بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە شارپرێس، لەكاتژمێر 12ى دوێنێ نیوەڕۆوە ئاگرێکی گەورە ناوچەی شارباژێری پارێزگای سلێمانی گرتۆتهوهو تائێستاش لەهەندێک شوێن بەردەوامی هەیەو نهتوانراوه كۆنترۆڵ بكرێت، سهرچاوهیهكیش بۆ شارپرێس باس لهوهدهكات، بەهۆی ئاگرەکەوە سەدان دۆنم زەویو پوشو پاوانو داری سروشتیی سنووری 10 گوند سووتاوە.
دانیشتوانی ئەو گوندانە دەڵێن، ڕێژەی سوتانەکە ئەوەندە زۆرە، مەزەندە دەکرێت هەزاران دۆنم بێت نەک سەدانو ئاگرەکەش سنووری گوندەکانی بەخێرایی بڕیوە.
باس لهوهشدهكهن، ئەوان کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە بۆ کەمتەرخەمیی خەڵک دەگەڕێننەوەو خۆیان بەشێک لەئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردوە، بەڵام ئاگرەکە بای لەگەڵ بوەو بەخێرایی بڵاوبۆتەوە.
شاهۆ عوسمان قائیمقامی چوارتا لهلێدوانێكدا بهشارپرێسى وت، "لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەهۆکاری ڕودانی ئاگرەکەو تائێستا نازانرێت ئەو ڕوبەرەی سوتاوە چەندێکە".
سهرچاوه خۆجێیهكانى ناوچهكه باس لهوهدهكهن، چەندجارێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام سەرهەڵدەداتەوەو تا ئەم ساتەش بەردەوامی هەیەو لهئێستادا ئاگرهكه گهیشتۆته گوندى نۆرهباب.
بەرگریی شارستانی سلێمانیش بڵاویکردەوە، ئاگرەکە زۆر فراوان بوەو لەگوندی کەناروێ لەقەزای چوارتا کەوتۆتەوە، کە ڕوبەرێکی زۆر لەگوندەکانی ئەو سنوورەی سووتاندوە.
ئاگرەکەی شارباژێڕ بۆ نزیکەی 25 کاتژمێره بهردهوامهو بەپێی زانیارییەکانیش ژمارەیەک مینی کێڵگە مینییەکانی ئەو سنورەش بەهۆی ئاگرەکەوە تەقیونەتەوە.
Your Comment