بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەر لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە ڕێکخراوی کەشوهەواناسی سەبارەت بە بارینی بارانی بەخوڕ و هاتنی لافاو لە سەرتاسەری ئێران هۆشداریی دابوو و هەر بە پێی ئەوەش لە چەندین شاری ئێران لەوانە شیراز، یەزد، سیستان و بەلووچستان، فیروزکێو، دوماوەند، تاران و چەندین شاری دیکە لافاوی بەهێز بووە هۆی کوژرانی چەندین کەس و ونبوونی چەند کەسی دیکە و خەساری مادی بەربڵاو.
هەر لە دەڤەری ئیمام زادە داوودی شاری تاران هاوکات لەگەڵ هاتنی لافاو، داڕمانی کێو تا ئێستا کوژرانی 14 کەسی بەدواوە بووە.
بە وتەی سەرۆکی مانگی سوور تا ئیستا نزیک بە 20 پارێزگا، 111 شار، 310 گوند، 29 ڕێگای پێوەندی و بە گشتی 385 شوێن لە ئێران کەوتووەتە بەر شاڵاوی ئەو رووداوەوە.
لافاو لە شاری ڕوودهن سەر بە پارێزگای تاران تا ڕادەیەک بەربڵاو بوو کە بووە هۆی کوژرانی 9 کەس لە هاووڵاتیان و ون بوونی زیاتر لە 20 ئۆتۆمبیل.
مەهدی وەلی پوور سەرۆکی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند تا ئێستا بە گشتی 56 کەس بە هۆی هاتنی لافاوەوە لە سەرتاسەری ئێران گیانیان لەدەست داوە.
Your Comment