ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لەمدواییەدا ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی میواندارێتی کۆماری ئازەربایجان لە هەفتادەمین کۆبوونەوەی خاخامە زایۆنییەکان لە ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا (4 تا 6ی نوامبێری 2025) بڵاو بۆتەوە؛ کۆبوونەوەیەک کە وەک دەوترێ، نزیکەی 500 خاخامی جوو لە سەرتاسەری جیهان تێیدا بەشدار دەبن و ئەگەری بەشداریی نوێنەرانێک لە ڕژیمی زایۆنیشی تێدا هەیە.
ئەم کۆبوونەوە کە لە ژێر ناوی "کۆنوانسیۆنی هەفتادەمین ساڵوەگەری ڕێکخراوی مەزهەبی جووەکانی جیهان" بەڕیوە دەچێت، هەوڵ دەدا تەرکیز بخاتە سەر پرسگەلێکی وەک پەرەدان بە "ڕێککەوتنی ئابراهام" و ئازادی مەزهەب و بەرەنگاربوونەوەی دژەجووگەری لە ئەورووپا. بەڕێوەبەرانی دانیشتنەکە، "یەکێتی خاخامە ئۆرتۆدۆکسەکانی ئەورووپا"یە کە لە 1956ەوە چالاکن و ئێستا زیاتر لە 700 ڕێبەری مەزهەبی جوو لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی ئەورووپایان لە بندەستە.
خاڵی جێی سەرنج، بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە بۆ یەکەمجار لە وڵاتێکی موسڵمان و بە ئامانجی پەرەدان بە جووگەریی زایۆنییە؛ هەڵمەتێک کە نە تەنیا لە ناوخۆی کۆماری ئازەربایجاندا هەستیارییەکی زۆری دەورووژێنێت، بەڵکوو بێگومان کاردانەوەی نەرێنیی ئۆمەی ئیسلامی، لایەنگرانی فەلەستین و گەلانی ئازادی جیهانیشی بەدواوە دەبێت.
ئامانجی چەندلایەنەی ڕژیمی زایۆنی لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی خاخامەکان لە باکۆ
1. پەرەدان بە ڕێککەوتنی ئابراهام و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تلاڤیڤ
یەکێک لە ئامانجە ئاشکراکانی ئەو دانیشتنە، پێشخستنی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕژیمی زایۆنی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامییە. ئەو ڕژیمە بە کەڵکوەرگرتن لە پۆشەنێکی مەزهەبی و لە قەوارەی "کۆبوونەوەی ئایینی"، هەوڵ دەدا ڕێخۆشکەر بێت بۆ تەڤڵبوونی کۆماری ئازەربایجان و وڵاتانی تری ئاسیای ناوەندی بە ڕێککەوتنی ئابراهام و هەڵبژاردنی باکۆ وەک وڵاتی میواندار، نیشاندەری ئەوەیە کە ڕژیمی زایۆنی بەدوای کردنەوەی بەرەی نوێ لە قەفقازی باشووری و ئاسیای ناوەندییە تا ئاڵقەی گەمارۆی سیاسی و فەرهەنگیی خۆی لە دژی ئێران و بەرەی بەرخۆدان تەنگتر بکات.
2. دزەی نەرمی فەرهەنگی و مەزهەبی
ڕژیمی زایۆنی لە کۆنەوە سەرمایەدانەری کردووە لە بواری دزەی نەرمدا. بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە لە وڵاتێکی موسڵمان، هەڵمەتێکە بۆ شەرعیەتدان بە جووگەریی زایۆنی لە دڵی جیهانی ئیسلامدا و تلاڤیڤ دەیەوێ وا نیشان بدات کە ئامادەبوونی ئاشکرا و فەرمیی دامودەزگا مەزهەبییەکانی جوو لە وڵاتێکی موسڵمان نەک هەر بابەتێکی ئاساییە، بەڵکوو هەڵگری جۆرێک ئاشتەوایی ئایینیشە. بە واتایەکی تر، ئەو کۆبوونەوەیە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی گوتار و ئاساییکردنەوەی ئامادەبوونی ڕژیمی زایۆنی لە زەینی گەلانی موسڵماندا.
3. کەڵکئاوەژوویی ژێئۆپۆلیتیک لە پێگەی کۆماری ئازەربایجان
ئازەربایجان بە هۆی پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی تایبەتیی خۆی لە دراوسێتیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا، بۆ ڕژیمی زایۆنی بنکەیەکی بەنرخە و ئەو ڕژیمە بە پەرەدان بە پەیوەندییە ئەمنی و هەواڵگرانەکانی لەگەڵ باکۆ، گەلێجار هەوڵی داوە لە خاکی ئازەربایجان بۆ گوشارخستنە سەر ئێران بەهرە وەربگرێت. بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی خاخامەکان لە باکۆ، ڕواڵەتێکی نوێ بەو هاوکارییانە دەدا و ئەمە سەرەڕای لایەنە سیاسی، مەزهەبی و فەرهەنگییەکانە.
4. نمایشی شەرعیەت و پێگەی نێودەوڵەتی
ڕژیمی زایۆنی لە پاش قەیرانە ناوخۆییەکان و شەرعیەتی قەیراناوی نێودەوڵەتیی، بەردەوام بەدوای مەیدان و گۆڕەپانە نیودەوڵەتییەکان بۆ نمایشدانی خۆی. میوانداریی وڵاتێکی موسڵمان لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی زایۆنی، بە مانای تێکشکانی تابۆی ئامادەبوونی ڕژیمی زایۆنی لە جیهانی ئیسلامە و تلاڤیڤ لەو هەلە وەک سەرکەوتنی پڕۆپاگەندەییەکی گەورە دەڕوانێت.
5. پەیامدان بە وڵاتانی موسڵمانی ئاسیای ناوەندی
بە هەڵبژاردنی باکۆ وەک میواندار، ڕژیمی زایۆنی پەیامێکی ئاشکرا دەنێرێت بۆ وڵاتانی تری موسڵمانی ئاسیای ناوەندی وەک کازاخستان، ئۆزبەکستان و تورکمەنستان؛ پەیامێک لەبارەی کراوەبوونی ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بە پێشەنگیی باکۆ. ئەم پەیامە لە ڕاستیدا دەتوانێ دەسپێکێک بێت بۆ پەرەدان بە ئاستی دزەکردنی زایۆنیزم لە کەنداوی فارس تا ئاسیای ناوەندی.
پاشهاتە زیانبارەکانی کۆبوونەوەی باکۆ بۆ ناوچە و جیهانی ئیسلام
میوانداریی کۆبوونەوەی خاخامە زایۆنییەکان لە باکۆ زیاتر لە هەر شتێک، زیان بە شوناسی ئیسلامی و شیعەی کۆماری ئازەربایجان دەگەیێنێت و دووفاقەیی لە نێوان باوەڕی خەڵکی ئەو وڵاتە و سیاسەتەکانی حکوومەت، ڕێخۆشکەرە بۆ کەلێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لاوازبوونی متمانەی گشتی بە حکوومەت.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی چاودێران، بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە لە وڵاتێکی موسڵمان، بۆ ڕژیمی زایۆنی دەسکەوتێکی پڕۆپاگەندەیی هەیە و دەتوانێ ببێتە هۆی ئاساییبوونی ئامادەبوونی ئاشکرای زایۆنییەکان لە جیهانی ئیسلامدا و بەدوایدا، ڕێخۆشکەرە بۆ چالاکییە ئایدیۆلۆژی و پڕۆپاگەندەییەکانیان لە وڵاتانی ئیسلامی. دیارە دەبێ سەرکردەگەلی وڵاتانی ئیسلامی هوشیار بن کە ئەو ڕەوتە مەترسیدارە، بایەخە ئیسلامییەکان دەکاتە ئامانج و تەکوزیی ئۆمەی ئیسلامی لاواز دەکات. لەو سۆنگەوە بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە دەتوانێ بە مانای پشتکردنی وڵاتێکی موسڵمان لە ئامانجەکانی فەلەستین بێت و زایۆنییەکان بەو کارە تێدەکۆشن بە گوێی جیهاندا بدەنەوە کە تەنانەت گەلانمی موسڵمانیش کێشەیان لەگەڵ پێشبردنی ئامانجە دزێوەکانی ئەواندا نییە و ئەمەش بەش بەحاڵی خۆی دەتوانێ هەوێنی ئاژاوەیەک لە نێوان وڵاتانی موسڵمان بێت.
Your Comment