بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە رۆژنامەی حورییەتی تورکیا، پاش دیداری بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا، دوو وڵات سەبارەت بە قەیرانی سووریا و باکووری ئەو وڵاتە لە سەر چەند پرسی گرینگ ڕێککەوتن.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، دەرچوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شاری مەنبەج لە باکووری سووریا یەکێکە لەو ڕێککەوتنانە و بڕیارە ناوەندێکی هاوبەش لە لایەن تورکیا و ئەمریکا بۆ ئیدارەی شاری مەنبەج دابمەزرێت و هێزی چەکدارایی بەرهەڵستکارانی سووریا لە ئەگەری پێویستی لەو ناوەندەدا جێگر بکرێن.
هەواڵی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە سووریا لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە دەوڵەتی سووریا گەلێ جار ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا و هێزەکانی ئەمریکی یان گرووپگەلی پاڵپشتکراوی ئەو وڵاتە لە باکووری سووریا پێشێل کردنی سەروەری نیشتمانیی سووریایە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوترێت ئەو ڕێککەوتنە بەر لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە عەفرین کراوە و فارۆق ئۆنساڵ نوێنەری پارتی داد و گەشە لە پەرلەمانی تورکیا بە کەناڵی ڕووداوی وتووە کە ڕووانینیان بۆ پرسی سووریا بە پێی ناوچەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای فوراتە و ڕێککەوتنێک لەوبارەوە لە ئارادایە کە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەم دواییەدا ڕوون بۆتەوە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی تورکیا هێزەکانی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەی رۆژئاوای فورات و لەوان لە عەفریندا نامێننەوە و بەو شێوەیە ئەگەر ڕێککەوتنێکی ئاوا لە ئارادا بێت، هێزە کوردییەکان نابێ لە مەنبەجیشدا بمێننەوە.
وەهاب جۆشکەن شرۆڤەکاری پرسی سیاسی-ش لە لێدوانێک بۆ کەناڵی ڕووداو ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا لە مەنبەجدا هەیە و بەوەشەوە ڕوون نییە کە ڕەوتی ئەو هاوکاریانە بە چ شێوەیەک دەبێت، بەڵام گومانێک لەوەدا نییە کە ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە مەنبەج پێکەوە کۆکن.
پێشتر شاندێک لە وەزیرای بەرگری و دەرەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتی سیدات ئۆناڵ ڕاوێکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکی بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا، دیداریان کردبوو.
Your Comment