هۆکارەکانی بڕیاری ترامپ بۆ  کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا

ئەمریکا لە ناکاودا بڕیاری دا کە هێزەکانی لە خاکی سووریا بباتە دەرێ و ئەمڕۆ خشتەیەکی زەمانیی بۆ ئەو کارە بڵاو کردەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فەرزاد فەرهادی: رۆژی چوارشەممە لە پڕدا ئەمریکا لە بڕیاری بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا هەواڵی دا و ئەم کارە گۆرانکارییەکی لە ناکاوە لە ستراتژیی ئەمریکا و کۆتاییەکە بۆ گریمانەی مانەوەی درێژخایەنی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا کە جەیمز ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا و بەرپرسانی ئەمریکی پاڵپشتیان لێ دەکرد.

بڕیاری ترامپ و دیاری کرانی خشتەی زەمانی

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە پەیامێکی تویتەریدا سەبارەت بە دەرچوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا نووسی: ئێمە داعش‌مان لە سووریا شکست داوە، ئەوە تاقە هۆکاری ئامادەبوونی هێزەکانمان لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی من لەو وڵاتەدا بوو.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاماژە بەوەی کە هەموو پێرسونێلی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تا ٢٤ کاتژمێری دیکە لە سووریا دەچنە دەرێ، وتی: تەواو تەواو هێزەکانی ئەمریکاش لە ماوەی ٦٠ تا ١٠٠ رۆژی داهاتوو خاکی سووریا بە جێ دێڵن.

سارا سەندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا، ئیدعای کرد: سەرکەوتنەکان بە سەر داعشدا بە واتای کۆتایی هاوپەیمانی لەو شەڕەدا نییە.

وتەبێژی کۆشکی سپی وتیشی: هاوکات لە گەڵ قۆناغێکی نوێ لەو شەڕە، ئێمە گەڕانەوەی سەربازانی ئەمریکیمان لە سووریاوە دەست پێکردووە.

کاردانەوەکان بە بڕیاری ترامپ؛ لە تووڕەیی هەسەدە تا خۆشحاڵیی دیمەشق

"گاوین ویلیامسۆن" وەزیری بەرگریی بەریتانیا دوای پشت‌ڕاست کرانەوەی هەواڵەکان لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە لایەن کۆشکی سپی‌یەوە، وتی: بە تەواوی دژی بڕیاری ترامپ سەبارەت بە شکستی داعش لە سووریام.

هەروەها قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کاردانەوە بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ترامپ دەڵێت کە ئێمە داعش‌مان لە سووریا شکست داوە و ئەوە تاقە هۆکاری ئامادەبوونی هیزەکانی ئێمە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەو لە سووریا بووە. مەگەر داعش لە عێراق شکستی نەهێناوە، ئەی بۆ هێزەکانت لە عێراق نابەیە دەرێ؟ ڕەنگە هۆکارێکی دیکە بۆ مانەوەی هێزەکانت لە عێراقدا لە ئارایە؟

"لیندسی گراهام" نوێنەری کۆماریخوازی سنای ئەمریکا لە کاردانەوە بە بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بردنەوە دەری هیزەکانی لە سووریا، وتی: دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا بە واتای سەرکەوتنی گەورەی ئێران و بەشار ئەسەد (سەرۆک کۆماری سووریا)یە.

ئەو سناتۆرە کۆماریخوازە وتیشی: ترامپ وەک ئۆباما لە بابەتی سووریاوە تووشی هەڵەیەکی گەورە هات.

هێزەکانی سووریا دیموکراتیک لە کاردانەوە بەو بڕیارەی ترامپ و دەەولەتی ئەمریکا، چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریایان بە خەنجەرێک لە پشت و خەیانەت بە خۆیان زانی. بەڵام لە بەرامبەردا دیمەشق پێشوازیی زۆری کرد لەو بڕیارە و سەرچاوەیەکی سووری لەو باریەوە ڕایگەیاند: ئێمە پێشوازی دەکەن لە بڕیاری چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکی و لە هەمان کاتدا بە گومان و دڕدونگییەوە دەڕوانینە هۆکارەکانی گرتنەبەری ئەو بڕیارە و شێوەکانی جێبەجێ کردنی.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: سووریا بەردەوام خوازیاری دەرچوونی هیزە ناشەرعییەکانی ئەمریکا لە خاکی ولاتەکەی بووە. واباشە کە تەواو هێزەکان لە رۆژهەڵاتی فورات و بنکەی تەنەف بچنە دەرێ. دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی، دەرچوونی هێزە دەرەکییەکان لە حەسەکە، ڕەقە و دیرەزوری بە دواوە دەبێ.

شرۆڤەی هۆکارەکانی بڕیاری ترامپ بۆ بردنەدەرەوەی هێزەکانی لە سووریا

بە هەر حاڵ بڕیاری چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا لە لایەن ترامپەوە لە کاتێکدا دەدرێت کە بەردەوام هەواڵی دژ بە یەک و دژواز لەوبارەیەوە بڵاو دەبۆوە و سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەوەی گرێ دەداوە بە پاڵپشتیی وڵاتانی بەستێنی کەنداوی فارس.

بڕیاری ئەمریکا بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا دەکرێت لە گۆشەنیگا و ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە لێک بدرێتەوە. هێزەکانی سووریا بە بێ ویستی دیمەشق هەنگاویان نابووە سووریا و وەک هێزیكی داگیرکەر بوون کە دەوڵەتی سووریا بەردەوام خوازیاری دەرچوونی ئەو هێزانە و هێزی دیکە بوو کە بە بێ مۆڵەتی دەوڵەتی ناوەندی لە سووریان. لەو ڕووەوە بڕیاری ترامپ دەتوانێ وەک جۆرێک سەرکەوتن بۆ دیمەشق وێنا بکرێت.

هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و کوردەکان کە دڵیان بە ئەمریکاوە خۆش کردبوو، دەبێ لەوە تێبگەن کە ئەمریکا هەمدیسان نامتمانەیی بوونی خۆی پێ سەلماندن و ئەوان بەردەوام هاوپەیمانانی خۆیان بە تەنیا دێڵنەوە و کاردانەوەی کوردەکانی پاڵپشت‌کراوی ئەمریکا کە دەرچوونی هیزەکانی ئەو وڵاتە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە خەنجەرێک لە پشت و خەیانەت وەسف کردووە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.

لە لایەکی دیکەوە دەبێ بزانین کە لە نێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا چ مامەڵەیەک کراوە کە پاش ئەوەی ئەردۆغان لە ئۆپەراسیۆنی بەمزووانەی تورکیا لە رۆژهەلاتی فورات هەواڵی دا و باسی لە بەرەوڕوو نەبوونەوە لە گەڵ هێزەکانی ئەمریکیی ناو سووریا کردبوو، ترامپ بڕیارێکی لەو چەشنەی دەرکرد. ئەوە لە خۆیدا شرۆڤەگەلێکی زۆر دەورووژێنیت. بۆ وێنە هاوکاتی ئەو قسانە هەواڵی واژۆ کرانی گرێبەستی کڕینی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی لە لایەن تورکیاوە بڵاو بۆوە و بە پێی ناسیاوییەک کە لە ترامپ و ئارەزووی بۆ پارە و گرێبەستی بە سوودی سەربازی هەیە، دەکرێت تا قووڵایی باسەکە بخوێنینەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە موجتەهێد لە کاربەرانی ناسراوە و ئاشکراکەری نهێنییە دەروونییەکانی سعوودی لە شرۆڤەی ئەو ڕووداوە، دەپرسێت کە ئایا دەرچوونی سەربازیی ئەمریکی لە سووریا دەرەوەستی بە دوورخستنەوەی ئەو سەربازانە لە کرانە ئامانج لە لایەن هێزەکانی ئێرانییەوە هەیە؟

ناوبراو ئیدعا دەکات کە بڕیاری دەرچوونی ئەو هێزانە لە ڕاستیدا بە ئامانجی ئامادە بوون بۆ ململانێ لە گەڵ ئێران و خۆدەربازکردن لە قەیرانی ناوخۆی ئەمریکا و هەروەها دەربازکردنی محەمەد بێن سەلمان جێنشینی سعوودی، گیراوەتە بەر.

موجتەهێد پەیوەندییەکانی نێوان "جراد کۆشنێر"ی زاوای ترامپ و بێن سەلمان بێر دەهێنتەوە و دەڵێت: ئەوە پەیوەندیانە پشت‌ڕاست کەرەوەی سناریۆی ململانێ و هێرشی ترامپ بۆ سەر ئێرانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ژانڤیە و سەرەتای فڤرییە ڕوو دەدات.

بە پێی بۆچوونی موجتەهێد، ڕاپۆرتی مولێر لە کۆتایی نزیکە و وادیارە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بە زیانی ترامپە و ترامپ دڵنیایە کە لە ئەنجامی ئەو ڕاپۆرتە لە سەر کار لادەبرێت و وەک خەیانەتکارێک دادگایی دەکرێت. ئەو شرۆڤەکارە لای وایە کە ترامپ بۆیە بڕیاری گەمارۆدانی ئێران و پاشان بێبەری بوون و ئاوارتەکردنی بۆ چەند وڵات لەو گەمارۆیە دەرکرد، هەتا بڵێت ئێران بە گەمارۆکان تەمێ نەبووە و دەبێ هێرشی بکرێتە سەر.  

مەجتەهێد لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە پرسی پەیوەندی ماڵیی ترامپ لە گەڵ بێن سەلمان-یش پاش ئەوەی کۆنگریسی کەوتە بندەستی دیموکراتەکان، لە ئارادایە و مەترسیی ئەو بابەتە لە توێژینەوەکانی مولێر کەمتر نییە و لەمناوە هێرش بۆ سەر ئێران ئاڵقەی دەرباز بوونە.

بەڵام سەرەڕای تەواو ئەو بۆچوونانە، بڕیاری ترامپ لە پێناو بردنە دەرەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا هەرچی بێت، بێ گومان دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ سووریا و هاوپەیمانانی و لە هەمان کاتدا مایەی سەرسووڕمان و ڕاچڵەکانی هاوپەیمانانی واشنتۆنە.

News Code 23772

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 4 =