کۆڕی لێکدانه‌وه‌ی وەرگێڕانی هەرا و تووڕەیی ویلام فاکنەر  بەڕێوە چوو

لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی شاری سنە و بەشداری لاینگرانی ئەدەبیاتی کوردی کۆڕی لێکدانەوەی وەرگێڕانی ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی لە  نووسینی ویلام فاکنەر، بە وەرگێڕانی محەمەد ڕەمەزانی بەڕێوە چوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ئێوارەی پێنج شەمە، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی شاری سنە و بەشداری لاینگرانی ئەدەبیاتی کوردی کۆڕی لێکدانەوەی وەرگێڕانی ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی لە  نووسینی ویلام فاکنەر، بە وەرگێڕانی محەمەد ڕەمەزانی بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ئەم کۆڕە، محەمەد ڕەمەزانی وەرگێڕی ڕۆمانەکه‌ بە گرتەی ڤیدیۆیی بەشداری کۆڕەکەی کرد و دوای سپاس و ڕێزی بەشدار بووانی کۆڕەکە، وتی: من کاتێک دەستم دایە وەرگێڕانی ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی کە تەواو دڵنیا بووم دەتوانم ئەم کارە بکەم و زمانی کوردیش هەڵگری وەها ڕۆمانێکی قورس‌ و ئاڵۆز هەیە. بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە زمانی کوردی هیچی لە زمانەکانی دیکە و زمانە ئەورووپاییەکان کەمتر نییە و بە پێچوانە لاشم وایە کە بۆ کاری ئەدەبی و هونەری لە باڵاترین ئاستی زمای دایە.

ئەو زیادی کرد: بۆ وەرگێڕای ئەم ڕۆمانە لە هەموو زاراوە کوردییەکان سوودم بردووە بۆ ئەوەی هەموو خوێنەرێکی کورد لە کاتی خوێندنەوەیدا هەست بە غەریبی لەگەڵ زمان و لەحنی ڕۆمانەکەدا نەکات. 

ئەم وه‌رگێڕە کوردە سەبارەت بە خۆی وتی: من لە ۱٦ ساڵییەوە بە زمانی ئینگلیزی ڕۆمانم خوێندووەتەوە و بەم زمانە وەک زمانی کوردی ئاشنام و ڕاهاتووم. هەر بۆیە تاکوو دڵنیا نەبووم کە بە تەواوی بە سەر هەر دوو زمانەکەدا زاڵم دەستم نەدایە وەرگێڕانی کتێبەکە کە هیوادارم سوودی هەبێت بۆ خوێنەری کورد. بەش بە حاڵی خۆشم سپاسی هەموو ئەو گەنجانە دەکەم کە بە زمانی کوردییەوە ماندوو دەبن و ئیشی لە سەر دەکەن.

لە درێژەی کۆڕەکەدا دوکتور مەسعوود بینەندە سەبارەت بە ویلام فاکنەر و ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی قسەی کرد و وتی: ئێمە بۆ فام کردنی ئەندێشەکانی فاکنەر دەبێت ئاگاداری زۆر شتی بین، فاکنەر یەکێک بووە لەو کەسانەی کە گرنگی زۆری بە شێکسپیەر دەدا و ناوی ڕۆمانی هەرا و تووڕەیشی لە شانونامه‌ی ماکبسی شکسپیەر وەرگرتووە. لە بەشێکی ئەم شانۆنامەیە مەکبس دەڵێت: ژیان چیرۆکێکە ئەحمەقێک دەیگێڕێتەوە و پڕە لە هەرا و تووڕەیی، بەڵام پووچ و بێ مانایه‌. 

وتیشی: ڕۆمانەکه‌  بریتییە لە چوار بەشی سەرەکی کە لە لایەن چوار ڕاویش دەگێڕدرێتەوە و ژیان و بەسەر هاتەکان هەر جارەو لە زار و زمانی یەکێک لەم چوار کەسانە باس دەکرێت. سەرەتا با ئەمە بڵێم کە ڕابردوو لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە چەندین جۆر ڕوانینی بۆ دەکرێت، بەشێک لایان وایە ڕابردوو تەواو بووە و چی دیکە نابێت لە ئێستادا باسی بکرێت، بەڵام بەشێکی دیکە بە پێچه‌وانە وەک فڕۆید لە سەر ئەم بڕوایەن کە ڕابردوو زیندووە و ئێستەش ئامادەیە و کاریگەری بە سەر ئێمەوە هەیە و دەبێت بە جۆرێک کێشەکانی ڕابردوو چارەسەر بکەین، بەڵام فاکنەر دەڵێت ڕابردوو هیچ لە ئێستادا ئامادەیە کە هیچیشی لەگەڵ ناکرێت و تەنیا دەتوانین ڕەوایەتی بکەین و سەیری بکەین.

دوکتور بینەندە ئاماژەی دا: فاکنەر ڕۆمانەکە لە پەراوێزترین کەسایەتی هەر کۆمەڵگایەک دەست پێ دەکات، واتا بێنجی کە کەسکی کەم زەینە و تەنیا ڕووداوەکان دەبینێت و توانی فام کردنیانی نییە و ئاگاداری ڕابردوو نییە، لە کۆماڵگای کوردی ئێمەش پڕە لەمجۆرە کەسانە. بێژەری دووهەمی ڕۆمانەکە کوئینتینە کە سەرەڕای زانینی فەلسەفە و هونەر و ڕۆشنبیر بوون لە بەشێکی نۆستالژیک و رۆمانتیکی مێژوودا گیری کردووە و هەموو شتەکانی ئێستەی خۆی بە پێی ئەو مێژووە هەڵدەسەنگێنێت کە دیسان بە جۆرێکی دیکە تووشی هەڵەی دەکات، ئەم جۆرە کەسایەتییە لە کۆمەڵگای کوردیش زۆرە. سێهەم جەیسنە کە عەقلێکی مەعامڵەکەری هەیە و لە هەرچی شتە بۆ بەرژەوەندی و داهاتی زیاتر بۆ خۆی سوود دەبات و کۆمەڵه‌گی خۆشمان پڕە لەم کەسانە. چوارەم دێلسی ڕەش پێستە کە کڵفەتی بنەماڵەی تامسۆنە.

ئەو لە کۆتایدا ئاماژەی دا: من لام وایە کە ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی دەکرێت لە کۆمەڵگای کوردی خۆشمان خوێندنەوەی زۆر وردی بۆ بکرێت و دەبێت ئەم بابەتانە بەوردی قسەی لە سەر بکرێت و وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ کوردی یەکەم هەنگاوی ئەم کارەیە.

لە درێژەی کۆڕەکە  سامان ئەمجەدی، ڕەخنەگری فەلسەفە و ئەدەبی کوردی وتی: من زیاتر دەمەوێت باسی خودی وەرگێڕانەکە و کارەکەی کاک محەمەد ڕەمەزانی بکەم. ئەوی ڕاستی بێت بەڕێز ڕەمەزانی کارێکی زۆر گەورەی کردووە و ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ ڕەخنە دەگرین بەو مانایە کە هەوڵێکمان دابێت زیاتر یارمەتی وەرگێڕ لەم ڕێگایەدا بدەین. 

ڕاشیگه‌یاند: هەر لە سەرەتا کە ڕووبەرگی کتێبەکە دەبینین تێدەگەین کە ناوی کاک محەمەد زۆر گەورەتر لە ناوی فاکنەر لە چاپ دراوە، لام وایە ئەم کارە هەڵەیە و ناکرێت ئەو کەسەی ئەم دیزاینەی کردووە وەها هەڵەیەک بکات. هەروەها کاک محەمه‌د هاتووە و بۆ ڕۆمانەکە پێشەکییەکی ٤۰ لاپەڕەیی نووسیوە، واتا ۳جار لەم پێشەکییە ڕۆمانەکەی بە کورتی گێڕاوەتەوە و چی دیکە بۆ خوێنەری تام و چێژی نامێنێت. یان هەموو بۆشایی و کەلێنەکانی ڕۆمانەکەی بە پەڕاوێز نووسین پڕ کردووەتەوە و مەجالی بیر کردنەوە لە خوێنەر دەگرێت. ئەمە ڕۆمانە خۆ کتێبی فەلسەفی کۆمەڵایەتی نییە، ئەگەر فاکنەر خۆی بە پێویستی دەزانی بە دڵنیاییەوە پەڕاوێزی بۆ دەنووسی.

ئەم ڕەخنەگرە کوردە ئاماژەی دا: هەروەها کێشەیەکی دیکەی وەرگێڕانەکە ئەوەیە کە بە زمانێکی موکریانی زۆر تۆخ کە هین ۳۰ ساڵ بەر لە ئێستاشە وەرگێڕدراوە. ئەمە بەڕاستی کێشەیە و وا نییە کە خودی کاک محەمەد فەرمووی لە هەموو زاراوەکان سوودم بردووە. تەنیا لە یەک جێگە ئەویش لە زمانی ڕەش پێستک کاک محەمەد هاتووە لە زاراوەی سنەیی سوودی بردووە کە ئەویش شارەزایی لە زاراوەکە نەبووە.

ئەمجەدی هەروەها وتی: یان لە شوێنێکی ڕۆمانەکە ئێمە لە دادگا ڕووبەڕووی کابرایەکی کۆچەری ئیتالیایی بۆ ئەمریکا دەبنیەوە، کابرا بە ئینگلیسی زۆر شەق‌وشڕ قسە دەکات بەڵام کاتێک کراوە بە کوردی ئەم شتە هیچ دیار نییە و کابرای ئیتالیایی جۆرێک وەرگێڕدراوە وەک بڵێی هەموو پشتەکانی ئینگلیزی زمان بوون و هیچ کێشەی زمانی نییە بە‌ هۆی کۆچبەر بوونییەوە. سەرجەم لام وایە کە وەرگێڕانەکه‌ ئەم خەسارانەی پێوە دیارە و هیوادارم کاتێک بە چاپی دیکە گەیشت بەڕێز محەمەد ڕەمەزانی ئەم کەم و کۆڕیانە پڕ بکاتەوە.

هەروەها لە کۆتایی کۆڕەکە دوکتور سروە مەنبەری وتی: ئێمە لە ڕووی زانستییەوە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی چەند سیستمی یان چەد ڕەهەندی ڕووبەڕووین، ئەم چەند ڕەهەندی بوونە بۆ ئەدەبیاتی هەر کۆمەڵگایەکیش ڕاستە، لێرەدا ئێمە بەشێکی سەرەکی و سەنتەریمان هەیە کە چەندین پەڕاوێزی هەیە، بۆ نموونە شێعر لە ئەدبیاتی کوردی لە سەنتەر دایە و ڕۆمان و چیرۆک لە پەڕاوێزدان.

ئەو زیادی کرد: وەرگێڕانیش لە ئەدەبیاتی کوردی لە پەڕاوێز دایە و دەبێت هەوڵ بدات ببێتە سەنتەر، بۆ نموونە ئێمە دەزانین کە وەرگێڕانی کورتە چیرۆک بە هۆی هەلومەرجی کۆمەڵگای کوردییەوە لە ساڵەکانی ۱۹۳۰ بەملاوە ئەنجام بووە بەڵام وەرگێڕانی ڕۆمان لە کۆتایی سەدەی بیست دەستی پێ کردووە. کە دەبێت ئەمە بتوانێت بچێتە سەنتەر تاکوو لە دوای ئەمە شەپۆل دروست بکات.

ئەم مامۆستای زانکۆیە وتی: وەرگێڕان ڕەهەندێکی گرنگی ئەدەبیاتی کوردییە چون یەکەم زمانی کوردی زمانێکی لاوازە و پێویستی بە وەرگێڕانە بۆ بەهێز بوون، دووهەم ڕۆمان لە زمانی کوردی لە پەڕاوێز دایە کە دیسان وەرگێڕان دەتوانێت یارمەتی چارەسەر کردنی بدات، سێهەم کاری وەرگێڕان ئەو بۆشایی و کلێنە ماناییانە پڕ دەکاتەوە کە زمانی کوردی هێشتا ڕووبەڕوویان نەبووەتەوە. 

ئەو هەروەها وتیشی: هەموو ئەمانەش کاتێک دێتە دی کە ئێمە وەرگێڕی بە توانامان بێت کە هەوڵ بدات بچێتە سەنتەر، هەر بۆیە من بە‌باشی دەزانم کە کەسی وەک کاک محەمەد ڕەمەزانی لە دوای ئەوەیه‌ کاریگەری بە سەر دۆخەکەدا لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە هەبێت، هەروەها پێشەکی نووسین و پەڕاوێز نووسی هیچ کێشەی نییە و کەسێک کە خۆی بە خوێنەری پڕۆفشناڵ دەزانێت دەتوانێت بێ ئەوەی ئەم پێشەکی و پەڕاوێزانە بخوێنێتەوە ڕاستەخۆ ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە.

شایانی باسە کە لە کۆتایدا ئامادە بووانی کۆڕەکە بە پرسیار ڕا و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە وەرگێڕانی ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی پێشکەش کرد.

News Code 23216

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 1 =