بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهرلە ڕووداو، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له لێفتنانت جه‌نه‌ڕال سیر جۆنز لۆریمه‌ر، گه‌وره راوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و نوێنه‌ری تێریزا مه‌ی، سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا كرد.
بە پێی راگەیێندراوی حکوومەت هەرێم شاندی میوان سه‌ركه‌وتن و قوربانییه‌كانی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ی له شه‌ڕی دژی تیرۆر و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه و راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیاى له شه‌ڕی دژی تیرۆردا به‌رز نرخاند.
شاندەکەی بەریتانیا پشتگیریی وڵاته‌كه‌یان له هاوكاری كردنی پێشمه‌رگه، مۆدێرن كردنی ئەو وه‌زاره‌تە و بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا دووپات كردووتەوه.
لای خۆیەوە سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی دژی داعشدا كردووە، هیوای به‌رده‌وامی هاوكاری و ههماههنگییهكانیشی خواستووە، له‌و باره‌یه‌وه ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ک نیشانداوە.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی كراوە. له‌وباره‌یه‌وه "پهرهسەندنه ئه‌رێنییه‌كان" له په‌یوه‌ندییه‌كاندا به تایبه‌تی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دابین كردنی به‌شێک له مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به "هه‌نگاوی باش" نرخێنران و به‌رده‌وامیی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان، جه‌ختی لە سەر كرایه‌وه.
تاوتوێ كردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا جۆن وێلكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و جۆن شارپ، كونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا به وه‌كاله‌ت له هه‌رێمی كوردستان و ژمارەیێک دیپلۆماتکاری سیاسی و سه‌ربازی یاوه‌ری شاندەکەی بەریتانیا بوون.
لە شاندی کوردستانیش قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یێک له وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئامادە بوون.
Your Comment