بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر ، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ژەنەراڵ عاسیم مونیر، سەرۆکی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ پەیامێکی نوێی لە لایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بە ئێران نەگەیاندووە و سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ تاران لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئیسلام ئاباد بۆ پێشگرتن لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ئەنجام دراوە.
تاهیر ئەندرابی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوە ڕایگەیاند کە ژەنەڕاڵ مونیر لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا پەیامێکی بە بەرپرسانی ئێران گەیاندووە: ئەم قسانە درۆیە و سەردانەکەی سەرۆکی سوپای پاکستان لە چوارچێوەی ڕۆڵی ئیسلام ئاباد لە نێوەندگیریدا کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دانوستانانەی کە ئەنجامدراون بەشێک بوون لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ یارمەتیدانی کۆتاییهێنان بە ململانێکان و دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هەروەها تیشکیان خستۆتە سەر کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە.
ئەندەرەبی جەختی لەوە کردەوە کە ئیسلام ئاباد بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەردەوام دەبێت لە نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران و پشتیوانی لە هەموو هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەری دادپەروەرانە بۆ ململانێکان دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان هەروەها ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان پاکستان و ئێران بەردەوامە و ئیسلام ئاباد ناچار نییە بە جێبەجێکردنی گەمارۆ تاک لایەنەکان بۆ سەر تاران.
Your Comment