بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سلێمان محەمەد سەعید، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لە دیوانی قائیمقامیەت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری دەربەندیخان و بەڕێوەبەری كارگێڕی فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی دەربەندیخان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی كوردستان کرد".
لەمبارەوە قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە شارپرێس وتی :"لەگەڵ عەلی ئەسغەر دەریایی بەڕێوەبەری گشتی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی پارێزگای كوردستان و رەشید مەحمودی جێگری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری سینەما و هونەر گفتوگۆمان كردووە لەبارەی تێكەڵی كلتوری و هونەری نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای کوردستان، بەتایبەت لەڕووی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام و هەماهەنگی كردن لە كاتی بەشداریكردنی گرووپەكانی فێستیڤاڵ لەنێوان هەردوولا".
قائیمقامی دەربەندیخان راشیگەیاند: "سەردانی شاندەكە بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون و بەشداریكردنیان بوو لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقامی دەربەندیخان، دواتریش چووین بۆ بینینی یەكێك لە نمایشە شانۆییەكان لە پاركی شار".
هەروەها عەلی ئەسغەر دەریایی بەڕێوەبەری گشتی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی جەختی کردە سەر نزیکی فەرهەنگی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و وتی: هاوکاری فەرهەنگی و هونەری کوردستان و شارەکانی هەرێم لەوانە دەربەندیخان پەرەپێدەدەین.
Your Comment