AP ١٤٠٣ پووشپەڕ ٢٢ ١١:٤٣

لێکۆڵەرێکی کورد بۆ ئاژانسی مێهر:

قەیرانەكانی هەرێم تەنها لە ڕیفراندۆمەوە نەبوو لەو ڕۆژەوە بوو نەوت بە سەربەخۆ فرۆشرا

قەیرانەكانی هەرێم تەنها لە ڕیفراندۆمەوە نەبوو لەو ڕۆژەوە بوو نەوت بە سەربەخۆ فرۆشرا

دوکتۆر کاروان حەمە ساڵح ، ئابووریناس و چاودێری سیاسی پێیوایە کە سەرەتای قەیرانەكانی هەرێمی کوردستان تەنها لە ڕیفراندۆمەوە نەبوو ، لەو ڕۆژەوە بوو نەوت بە سەربەخۆ فرۆشرا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: چەندین مانگە هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی عێراق و بە تایبەت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیراوە و ئەمەش خەسارێکی گەورە بووە بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان.

دەوڵەتی عێراق دەڵێت هەناردەی نەوت لە هەرێمەوە بێ گەڕانەوە بۆ کۆمپانیای نیشتیمانیی هەناردەی نەوتی عێراق سۆمۆ، نایاسایی و قاچاخی نەوتە.

لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تواندراوە بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت.
واتە لە ماوەی سێ وەرزدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە نزیکەی (110 ملیۆن) بەرمیل نەوت. کە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (7 ملیارو 455 ملیۆن و 479 هەزار) دۆلار.

بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكوور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی).

ئەم دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتە قەیرانی ئابووری و سیاسی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و تا ئێستاشی پێوەبێت، بێ چارەسەر ماوەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئابووری ئێستای هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و دەفرایەتی بازرگانیی سنووریی هەرێم لەگەڵ ئێران بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هەواڵنێری مێهر گفتوگۆی لەگەڵ دوکتۆر کاروان حەمە ساڵح ئابووریناس، لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی کردووە کە پۆختەی قسەکانی بڵاو دەبێتەوە.

دۆسیەی هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتە کوێ ؟ و بەڕای ئێوە چی بەسەر دێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین هەناردەی نەوتی ڕاستەوخۆی هەرێم بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە؟

دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە یانی ئەتوانین بڵێین بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەسمییەتی لە دەست داوە.ئەگەر لە ڕابردووشدا ڕەسمییەتی نەبووبێ بەڵام لە ڕووی دیپلۆماسیەوە وڵاتانی هەرێمایەتی وەکوو ئێران و تورکیا و وڵاتانی ئەورووپیش هاوکار بوون لەوەی کە بێ دەنگ بن لە هەناردەی نەوتی هەرێم. ئەگەرچی وەکوو بڵێی ڕوویەکی یاسایی نەبووە بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدرالی مۆری نایاسایی بوونی لە هەناردەی نەوتی هەرێم داوە کە ئەمە بۆ خۆی قەیرانێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی ئێستا ڕێگرە بۆ جارێکی تر دەستپێکردنەوەی هەناردەی ناوتی هەرێم ئەتوانین بڵێن، ئەوەی گرنگە یەکەم ئەو عەقدانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کراوە. کە عەقدی شەراکەتە نەک وەبەرهێنان. کە بە شێوەی پشک بێت وەکوو لەوەی کە لە هەرێم هەیە و هاوشێوەی عێراق نیە. ئێمە هەر لە سەرەتای ئەم دۆسیەوە وتومانە کە بڕوا ناکەین عێراق ڕازی بێ بەو عەقدانە و داوای تەفاسیلی ئەو عەقدانە و شێوازەکانی دەکات .ئەوەی کە ڕێگرە لەوەی ئەو عەقدانە بگاتە لای بەغداد بەشێکی هەرێمە بەشێکی زۆریشی کۆمپانیاکان کە نەیانەوێت عەقدەکان و ناوەڕۆکەکەی بگاتە دەستی ناوەند. بابەتێکی تر خەرجی کۆمپانیاکانە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێما کاریان کردووە وەبەرهێنانیان کردووە لە بواری نەوتدا هەر لە دەرهێنان و هەناردەکردن و ماڵکێتین و زۆرێک لەو شتانە، ئەم خەرجیانە هەتا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە ئایا حکوومەتی عێراق دەیدا یا هەرێم. حکوومەتی عێراق مەرجی هەیە واتا کاتێک ئەبێ ئەو عەقدانە تازە بکرێتەوە کە بەو شێوازە بێت حکوومەتی عێراقی دایدەنێت.

خاڵێکی تر بڕیارەکانی دادگایە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. هەموو ئەمانە عەرقەلەن لە بەردەم هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئەگەرچی لە ئێستایە بە سەنتەرکردنی دۆسیەی نەوت لە هەموو عێراقدا لە لایەن بەغداوە ئەنجام دەبێت، ئەبێ هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی ژیرانە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریەوە مامەڵەی لەگەڵ بکا چونکە لە ماوەی ڕابردوودا زیاد لە نۆ ساڵە هەر بە شێوەی سەر بە خۆ نەوتی هەناردە کردووە بەڵام هاووڵاتی هەرێمی کوردستان سوودێکیان لێ نەبینیوە بەڵکوو لەگەڵ قەیراندا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. بۆیە لە ئێستادا باشترە نەوتی هەرێم بە شێوازێکی سەنتراڵ هەناردە بکرێت وە هەرێمی کوردستانیش پابەند بێ پێوەی وە لەگەڵیشا بیر لەوە بکەنەوە کە ڕێکەوتنێکی نیشتیمانی درێژخایەن بکرێت کە لە سوودی هەردوو لابێت.

لە دوای ڕفراندۆمی ٢٠١٧ قەیرانێکی ئابووری زۆر بە تەوژم ڕووی لە هەرێنی کوردستان کرد و لەم چەند ساڵەی دواییدا دواکەوتنی مووچە و بایکۆت و مانگرتن لە دەوام و نەهاتنی بەشە بودجە و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و..... زۆر قەیرانی دیکەی بینی؟ ئێستا دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان چۆنە و داهاتووی ئابووری هەرێم چۆن دەبێت؟

قەیرانی ئابووری هەرێمی کوردستان و قەیرانی سیاسیش بە ڕای من تەنها لە ڕفراندۆمەوە دەستی پێ نەکرد بەڵکوو لەو ڕۆژەوە دەستی پێ کرد کە ئیدیعای سەربەخۆ فرۆشی نەوت کرا.

چونکە بیرمان نەچێت هەر وڵاتێک کە ئاسان پارەی دەست کەوێت بە تایبەت نەوت کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی پارەی ئاسان، ئەگەر بێت و بە شێوازێکی نیشتیمانی و حوکمڕانیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ ئەو پارە زۆرەیە نەکا. سوننەتەکەی وایە یانی لە بری خۆشگوزەرانی و ئیستیقرارەتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی، نا ئیستیقرارەت دروست ئەکات و دەسەڵاتی حیزب و شەخس بە سەر وڵاتەدا دەسەپێت. بۆیە بە داخەوە ئێمە نەمانتوانی سوود لەم دەرفەتە وەربگرین و دوای ئەوە ریفراندۆمیشی بە سەر هات کە ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵە خوێندنەوە بۆ دەوروبەر و بۆ دۆخی جیهانی و بۆ هاوکێشەکان کە ئەمە دواجار دۆخێکی لێکەوتەوە کە ئێستا ئێمە نە نەوت لە دەستی خۆماندایە و نە بڕیاری سیاسی و نە بڕیاری ئابووری. هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیە بە کۆی پرسە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەکان لە پێناوی ئەوەی هەم سوود لە هەڵەکانی خۆی وەرگرێ و هەم بتوانی نەخشە ڕێگا دابنێت بۆ ڕێ ڕێخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و لەگەڵ حکوومەتی ناوەند.
لەم دواییانەدا پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەکی زۆر ئاسایی بووەتەوە، ئێران هاوبەشێکی گرینگە لە باری سیاسی ،ئەمنی و بازرگانی سنووری بۆ عێراق و هەرێم، کاریگەریی پەیوەندی تۆکمەی هەولێر و بەغدا لە سەر گەشەی ئابووی هەرێمی کوردستان چۆناوچۆنە؟

سەبارەت بە پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان ئەمەوێ بگەڕێمەوە سەر بابەتێکی گەرنگ کە ئەویش ئەوەیە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئێران زۆر ئەزموونی وەرگرت لەو وڵاتانەی کە خوێندنەوەی هەڵەیان بوو بۆ عێراق و تەنانەت خوێندنەوەی هەڵەشیان بوو بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق. ئەمە بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە جیاواز لە ئێران هەنێک لە وڵاتان بە هۆی هەبوونی هێزی دارایی و هێزی سیاس و هێزی سەربایی زۆر وای کرد کە خوێندنەوە و دیراسە کردنیان بە هەڵە بێت و زائیدەن وێنەکانی خۆشیان بە جۆرێک بێ کە وا بزانن هەموو شتێکیان لەبەر ئەوڕوات بۆیە زۆرێک هەڵە بە سەریاندا تێپەڕی و وای کرد کە تاوەکوو چەندین ساڵ پێش ئێستا دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابووری عێراق هەمیشە لە ژێر هەڕەشەیا بووە و عێراق وڵاتێکە دراوسێی ستراتیجی هەیە. بۆیە بەبێ گرنگی دان بە دراوسێیەکانی عێراق سەرکەوتوو نابێت کە ئەمە هەڵەیەکی تری هاوپەیمانان بووە و جیاوازیی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ خوێندنەوەی دۆخی عێراق ئەوەیە و هەمیشە سوننەتی ئێران وایە کە هەمیشە هیچ وڵاتێک ئەگەر دوژمنایەتی نەکات بە کەمی نازانێت بۆ ئەوەی خوێنەوەی هەڵەی بۆ نەکات ئەمە وای کردووە کە توانیویەتی هەموو هێزە سیاسییەکان هەموو هێزی دیبلۆماسی هێزی ئابووری و هێزی سەربازی هێزی جۆپۆلیتیکی خۆی بتوانێ بە شێوازێکی مەتەوازن و کاریگەر لە شوێن و کاری خۆیا بەکاربێنێت. بۆیە سوودی وەرگرتووە لەو شێوازە تاکتیکە و لەو شێوازە مامەڵەیە. ئەمە وای کرد کە ئێران بتوانێ ئەو ڕەگە مێژووییە کە لە عێراق و لە وڵاتانی تریش دایکوتاوە سەرەڕای تێکەڵ بوونە کولتوورییەکان وا بکات کە پەرەی پێ بدات کە ئەمە ئەو. خاڵە گرنگە بوو کە وڵاتانی هاوپەیمانان گرنگییان پێ نەدابوو کە ئەکرا بە هەندیان وەرگرتایە چونکە عێراق وڵاتانی دراوسێی هەیە وەکوو ئێران و وەکوو تورکیا وەکوو زۆر لە وڵاتانی تر. ئەگەر ئەزموونی ئێران بێنینەوە کە لە پرسیارەکەتانا باس کراوە دەبێ بزانین که ئێران تێکەڵاوییەکی کلتووری ئایینی و سیاسی و مێژووی و ئابووری گرینگی هەیە لەگەڵ عێراقدا.

ئێستا خۆشبەختانە عێراق لە دۆخێکی تەرایە بەس گرنگ ئەوەیە ئیستیقرارییەتی سیاسی هەبێت کەی پێشمەرجە بۆ ئەوەی کە پاوەجێیی باش هەبێت لە دیکەی بەشەکانی ئابووری و ئەمنی. ئەبێ وڵاتانی هاوپەیمانانیش وڵاتانی جیهانیش، دراوسێکانی عێراق لەبەر چاوبگرن و دۆخی عێراق بە هەند وەرگرن کە عێراق نەبێتە شوێنی چارە نەبێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانەکان بەڵکوو بە پێچەوانە بکرێتە شوێنی چارەسەر بۆ ململانییەکان. نەک بە داخەوە عێراق بکرێتە شوێنی هێزە سیاسی و عەسکەرییەکان بە جۆرێک کە هەم بۆ وڵاتانی دراوسێی خراپ بێت وە هەم بۆ خودی عێراقیش خراپ بێت.
سەبارەت بە باشبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێرانیش، بە ڕای من هەرێمی کوردستان هیچ سوودێک نابینێت لەوەی کە گرژی دروست ببێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هیچ وڵاتێکی هەرێمایەتی و دەوروبەر و لە هەمان کاتیشدا دەبێ هەوڵ بدات کە بە قازانج و دوو لایەنە سوود وەرگرێ لە وڵاتانی ناوچەی و وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵیشا خاوەنی بڕیارێکی نیمچە سەربەخۆ بێت لە ئاستی دەرەوە وە لە ئاستی عێراقیشدا بە جۆرێک کە هەرگیز هەم خاکی خۆی هەم مامەڵەی سیاسی و دیپلۆماسی و پاشان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی عێراق و ناو عێراقیش و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیشیدا نەکاتە قوربانی هیچ ململانەیەکی نێودەوڵەتی بە جۆرێک کە لە زیانی خۆی و داهاتی خۆی دا بێت.

News ID 50883

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha