بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە نەیشنەڵ کانتێکست، سەفەری ئەمدواییەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پارێزگای کوردنشینی شەڕناخ ئەگەرچی بەڕواڵەت سەردانێکی ئاسایی بوو، بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و زەمانی بووە هۆی ئەوەی کە ئەو سەردانە ببێتە هۆی قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەنقەرە؛ ئەو ڕاستییە ڕێک لە کاتێکدا ڕووی دا کە تورکیا خەریکی داڕشتنەوەی هەڵوێستی خۆی هەمبەر بە پرسی کورد لە ڕێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و هەر هێمایەکی ڕکابەر لەو دۆخەدا دەتوانێ تەشەنە بە هەستیارییەکان بدات.
بارزانی چووە شەڕناخ لە کاتێکدا کە پارێزەرانی یۆنیفۆڕمی هێزی دژە تیرۆری هەرێمیان بە ئاڵای کوردستان لەبەردا بوو و حەشمەت بە دروشمی "ژیان بێ پێشمەرگە نابێ" پێشوازییان لێ کرد. ئەو وێنەیە خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا بڵاوبۆوە و بووە هۆی ناڕەزایەتیی نەتەوەپەرەستانی تورک و ئەمکارەی بارزانیان بە پێشیلکردنی هێمایین سەروەریی تورکیا لێکدایەوە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورکیا(مەهەپە) ئەو دیمەنەی بە مایەی شەرمەزاری و پێشیڵكردنی سەربەخۆیی تورکیا هەڵسەنگاند.
بەڵام قەیران لەو جێگەوە دەستی پێکرد کە نووسینگەی بارزانی وەڵامێکی توندی بە لێدوانەکەی باخچەلی دایەوە و ئەوی بە ناسیۆنالیستێکی ڕادیکاڵ و "خۆشاردنەوەی گورگی خۆڵەمێشی لە جلی مەڕ" تۆمەتبار کرد و ئەو ڕاوێژە لە نەریتی هوشیارانەی پارتی هەمبەر بە دەوڵەتی تورکیا شتێکی نائاسایی بوو. لەو لاوە دەوڵەتی تورکیا لە کاردانەوەدا پشتی باخچەلی گرت و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و وتەبێژی پارتی داد و گەشە و پاشان خود ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە توندی ڕەخنەیان لە ڕاگەیێندراوی نووسینگەی نبارزانی گرت. ئەو کاردانەوەیانە نیشان دا کە بۆ ئەنقەرە، پاراستنی تەکوزیی هاوپەیمانیی زاڵ و پاراستنی باخچەلی وەک کۆڵەکەی ڕەوتی گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆجەلان، زۆر کلە پەیوەندیی دێرین لەگەڵ بارزانی گرینگترە.
لەو سۆنگەوە ئەم ناکۆکییەنیشانەیەک بوو لە گۆڕانی قووڵتر لە سیاسەتی کوردی تورکیا. ئەگەر پێشتر پارتی بە هاوبەشی سەرەکیی ئەنقەرە لە پرسی کورد دەهاتە ئەژمار و تورکیا دەیەویست لەگەڵ هەولێر گرێبەستی نەوتی و ئەمنی ببەستێت، ئەوا ئێستا بە دەسپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان و شەرعیەتپێدانی لەڕیگەی سەردانی پەرلەمانی لە ئیمرالی، پێگەی پارتی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
دیارە لە دۆخێکی ئاودا ئامادەبوونی پارتی بە هێماگەلی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردی لەگەڵ ڕیوایەتێک کە تورکیا هەوڵ دەدا بۆ کۆمەڵگای کوردی داڕێژێت، ناخوێنێتەوە. تورکیا لەم قۆناغەدا دەیەوێ ڕێگەچارەیەک بەپێی "ئاوێتەبوون" و "یەکپارچەیی" ئاراستە بکات و وێنەی "هێزی پێشمەرگەی کوردی" لە خاکی تورکیا دەتوانێ ئەو هەوڵانە لاواز بکات.
کەواتە سەفەری بارزانی بۆ شەرناخ نە تەنیا لە کاتێکی نەگونجاودا بوو، بەڵکوو لەباری پێکهاتەییشەوە لەگەڵ قۆناغی سیاسیی ئێستای تورکیا ناخوێنێتەوە و کاردانەوەی توندی نووسینگەی بارزانیش زیاتر لەوەی بە هۆی ڕەنجان بووبێت، ڕەنگە نیشانەیەک بێت لە تێگەیشتنی ئەو ڕاستییەی کە نەخشەی سیاسیی ناوچە ڕوو لە گۆڕانە و ڕۆڵی نەریتی پارتی لە هاوکێشەکانی تورکیا دابەزیوە.
Your Comment