بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە شارپرێس، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو فەرماندەی پلە باڵا گەیشتوونەتە پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ڕەوشی ئەمنی لەوێ بكەن، ئەمەش دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: .سەرۆكی ئەركانی سوپا لیوا عەبدولئەمیر یارەڵڵا بەیاوەری فەرماندەی هێزی زەمینی لیوا قاسم محەمەدی گەیشتوونەتە پارێزگای كەركووك بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی ڕەوشی ئەمنی لەوێ.
لەم نێوەندەدا، هێزە ئەمنییەكان لە دەوروبەری قەڵای دێرینی كەركووك بڵاوەیان پێكرا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی نوێ لەئێوارەی ئەمڕۆ و هەوڵدان بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و داگرتنی ئاڵای عێراق.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك، مازن غەریب، بە میدیاكانی ڕاگەیاند،" بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنی لە دەوروبەری قەڵا و بازاڕی حەسیر ڕێكارێكی ئاساییە، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە خۆپیشاندان هەیە و هەوڵی تێكدانی دۆخی سەقامگیری كەركووك لە ناوچەكەدا هەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر خۆپیشاندانێك مۆڵەت بەدەستبهێنێت، كار بۆ پاراستنیان دەكەین، هەركەسێك بەبێ ڕەزامەندی خۆپیشاندان بكات دەستگیردەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیارییەكان، بەشێك لە دووكانداران و كاسبكاران لەنێو بازاڕی شاری كەركووك لەترسی تێكچوونی رەوشەكە دووكانەكانیان داخستووە.
لەشەوی رابردووەوە لە سۆشیال میدیاوە بانگەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان لەئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە دەكرێت.
Your Comment