AP ١٤٠٥ ڕەزبەر ٤ ٢١:١٦

سەرۆک کۆماری ئێران: ئێمە دەمرین، بەڵام زەلیل نابین

سەرۆک کۆماری ئێران: ئێمە دەمرین، بەڵام زەلیل نابین

سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە وتی: ئێمە دەستپێشخەری داخستنی ڕێگاکە نەبووین و ئەوە ئەمریکایە کە ڕێگاکە دادەخات؛ بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێگاکەشیان دادەخەین، چونکە ئێمە قسەی زۆرە ملێ و ملهوڕی قبووڵ ناکەین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ نیۆیۆرک، مەسعوود پزشکیان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە پێشهاتە ناوچەییەکان، شەڕ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕوون کردەوە و جەختی لە خۆڕاگری ئێران لە بەرامبەر گوشار و هەڕەشەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە تاران لە کاتێکدا پێشوازی لە وتووێژ دەکات، بەڵام ئەزموونەکانی ڕابردوو بە فاکتەری بێمتمانەیی بە لایەنی ئەمریکی دەزانێت.

سەرۆک کۆمار هەروەها ئاماژەی بە پێشهاتەکانی گەرووی هورمز کرد و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامیی بە تەوەری گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە زانی، هەروەها جەختی لە پەیوەندیی برایانانەی وڵاتانی موسڵمان کردەوە و باسی لە ئامادەیی ئێران کرد بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.

پزشکیان هەروەها هەڵوێستەکانی ئێرانی له بارەی بارودۆخی ئابووری ئێران و پەبوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا و پێشهاتەکانی یەمەن و فەلەستین و پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی شرۆڤه کرد و جەختی له سەر پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناکۆکی له نێوان وڵاتانی ئیسلامی کردەوه .

لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان تیمەکەتدا، لەنێویاندا وەزیری دەرەوە، و لایەنی ئەمریکی ئەنجامدرا. لەم دیدارەدا چی ڕوویدا و چ تەوەرێک گفتوگۆی لەسەر کرا؟ ئایا شتێک هەیە لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە بڵێیت؟ پزشکیان وتی:

سەبارەت بەو وتووێژانەی لەگەڵ ئەمریکییەکان کردوومانە، ئەوە چوارەم یان پێنجەمین جارە لەگەڵیان گفتوگۆمان کردووە. ئەوەی ڕوویداوە و ئێستاش ڕوودەدات وایکردووە متمانەمان بەم گفتوگۆیانە نەمێنێت؛ چونکە هەموو جارێک دوای ماوەیەک دەست دەکەنەوە بە هێرشکردن و سزادان و هەمان ئەو کارانە دەکەن کە تا ئێستا کردوویانە. بەڵام بۆ ئەوەی بۆ جیهان بیسەلمێنین کە ئێمە بەدوای گفتوگۆ و دانوستاندا دەگەڕێین و ئەو نائارامی و کارەساتەمان ناوێت کە ئەوان لە ناوچەکەماندا دروستیان کردووە، جارێکی دیکە لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیری نێوان ئێمە و ئەمریکا بە قەتەر و پاکستانیشەوە قسە دەکەین و لە ڕێگەی ئەوانەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان قسە دەکەین. لەم پرۆسەیەدا لانیکەم لەسەر چوارچێوەیەک گەیشتوینەتە لێکتێگەیشتن و ڕامانگەیاندووە. ئێستا ئەمریکییەکان دەبێ وەڵام بدەنەوە: ئایا ئامادەن لە ئەم چوارچێوەیەدا بچنە ناو دیالۆگەوە یان دەیانەوێت جارێکی دیکە یارییەکە پەکبخەنەوە؟

سەبارەت بەوەی کە میدیاکان باس لە ڕێککەوتنێکی کاتی و پرسی گەرووی هورمز دەکەن. کام لایەن پێویستە هەنگاوی یەکەم بنێت؟ ئایا پێویستە ئێران پێشەنگایەتی لە پرسی گەرووی هورمز بکات؟ سەرۆک کۆمار وتی:

سەیرکە، سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئێمە دەستپێشخەری داخستنی ڕێگاکەمان نەکرد. ئەوە ئەمریکایە کە ڕێگاکە دادەخات و ئەوە ئیسرائیلە کە ئاگر لە ناوچەکە بەردەدات. ئەم ڕێگایە لە مێژە بابەتی ئێمە و عومان بووە و ئازاد بووە بۆ تێپەڕین؛ بەڵام کاتێک ڕێگاکەمان دادەخەن و ڕێگەمان پێنادەن تێپەڕین، بە سروشتی ڕێگاکەیان دادەخەین تا نەتوانن بێن. ئەم پرسە بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێت نەک بە چەوساندنەوە و تۆقاندن. ئەمریکا لەودیوی دونیا هاتە کەنداوی فارس، لەوێ بنکەیەکی دروست کرد و لە بنکەکانیەوە هێرش دەکاتە سەر وڵات و قوتابخانە و ژێرخانی ئێمە. چ یاسایەکی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێداون ئەم کارانە بکەن؟ چونکە دەسەڵاتیان هەیە؟ چونکە هەرکەسێک بیانەوێت دەتوانن بیکوژن؟ بەداخەوە ئەوانیش هەمان کار دەکەن. ئێمە بەهێز وەستاوین و بێ تاوان شەهید دەبین، بەڵام دژی دەستدرێژییان وەستاوین و وەڵامی دەدەینەوە. ئەگەر جەوهەری مەسەلەکە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، بە سروشتی گەرووی هورمز ئازاد دەبێت بۆ بازرگانی؛ بەڵام ناتوانێت ئازاد بێت بۆ هێنانی چەک و تەقەمەنی و ئامێر کە بەهۆیەوە ئاگر لە ناوچەکە بەربدات. دەتوانین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دابنیشین و پێکەوە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزین. پێویستمان بە جەندرمێکی ناوچەیی نییە. ئێمەی موسڵمان دەتوانین دەست لەگەڵ براکانمان لە کەنداوی فارس و وڵاتانی عەرەبی ببەستین و ئاسایشی ناوچەکە بپارێزین. ئەمەیە کە ئێمە باوەڕمان پێی هەیە و دەمانەوێت جێبەجێی بکەین.

لە وڵامی ئەو پرسیارەش کە قسە و باسێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کەی ڕێککەوتن دەکرێت، پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا یان دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا. ئێوە وتتان پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕێککەوتنتان دەوێت. پێتوایە بەر لە هەڵبژاردن ڕێککەوتن بکرێت؟ وتی:

ئەمە سەبارەت بە ئەمریکییەکانە. ئێمە ڕێککەوتنەکەمان واژۆ کردبوو و پابەند بووین پێیەوە، بەڵام ئەوان دەیشکێنن. ئەمە یەکەمجار نییە و ئەم هەڵسوکەوتە دەبێتە هۆی بێمتمانەیی. ئێمە نازانین بەپێی چ یاسایەک قسەیان لەگەڵ بکەین؛ ئایا قسەکەیان جێبەجێ دەکەن؟ هەرچەندە قسە بکەین، سبەی ڕەنگە بە ئاسانی ئەو قسانەی خۆیان قبووڵ نەکەن یان ئەو ڕێککەوتنەی واژۆیان کردووە. لە ڕوانگەی عەقڵانی و زانستی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە، یان نابێت ئیمزا لەسەر هیچ شتێک بکەن، یان ئەگەر واژۆیان کرد، پابەندبن پێیەوە. بەداخەوە ئەم کارە ناکەن و ئەوە کێشەی ئێمەیە.

لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەگەری کۆبوونەوەتان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە؟ وتی: بۆ چی؟ بۆچی؟ کاتێک ئەوەی ئێمە نووسیومانە جێبەجێ ناکەن، ئەگەر ئێمە لەگەڵیان کۆببینەوە، ئایا کێشەکە چارەسەر دەبێت؟ چۆن باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئەوان ئامادەن بە قسەکانیان کار بکەن؟ ئەوانەی هاتن و سەرکردەمانیان شەهید کرد، منداڵانی قوتابخانەیان شەهید کرد، ژێرخانی ئێمەیان لێدا، زانا و زانکۆکانمانیان کردە ئامانج، ئێستا ناچارین بچین بە زەلیلەوە قسەیان لەگەڵ بکەین؟ ئێمە دەمرین، بەڵام زەلیل نابین. .

نەخشەڕێگای ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکان چییە؟

کێشەکە هی ئێمە نییە؛ ئەوە هی ئەمریکایە. ئێمە شەڕمان دەست پێ نەکرد و ئێستا شەڕ دەست پێناکەین. هێرش دەکەنە سەرمان و ئێمەش وەڵامی دەدەینەوە. با شتەکانیان کۆبکەنەوە و بڕۆن و هێرش نەکەنە سەرمان.

News ID 60506

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha