AP ١٤٠٣ گەلاوێژ ١٣ ١٥:٢٦

لێکۆڵەری سیاسی کورد بۆ ئاژانسی مێهر:

پەرچەکرداری ئێران بە تیرۆری ئیسماعیل هەنیە هەموو ئەگەرەکان یەکلایی دەکاتەوە

پەرچەکرداری ئێران بە تیرۆری ئیسماعیل هەنیە هەموو ئەگەرەکان یەکلایی دەکاتەوە

کاروان حەمە ساڵح لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی دەڵێت: پێم وایە کە ئێران زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و پەرچەکداری ئێرانە هەموو شتێک دیاری دەکات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: ئەگەری هەستانی شەڕێکی قورس لە ناوچەکە دوای تیرۆری ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی فەلەستین حەماس لە تاران، لە ئارادیە.

ئێران هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنیە لە تاران و تیرۆری ئەو سەرکردە فەلەستینیە بە پێشێل کردنی سەروەری وڵاتەکەی دەزانێت و هەڕەشەی لە ئیسڕائیل کردووە کە وڵامی ئەو دەستدرێژیە و تۆڵەی خوێنی شەهید هەنیە وەکوو فەرماندەیەکی باڵای بەرخۆدان، لە ئیسڕائیل و ڕژێمی زایۆنی دەکاتەوە.

سەبارەت بە پاشهاتەکانی شەڕی ئێران و حزبوڵا لەگەڵ ئیسڕائیل، هەواڵنێری ئاژانسی مێهر لەگەڵ دوکتۆر کاروان حەمە ساڵح ، لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی قسەی کردووە کە دەقەکەی لەخوارەوە بڵاو دەبێتەوە.

ڕووداوی تیرۆری ئیسماعیل هەنیە و پاشهاتەکانی چۆن لێکدەدەنەوە؟

لە ڕاستیدا چەند مانگێکە دانوستان هەیە لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و بە چاودێری چەند وڵاتێکی عەرەبی و وڵاتێکی ئەورووپیش، کەچی تا ئێستا دەرئەنجامێکی وای نەبووە. لێرە ئەگەرەکان بە جۆرێکن ئایا تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە بۆ ڕێککردنەوەی باڵانسی نتانیاهۆ یان با بڵێین هێزی سیاسیی ئەو قەوارەیە بووە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بەشێک لە ناوخۆدا ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرا .

من پێم وایە ئیسرائیل و بە تایبەت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەیەوێت ئەم هەنگاوە بکاتە سەرکەوتنێکی سیاسی و لە داهاتوو بە پشت بەستن بەمەی کە بەدەستیهێناوە ئامادە بێت بۆ دانوستان. کە لە ماوەی ڕابردووە کە نەی کردووە و ئاستی جەماوەرییەکەی زۆر دابەزیوە و ڕەخنەی زۆر زۆر لێ دەگیرا و بە شکست خواردوو لەم شەڕەدا دەبینرا. بۆیە ئەم هەنگاوەی کە نراوە، ئەوەندە هەنگاوێکی سیاسی و سەربازییە، دەکرێت هەنگاوێک بێ بۆ نزیکبوونەوە لە ئاگر بەستێک و تەسلیمکردنەوەی دیلەکانی یەکتر و ڕاگرتنی شەڕ و زۆرێک لەو شتانەی تر.

و لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە شەڕەکە فراوانتر بکات. تیرۆری دکتۆر ئیسماعیل هەنیە ببێتە هۆی گەرمترکردنی ئەم شەڕە. ئەوەش ئەکەوێتەوە سەر پەرچەکەداری هێزە هەرەمایەتییەکان و ئەو وڵاتانەی پشتیوانی فەلەستینن و مامەڵەی ئێران؛ چونکوو لە وڵاتی خۆیدا و لە مەراسیمێکی تایبەتی مێژووی خۆیدا سەرکردەیەکی دیاری سیاسی و سەربازی حەماس شەهید کراوە و ڕۆژێ پێش ئەوەش فواد شکور بەرپرسێکی سەربازی گەورەی حیزبوڵا شەهید کراوە وە چەند ڕۆژێکیش پێش ئەوە ئیسڕائیل هێرشی کرد سەر سووریا و دەستی دایە کوشتنی کۆمەڵێک خەڵکی فەڵەستینی . ئەمانە هەموو دەتوانێ ببێتە هۆی فراوان بوونی شەڕەکە.

بەڵام من وەک خۆم پێم وایە ئێران زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و زۆر بە وریاییەوە لەوانەیە ڕەدفیعل و پەرچەکردار بنوێنێ بۆ ئەوەی کە نەبێتە هۆکارێک بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی زۆر فراوان کە نەگیرسێتەوە. بەڵام هاوکات لەگەڵ حیزبوڵادا دەیانەوێت وەڵامێکیان هەبێ بۆ ئیسرائیل بەڵام جارێکی تر ئەیڵێمەوە هەموو ئەگەرەکان ئەکەوێتەوە سەر وەڵامی ئێران و حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی.

پەیوەندی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەگەری فراوانبوونی جەنگ چۆن لێکدەدەنەوە؟ بەڕای ئێوە شەڕی ئێران و ئیسڕائیل ئەم پەیوەندییانە بە چ ئاقارێکدا دەبات؟

خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندی ئیسڕائیل و ئەمریکا لە هێرشی نازییەکانەوە بوو کە کرایە سەر جوولەکە، تا ئەوکاتە ناوەندی زایۆنیزمی سیاسی لە لەندەن بوو کە دواتر پەیوەندی ئەمریکا و جوولەکەی زایۆنی گۆڕا و ناوەندی زایۆنیزمی سیاسی گواسترایەوە بۆ واشنتۆن. ئەمە بووە قۆناغی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی زایۆنیزم و ئەمریکا. لەو کاتەشەوە هەر کاتێک ئیسڕائیل هەڕەشەی لەسەر بووبێت ئەمریکا زیاتر پشتیوانی ئەو قەوارەیەی کردووە.

ئەمەم بۆیە باس کرد کە بەرچاومان ڕوون بێت و مێژووەکەی بزانین. ئێستاش کە هەندێ وڵاتی عەرەبی و وڵاتانی دیکەش وەکوو ڕووسیا و چین وئێران پشتیوانی فەلەستین دەکەن و ڕەنگە لە شەڕدا پشتی بگرن، هەر لە قازانجی ئیسڕائیل تەواو بووە، چونکوو کاتێک قەوارەی زایۆنی مەترسی کەوێتە سەر ئەمریکا پشتی دەگرێت. پەیوەندی ئەمریکا و ئیسڕائیل تایبەتە. پەیوەندییەکە داڕێژراوە لە سەر بنەمایەکی بەرفراوان. دەتوانین بڵێین ناسنامەیەکی جوولەکە- ئەمریکی دروست کراوە لە خودی ئەمریکا و لە دەرەوەی ئەمریکاش.

ئەم ناسنامەیە ئیسڕائیل و ئەمریکای بەجۆرێک پێکەوە بەستووە کە بەرنامەی یەکتر تەواو دەکەن، بۆیە ئەم پەیوەندیە شۆڕ بووەتەوە لە هاوکاری سەربازی و تەنانەت بوون بە یەکپارچە لە ڕووی ئامانجی سیاسی و ئامانجی سەربازی و ئابووریەوە کە تەواوکەری یەکەن. بەڕای من ڕۆحی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسڕائیلە. ئەوەی کە ڕێگە ئەدات بە مانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر ئێران و ڕووسیا و چین و بە گشتی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسڕائیلە.

بۆیە ئەوەی کە ئیسرائیل دەیکات بۆ ئەمریکا زۆر زۆر لەوە زیاترە کە ئەمریکا بۆ ئیسڕائیلی دەکات. بەڵام دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین دوای ئەم شەڕەش پەیوەندییەکانیان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات.

ئەگەر شەڕێکی بەرفراوان ڕوو بدات کام وڵاتانی ناوچەکە تێوەدەگلێن؟

لە ئەگەری فراوان بوونی شەڕەکەدا، عادەتەن هیچ کات جەنگ بە جۆرێک ڕوونادات کە یەک جار کەڵپە بسێنێت و هەموو شتێک لەناو بچێت. بەڵکوو هەمووی هەنگاو بە هەنگاوە. ئەوەشی کە ئێستا ڕوویداوە و بینیمان کە لە سەرەتاوە بەو جۆرە نەبوو جووڵەی کەم کەم بوو، بەڵام ئێستا بینیمان گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی کە هیچ هێڵێکی سوور نەماوە. کە ئەم هێڵە سوورانە نەماوە ئەکەوێتەوە سەر ئەو وڵاتانەی ئایا تا چەند ئەگەڕێنەوە بۆ پشتەوەی هەڵە سوورەکان یان ئەگەڕێن هێڵە سوورەکان تێئەپەڕێنن و زۆر شتی تریش بەدوایدا دێت.

بۆیە من پێم وایە؛ لە پێناوی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاش لەم کات و ساتەدا زۆر لە قازانجیان نییە کە شەڕەکە فراوان بێ. لەبەر ئەوەی کە ترسیان هەیە بە هۆی فراوان بوونی شەڕەکەوە دەرفەتێک بدرێت بە چین و بە ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئێران کە بە تەواوەتی و بە زیاتر لە ئێستا نەک تەنها لە ڕێی هێزی نەرم و بەڵکوو لە ڕێی هێزی سیاسی و هێزی سەربازی بە تەواوەتی بێنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆیە ئەکرێ بڵێن ئەم شەڕە زۆر جیاوازە؛ لەبەر پێگەی ڕووسیا و ئەو وڵاتانەی تر و بە تایبەتی هەبوونی شەڕی ئۆکرانیا. بەڵام کە گەیشتبێتە ئێستا ئەکرێ چاوەڕێی ئەوەشی لێ بکرێ کە قۆناغی تریش ببڕێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکانا ئەگەر بێت و شەڕەکە فراوان بێ پێم وایە ئەو وڵاتانەی کە لەسەر هێڵی ئێران ،ڕووسیا و چینن هەموو ئەو وڵاتانە ئەبێ بۆ هەموو ئەگەرێک خۆیان حازر کەن. وەکوو چۆن ئەو وڵاتانەی کە لەسەر هێڵی ئەمریکا و ئیسرائیل و کەنەدا و فەڕەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپان دەبێ ئامادە بن.

بەڵام وەک وتم لەبەر هۆکاری یەکەم بە هۆی ئەوەی کە ئەو وڵاتانەی ڕووسیا و چین دزە نەکەنە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەمریکا و ئەورووپا پێیان خۆش نییە شەڕەکە فراوان بێت. و لەگەڵ ئەوەشدادۆخی ئابووری لە ئەورووپا و لە هەندێک لە وڵاتانی پشتیوانی ئیسرائیل بە جۆرێکە نایانەوێت کە گرژییەکە فراوان بێت .

بەڵام فراوان بوونی شەڕەکە کە ئێمە کەسمان تەمەننای ناکەین کەوتووەتەوە سەر کاردانەوە و هەنگاوی داهاتووی وڵاتێک وەکوو ئێران و لەگەڵیا بەرەی مقاومە کە بەرەی مقاوەمە لیبیا و یەمەن و سووریا و عێراق و هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە نوێنەری ئەو بلۆکەن و لە مەیدانی ئەو شەڕەدان. و من پێم وایە هەموو ئەمانە لەئەگەری فراوان بوونی شەڕەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە پێی پێگەکانیان لە بەرەی مەقاوەمە بە پێی نزیکیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دێنە ناو شەڕەکەوە .

بە نیسبەت عێراق چی؟ عێراقیش بەم شەڕەوە دەگلێت؟

بە نیسبەت عێراقەوە ڕایەکی تایبەتم هەیە ئەویش لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێکە کە جیاوازە لە سووریا و لوبنان و یەمەن، لە ڕووی توانای داراییەوە و لە ڕووی هەبوونی نەوتەوە. هەموو ئەوە وای لێ ئەکات ئەگەر عێراق بەشێک بێت لە پشتیوانی ئەو وڵاتانە شەرت نییە پشتیوانەکە لە ڕێی سەربازی شەرت نییە پشتیوانیەکە لە ڕێی لۆجستیکیەوە بێت. ئەکرێ عێراق کەمتر ئەو پریشکەی بەرکەوێ بە هۆی ئەوەی کە نە ئەمریکا نە ئێران نە وڵاتانی تریش نایانەوێت وڵاتێکی ئاوا دەوڵەمەند، وڵاتێک کە خۆی لەسەر ئاگرە، ببێتە سەرچاوەیەک بۆ گەورەکردنی شەڕەکە و شەڕەکە بگوازێتەوە بۆ ئێرە کە هاوپەیمان یان با بڵێین حەوشەیەکی پێشەوەی وڵاتێکی وەکوو ئێرانە و هەروەها هاوپەیمانی ئەمریکای تێدایە لە ناو عێراق. .

News ID 51138

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha