به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی شه‌شومین فستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ف له شاری سنه‌ی سه‌ر به پارێزگای کوردستان، ئه‌مرۆ چوارشه‌مه ۲۴ی خه‌رمانان، به ئاماده‌یی به‌رپرسانی ئێرانی ده‌ستی پێ‌کرد.
ئه‌م فستیڤاڵه له ژێر ناوی "ده‌ف ده‌نگی ڕه‌حمه‌ت"، بۆ ماوه‌ی ۳ ڕۆژ له شاری سنه به‌ڕێوه ده‌چێت. فستیڤاڵه‌که له دوو به‌شی گرووپی و تاکه‌که‌سیدا ئه‌نجام ده‌بێت و له هه‌ر دوو به‌شدا ژنان و پیاوانی ده‌ف ژه‌ن له سه‌رتانسه‌ری ئێرانه‌وه به‌شداریان کردووه. هه‌روه‌ها فستیڤاڵه‌که له به‌شی میرمنداڵان (۱۳ بۆ ۱۹ ساڵ) و گه‌وره‌ساڵان (له ۱۹ بهرهوژووروه) به‌ڕێوه ده‌چێت.
له‌مساڵدا زیاتر له ۲۸۷ به‌رهه‌م له هه‌ر دوو به‌شی گرووپی و تاکدا به ده‌بیرخانه‌ی شه‌شومین فستیڤاڵی سه‌رتانسه‌ری ده‌ف له سنه گه‌یشتووه و له نێوان ئه‌م به‌رهه‌مانه‌دا کێبه‌رکێ ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها بڕیار وایه که له میانه‌ی فستیڤاڵه‌که‌دا، له مامۆستا حه‌مید ڕه‌زا ئه‌رده‌ڵان، له مۆسیقاناسانی دیاری کورد، شهمسهدهین ئیبراهیمی و سه‌ید به‌ها حسه‌ینی که دوو هونه‌رمه‌ندی ناوداری ده‌ف ژه‌نی کوردن، ڕێز بگیردرێت.
یه‌کێکی دیکه له به‌شه‌کانی ئه‌م فستیڤاڵه، کۆنسێرتی ده‌ف ژه‌نینی هه‌زار که‌سییه، که نیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنج شه‌مه (۲۵‌ی خه‌رمانان) و له عیماره‌تی خه‌سره‌وئاوای سنه به‌ڕێوه ده‌چێت.
هه‌روه‌ها ڕێوڕه‌سمی کۆتایی فستیڤاڵه‌که به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی (۲۶ی خه‌رمانان) و له سینه‌ما په‌ردیسی سنه ئه‌نجام ده‌بێت.
Your Comment