتی وەکوو مەکتەبێک ماوەتەوە یان نا؟......." پەڕینەوە لیست کران.

کێشەتان بۆ هەڵبژاردنی ناوداران بوو؟ لێژنەی زانستی سەربەخۆ کاری کردووە؟

قسە و باس زۆر کراوە و لێکدانەوەمان زانستیانە و ورد بووە ۲۰ تا ۳۰ کەس وەکوو بەربژێر بەناوی "ناوداری کورد و دۆستی کورد لە لایەن لێژنەی زانستیەوە پیشنیار دراوە. بەڵام هەندێ بابەت بۆ وێنە پەیوەندی نێودەوڵەتی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە و بڕێ پرسی دیکەش بووە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک هەڵبژاردنەکانمان سنووردار بێتەوە.دەبێ پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لەبەرچاو بگرین.

لەو لیستەش کە ناویان دەرچوو بۆ ئەوەی  ڕێزیان لێ بگیردرێت وەکوو ناوداری کورد یان دۆستی کورد (کوردناس)، ژمارەیەکیان رایانگەیاند کە ناتوانن سەردانی سنە بکەن، بۆیە کەسانی دیکە لە جێگایان دادەنین.

چوارچێوەکە زۆر شەفاف بووە و ڕەوتی دیاری کردنی بەربژارەکانیش هەر بەو شێوە، هیچ زەختێک لە لایەن بەرپرسانەوە لە لیژنەی زانستی نەکراوە بۆ ئەوەی ناوی کەسێک بێتە لیستی ناوداران، هەموو دۆستانیش چ ئەوانەی لە لیژنەی زانستیدان و چ ئەوانەی ئەندامی جێبەجکارن، زۆر ماندوو بوون و بە دڵسۆزی و باوەشێکی گەرم و کراوە خەریکی کارن و لە ئامادەکاری داین بۆ ڕۆژانی ۱۱ و ۱۲ی پووشپەڕ تاکوو کۆنگرەیەکی زۆر زانستیانە و لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەببەین.

News Code 26808

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 1 =