هەڵەی ستراتیژیکی کورد لە هەڵبژاردنی تورکیا/ کەس گرینگی بە پەیامەکەی ئۆجالان نادات

محەمەد عەلی دەستماڵی، توێژەر و شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێیوایە کە پەکەکە و ڕێکخراوەکانی سەر بەو حزبە لە تورکیا، بەردەوام لە بڕیاردان و هەنگاو هەڵگرتنەکانیاندا هەڵە دەکەن. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئاک پارتیش پلانێکی ڕوونی بۆ ئاوڕدانەوە لە داخوازییەکانی کوردەکان نییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: بە دەستپێکرنی وەرزی بەهار، شەڕی نێوان لقی سەربازی پەکەکە و هێزەکانی سوپای تورکیا زیاتر بووەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا راگەیاندنی بڕیارێک بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئەستەنبۆڵ و بڕیاردان سەبارەت بە دووپات بوونەوەی هەڵبژاردن لەم گەورەشارە، کوردەکانی پێوەگلاوە. کە چەند میلیۆن دەنگیان هەیە. بۆ شرۆڤەی باشتری پرسەکە گفتگۆمان لەگەڵ محەمەد عەلی دەستماڵی کارناسی پرسەکانی تورکیا کردووە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە، پاش ماوەیەک توانی پەیامێکی سیاسی بڵاو بکاتەوە. ئیوە پەیامەکەی ئۆجالان چۆن دەبینن؟ بە بڕاوی ئێوە دەتوانێ نیشانەی دەستپێکردنی خولی نوێی دانوستانی ئاشتی دەوڵەتی ئەردۆغان و کوردە ئۆپۆزسیۆنەکان بێت؟

بە بڕوای من زۆر دژوارە ئەمە دەستپێکی خولێکی نوێی دانوستانی ئاشتی نێوان تورکیا  وپەکەکە بێت کە لە درێژەی قسەکانیشدا باسی هۆکارەکانی ئەم بابەتە دەکەین، بەڵام ئەم پەیامەی ئۆجالان خاڵی زۆر گرینگی تێدا بوو. بە بڕوای من گرینگترین و زەقترین خاڵ لە پەیامەکانی ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە ئەمە بوو کە داوای لە ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە کرد لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا لە هەموو بڕیار دانێکدا  هەستیارییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرن. ئەم داخوازیەی ئۆجەلان ، پەیامێکی ئیجابی بۆ ئەنقەرەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پرسی کوردی لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی فورات تا ڕادەیەک ئاسان تر بێت.

دووەمین پەیامی گرینگ ئەمە بوو کە داوای لە زیندانییەکان کرد کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بێنن. بەڵام دەبینین کە کەس گوێ بە داخوازییەکانی ئۆجەلان نادات و مانگرتن هێشتا بەردەوامە. لە سووریاشدا هیچ کاردانەوەیەکی سەلبی و ئیجابی لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان نابینرێت. بە واتایەکی ڕوون ئێمە سەرپێچی و سەرکێشی ئاشکرا لە فەرمانەکانی ئۆجەلان دەبینین.

هەڵبەت ساڵی ۲۰۱۳ ش کارێکی وا ڕوویدا. لەو کاتەدا، ئۆجەلان داوای لە لقی سەربازی پەکەکە کردبوو کە تورکیا چۆڵ بکەن و کۆتایی بە شەڕی چەکداری بێنن. بەڵام شتێکی وا نەهاتە دی و لە قۆناغەکانی دواتریشدا رەوتی دانوستانی ئاشتی وەستا و شەڕ دەستیپێکردەوە.

 سەرەکی ترین هۆکاری ئەم سەرکێشیە لە چیدا دەبینن؟

لایەنگریی چەپ بە تایبەتی چەپی تورکی لە باڵاترین پێگەکانی بڕیاردانی پەکەکە و لە سەرجەم رێکخراوەکانی سەر بەم حزبە بە گشتی، زۆر بەهێز بووەتەوە و ئەم باڵە لە هەڵسوکەوتی سیاسی و نەریتی بڕیاردانی سیاسی خۆیدا هەمیشە خوازیاری لەنج و ڕقەبەری بووە. یەکێک لە هەڵسوکەوتە نەریتی و باوەکانی چەپی تورک لە تورکیا، لەنج و پێداگری لەسەر بڕیارە کۆنەکانە و ئەم نەریتە ، کاریگەریی لەسەر پەکەکەش داناوە.

هەر ئەمڕۆ دەبینن کە سزای تەملی ڕێبەری پارتی دیمۆکراتیکی گەلان کە پاش زیندانی کرانی سەلاحەدین دەمیرتاش بووە هاوسەرۆکی ئەم حزبە، تورکێکی چەپ گەرایە و نەک هەر کوردیش نییە و زمانی کوردی نازانێت، بەڵکوو بچووکترین هەڤگری لەگەڵ ئارمانج کوردییەکان نییە و بێ گومان ئەم پرسە لە بڕیاردانەکانی ئەم حزبە گرینگە ، ڕۆڵی جیدی هەیە و بە بڕوای من یەکێک لە هۆکارەکانی شکستەکانی ئەم دواییەی هەدەپە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیاش هەر ئەم بابەتەیە.

لایەنگری زیاد لە ڕادە بە چەپ و دوور بوونەوە لە داخوازییە کوردییەکان، بووە هۆی ئەوەی ژمارەی شارەوانییەکانی هەدەپە لە ۱۰۳ شارەوانی لە ساڵی ۲۰۱۴ بۆ ۷۰ شارەوانی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییە دابەزێت و شارە گرینگەکانی وەک ئاگری، بەتلیس و شڕناخ بکەوێتە دەست کوردەکانی لایەنگری ئەردۆغان.

لە لایەکی دیکەوە متمانە نەکردن بە دەوڵەتی تورکیا وەهمی ئاشکرایە. ڕاستی ئەوەیە کە لە زۆربەی قۆناغ و وێستگە مێژوویی هەستیارەکاندا، دەوڵەتی ئەردۆغانیش لە بەرانبەر کوردە بەرهەڵستکارەکاندا، بە کات کوشتن هەوڵی داوە کە سەرقاڵیان بکات و بە شێوەی جیدی و ڕوون لەسەر مێزی دانوستان دانەنیشتووە. بە واتایەکی تر پەکەکە و ڕێکخراوە دەستوپەیوەندەکانی لە تورکیا  بەردەوام لە بڕیاردان و هەنگاو هەڵگرتن دا تووشی هەڵە بوونە. بەڵام ڕاستی ئەمەیە کە پارتی داد و گەشەپێدانیش پلانی روونی بۆ ئاوڕدانەوە و لەبەرجاوگرتنی داخوازییەکانی کوردەکان نییە.

بە ڕای ئێوە هاوپەیمانی رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە لەگەڵ بەرهەڵستکارانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی تورکیا، بڕیارێکی هەڵە بوو؟

ئەزانی چی! پارتی دیمۆکراتیکی گەلان وەک سەرەکی ترین ڕێکخراوەی سەر بە پەکەکە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی شارەکانی وەک ئەنقەرە، ئەستەنبۆڵ و ئادانا بەربژاری نەبوو و پشتیوانی لە بەربژارەکانی جەهەپە کرد و بەستێنی بۆ دۆڕاندنی کاندیدەکانی ئیتیلافی ئەردۆغان و باغچلی ڕەخساند و بەربژاری کەمالیستەکان سەرکەوتن.  پرسیاری من ئەمەیە: کوردەکان لەم کارەدا چییان وەدەست هێنا ؟ تۆ بڵێی پارتی کۆماری گەل وەک گرینگترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر بیرو بڕوای کەمالیستی و لاییستی دامەزراوە، گرینگی بە داخوازییەکانی کوردەکان دەدات؟ بێ گومان نا. لە ڕاستیدا لەم کارەدا کوردەکان تەنیا توانییان ئەردۆغان و باخچەلی دنە بدەن و تووڕەیان بکەن و نیشانی بدەن کە نایانەوێت تورکیا بەرەو ئاسایش و سەقامگیری زیاتر بروات و ئەوان لەگەڵ دەوڵەتی بەهێز دانوستان بکەن.

بە ڕای من  ئەم بڕیارەی کوردەکان هەڵەیەکی ستراتێژیک بوو کە  هەڵبەت بڕیارێکی وا لە ئەنقەرە، ئەستەنبۆڵ و ئامەد دا ناگیردرێت و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەکەکە لە چیای قەندیل وا بڕیارێک دەدات. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دووبارە بوونەوەی هەڵبژاردنی ئەستەنبۆڵ، بینیمان کە دوو سەرکردەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەکەکە بە ڕاشکاوانە پشتیوانیان لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ کرد و داوایان لە کوردەکان کرد کە تەنیا دەنگ بەم بەربژارە بدەن. من وا بیر دەکەمەوە لەنج کردن، سووربوون و رقەبەری لەم بابەتەدا تەنیا لە زیانی کوردەکانە و تەنانەت ئەگەر یەک جار ئەردۆغان شکست بێنێت، پارتی دادو گەشە لە دۆخێکدا نییە کە دەسەڵاتی لە دەستەوە بێت. ئێمە چوار ساڵی دیکە هیچ هەڵبژاردنێکمان لە تورکیا نییە و کوردەکان بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیی و هێنانەدی ئامانجەکانیان ناچارن لەگەڵ ئەم دەوڵەتە دانوستان بکەن.

کەواتە بریاری لەم چەشنە هەڵە، تەنیا زەبر لە کوردەکان دەدات. ئەم شرۆڤەیەی من  بە مانای پەسەندکردنی سەرجەم بڕیار و کارەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان و ڕێبازی سیاسی ئەو لە بەرانبەر کوردەکان نییە. ڕاستی ئەوەیە کە پارتی داوگەشە لەم سالانەی ڕابردوودا و بە تایبەت پاش ساڵی ۲۰۱۴ی زایینی، لە بەرانبەر پرسی کوردەکان لە تورکیا ڕاستیبێژانە نەجووڵایەوە و ئەردۆغانیش دەستی کردە ڕقەبەری و لەنج کردن و دەبێ هەر دوولایەن ببینرێت.

کۆی ئەم بارودۆخە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی ئەستەنبۆڵ دەبێت؟

 دەوترێت لە گەورە شاری ئەستەنبۆڵدا یەک تا یەک نیو میلیۆن کورد هەیە کە دەتوانن دەنگ بدەن. هەڵبەت هەموویان لایەنگری پەکەکە و هەدەپە نین. بەشێکی زۆریان لە کوردە موحافەزەکارەکان و ئیسلام خوازەکانن کە لە مێژە لایەنگری پارتی داد و گەشەن. یەکێک لە شرۆڤەکانی ئاک پارتی ئەمەیە کە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییە، کوردە موحافەزەکارەکان لە پارتی دەسەڵاتدار تۆران و رەنگە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانیشی ئەوە بێت کە ئەردۆغان بەرانبەر کوردی سووریا  قسەی نەشیاو و توندڕەوانەی کرد. من پێم وایە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەرکردەکانی پارتی داد وگەشە نەتوانن متمانەی کوردە موحافەزەکارەکان وەدەست بێنن و ئەوان بهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ڕەنگە دووبارە شکست.

لە ئەستەنبۆڵ جیاوازی دەنگی نێوان ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ و بێن عەلی یێلدرم کەمتر لە 50 هەزار دەنگە. کەواتە کوردەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن ڕۆڵی زۆر گرینگیان ببێت. ئەگەر لانی کەم 200 تا 500 هەزار کوردی موحافەزە کاری ئەستەنبۆڵ بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئاک پارتی  بێ گومان سەرکەوتوو دەبێت. بەلام ئەگەر کوردەکان یەکڕیز بن و هەر پشتیوانی لە بەرهەڵستکارانی ئەردۆغان بکەن و کوردە موحافەزە کارەکانیش بەردەوام بن لە قار و دوور بگرن، ئەوە پارتی ئۆپۆزسیۆن سەردەکەوێت.

News Code 26520

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 8 =