بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دکتۆر پزشکیان لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و بارودۆخی هەستیاری ئێستا ڕایگەیاند: کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا ئەوەیە کە هەر جارێک دێینە سەر مێزی دانوستان، یەکسەر شەڕ بەسەر ئێمەدا دەسەپێندرێت.
وتیشی: تا ئێستا سێ جار دوای دانوستان هێرشیان کردووەتە سەرمان و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان بەدوای وتووێژدا ناگەڕێن، بەڵکوو ئامانجیان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
دوکتور پزشکیان زیادی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار ڕاستگۆیی خۆی لە بواری چالاکییە ئەتۆمییەکاندا سەلماندووە و زۆرترین چاودێری لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە جیهاندا پەیوەندی بە وڵاتەکەمانەوە هەبووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بە ئیدیعای درۆ فشاری خستۆتە سەر ئێران.
سەرۆک کۆمار لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە وتارەکەمدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕامگەیاند کە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و پشتڕاستکردنەوە لە بواری چالاکییە ئەتۆمییەکان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە هەر جارێک پشکنەرەکان هاتوونەتە ئێران، ناوەندە ئەتۆمییەکان و زاناکانمان دەستنیشانکراون، دواتر ئەو ناوەندانە بۆردومانکراون و زاناکانمان تیرۆرکراون. بە چ لۆژیکێک ناوەندە زانستی و زانکۆکانمان بۆردومان بکرێت؟ ئەمه له کاتێکدایه که به پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان مافی هێرشکردنه سەر ناوەنده ئەتۆمیەکانیان له ژێر چاودێری ئاژانسدا نییه .
هەروەها کردەوەی تاوانکاریی ئەمریکایان لە هێرشکردنە سەر ئێران و دواتر بانگەشەی دانوستانەکانیان وەک نموونەی فێڵ و فریودانەکەیان هێنایەوە و ڕوونیان کردەوە: ئەوان وەڵام نادەنەوە لەسەر چ تاوانێک 168 منداڵی بێتاوانی مینابیان شەهید کرد و شەرم ناکەن و بەردەوامن لە ئیدیعای مافی مرۆڤ. جیهانێک کە بانگەشەی شارستانیبوون دەکات، بەڵام بە کردەوە بووەتە بەربەری، کێشەی ئەمڕۆمانە.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کام لە کردار و هەڵسوکەوتەکانیان بەرامبەر بە ئێران لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت، زیادی کرد: دانوستان لەگەڵ دوژمنێک کە ڕۆژانە تیرۆر و سزا و گوشار و هەڕەشە دەکات و پەیمان شکێنە، هیچ مانایەکی نییە و میللەتەکەمان ڕێبازێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکات.
Your Comment