بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ساڵح موسلیم، ئەمڕۆ شەممە لە ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئەحمەد شەرع بەڕاستی سەرۆکی سووریا بێت، كار بۆ گەلی سووریا بکات نەک تەنها بۆ گەلی کورد. وتیشی: لە ناوچەکانی بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاك هێرش هەیە كە ماوەی 60 ڕۆژە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە سەرەتا ئەو هێرشانە بوەستێندرێت، جگە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، 26 کەسی مەدەنی لە بەرگریکردن لەو ناوچانە شەهیدبوون.
ڕاشیگەیاند ئەوان دەیانەوێت ئەو هێرشانە بوەستێنرێت، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی كە تورکیا ئەنجامیان دەكات. سەرەتا پێویستە ئەوە بوەستێنرێت و دواتر ڕەنگە هەندێک پەیوەندی باشی دراوسێی دروست بکرێت.
ساڵح موسلیم باسی لەوەشكرد، سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2012 تا ئێستا، هەموان توركیا تاوانبار دەكەن، کەواتە بەشێکی گەورەی ئەو وێرانکارییەی لە سووریادا هەیە لە ئەستۆی تورکیادایە، چونکە ڕێگەیدا هەموو ئەو گرووپە جیهادییانە لە وڵاتەكەیدا مەشق و ڕاهێنانیان پێبکرێت و ڕەوانەی سووریا بکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانمان هاوبەشی ئەحمەد شەرعن. هەموو ئەو گرووپانە لە کۆنفرانسەکەدا بوون و شەرع-یان وەک سەرۆکی سووریا هەڵبژارد، بۆیە ئەویش لێیان بەرپرسیارە و ناچارە ئەوانە بوەستێنێت".
دەشڵێت، "ڕەنگە ئەو (ئەحمە شەرع) بەڵێنی گۆڕانکاری بدات، بەڵام زۆر قورس دەبێت، چوونکە هەموو خەڵکی دەوروبەری جیهادین و لە تاجیکستان، تورکمانستان و ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوون، هەموویان گرووپی زۆر توند و تیژن و زەحمەت دەبێت خۆی لە ئەو کەسانە ڕزگار بکات.
ساڵح موسلیم ڕوونیكردەوە، دەیانەوێت بەشێك بن كۆنفڕانسی دیالۆگی نیشتیمانی لە سووریا، چونکە پێشتر پڕۆژەیان هەبووە، گرێبەستی کۆمەڵایەتییان هەیە و دامەزراویان دروستكردوە، گرێبەستی کۆمەڵایەتی وەک دەستورێک وایە کە دەتوانرێت بۆ هەموو سووریا بگونجێندرێت.
جەختیشی کرد: پێویستە هەموان پشتگیری پڕۆژەکە بکەن. ئامادەن هاوکاربن لەگەڵ هەموو سووریاییەکان بۆ چارەسەرکردن ئەو قەیرانەی كە لەو وڵاتە هەیە.
Your Comment