بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی شەڕی دژ بە تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان بڵاوکردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: دوای ئەوەی داعش و ئەلقاعێدە ناوچەیەکى زۆری ژێر دەسەڵاتیان لەدەستدا زیاتر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و تواناکانیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سوریا و لیبیا و سۆماڵ و یەمەن و ناوچەکانی دیکە زیاتر بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەراورد بە ساڵى ٢٠١٦ هێرشە تیرۆریستییەکان لەسەدا ٢٧وە بۆ لەسەدا ٢٣ کەمیانکردووە و هۆکاری سەرەکییەکەشى بۆ کەمبوونەوەی هێرشەکان لە عێراق دەگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی عێراقەوە نوسیویەتی:" ساڵی ٢٠١٧ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان توانیان تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش کۆنتڕۆڵبکەنەوە و هەزاران چەکدارى ئەو ڕێکخراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە دەستگیرکراون، بەڵام ئەو ڕێکخراوە تا ئێستا لە توانایدایە هێرشی تیرۆریستی ئەنجامبدات."
سەبارەت بە ڕێکخراوی قاعیدەش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: سەرەڕای گوشارەکان هێشتا توانای بەڕەنگارییان هەیە و لەبەردەم فشارەکاندا خۆیان گرتووە، بەشێکى زۆریشیان بە وڵاتاندا بڵاوبوونەتەوە و بە نهێنی پلان دادەنێن و لە ڕێی ئینتەرنێتەوە شوێنکەوتوانیان هاندەدەن تەقینەوە و کارى توندوتیژى بکەن و توانا و نیازى ئەوەشیان هەیە هێرش بکەنەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
Your Comment