بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە: "هاوپەیمانان، تورکیا و عێراقییان لە کۆبونەوەکەی بەرپرسانی هەسەدە و بەرپرسانی ئەمریکا و یەکێتی لە کاتی هاتنی شاندەکە و ڕۆیشتنیان لە سلێمانی ئاگادار کردبۆوە، ئیتر چ پێویست بە کەسێکی تر هەیە زانیاری بدات لەوەی کە مەزڵوم عەبدی لە سلێمانیە؟"
سەبارەت بەتۆمەتبارکردنی دژە تیرۆر لە پێدانی زانیاری سەبارەت بەسەردانەکەی مەزڵوم عەبدی کۆبانێ بۆ سلێمانی، هەرێم کەمال ئاغا وتی: "هێزەکانی دژەتیرۆر هێزێکی زۆر تۆکمە و بەهێزن و ناوێکی بەرز و جوانیان هەیە، بەردەوام ئۆپراسیۆنیان هەیە لەگەڵ سوپای عێراق و لەگەڵ سوپای ئەمریکا بۆیە هێزێکی متمانەپێکراو و بەهێزن، ئێستاش بەردەوام لە ئۆپراسیۆنەکان چالاکی بەردەوامیان هەیە".
هەرێم کەمال ئاغا ئەوەشی رونکردۆتەوە، "فڕۆکەخانەی سلێمانی نە هیچ بارەگایەکی تێدایە و نە هیچ کێشەیەکی هەیە، میوانێک هاتووە، مەزڵوم عەبدی، کە میوانی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە، هاوپەیمانان ئاگاداری وڵاتی تورکیاشیان کردۆتەوە لە هاتن و ڕۆیشتنی، لەهەمانکاتدا هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندی تری هەیە لەگەڵ عێراق و هاوکاری یەکتری دەکەن هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دژەتیرۆر دەکەن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژەتیرۆر، بۆیە ئەمانەی تورکیا دەیکات لەچوارچێوەی شەڕی هەڵبژادنە و هیچی تر نییە".
هەرێم کەمال ئاغا ئاشکراشی کردووە، "بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئێمە وەرمانگرت پروشکی ئەو بۆمبەی کە تەقیوەتەوە دیارە و ئەو کارگەیەی کە دروستیکردوە لە کوێیە، ئەو ڕاپۆرتە دەریخست کە لە وڵاتی تورکیا ئەو جۆرە بۆمبە دروستدەکرێت، بەپێی ڕاداری فڕۆکەخانەی کەرکوک و سلێمانی هیچ گومانێک نەماوە و ئەمە هی دەوڵەتی تورکیایە".
Your Comment