AP ١٤٠١ گەلاوێژ ٢٥ ٢١:١٨

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند:

چوار مەرجی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان

چوار مەرجی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند: سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی چوار مه‌رجی سه‌ره‌كیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ ئاژانسی "بغداد ئەلیەوم"ی راگه‌یاندوه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ی شه‌وی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بڕیار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی چوار مه‌رج دراوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، "مه‌رجی یه‌كه‌می چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێكهێنانی حكومه‌ته‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر، مه‌رجی دوه‌میش گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی".

سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجی سێیه‌م و چواره‌میش، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكرایكردوه‌، "مه‌رجی سێیه‌م ئه‌نجامدانی دانیشتنێكی په‌رله‌مانه‌ بۆ تاوتوێكردنی چاره‌سه‌ره‌ ده‌ستوریه‌كان و ڕه‌چاوكردنی داواكاریی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، مه‌رجی چواره‌میش پێویسته‌ كۆده‌نگی نیشتمانی هه‌بێت بۆ ده‌ركردنی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ به‌پێی كاتی گونجاو دیاریكراوه‌كان".

پێشتر عائید هیلالی سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاندبو، هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبون له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق ده‌كات، هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌م بژارده‌یه‌ نیه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌یه‌وێت حكومه‌تێك پێكبهێنرێت كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبكاته‌وه‌ به‌بێ په‌راوێزخستنی هیچ لایه‌نێك به‌ ره‌وتی سه‌دریشه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی حكومه‌تی داهاتو له‌ كاره‌كانیدا مسۆگه‌ر بكرێت به‌ بێ هیچ ئاسته‌نگێك كه‌ ره‌نگه‌ روبه‌ڕوی ببێته‌وه‌".

News ID 43179

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha