بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق جەختدەکاتەوە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی دەستووری پارێزراوە، هەروەها دووپاتدەکاتەوە لە پێویستی پابەندبوون بە پاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی و دانبەخۆگرتن و پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.
لە راگەیەنراوێکدا بەرهەم ساڵح رایگەیاند: جەختدەکەینەوە لە یەکخستنی هەڵوێستی یەکگرتووی نیشتمانی و پابەندبوون بە پارێزگاریکردن لە ئارامی و سەرخستنی دیالۆگ و گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێک کە کاریگەری بکاتە لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگا و پێویستی پتەوکردنی هەوڵەکان بۆ هێنانەئاراوەی بەرکەوتە نیشتمانییەکان بە ئاڕاستەی هێنانەدی خواستی خەڵک و چاکسازی گشتی و گەشەپێدان.
ئاماژەى بەوەشکردوە، پێکهێنانی دەسەڵاتی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و پایەکانی دەوڵەتێکی بە توانا بچەسپێنێت و خواستی گەل بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەش بهێنێتەدی.
لەبەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەدا سەرۆک کۆمار دەڵێت، وڵات بە بارودۆخێکی ناسکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و رووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەتەوە، لەهەمان کاتدا دەرفەتی گەورەی لە پێشە، بۆیە پێویستە هەمووان بە ئاڕاستەی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دیالۆگ و پاراستنی دیموکراسی لە وڵات کار بکەین، چونکە گەلەکەمان بۆ چەندین دەیە قوربانی زۆری داوە و رووبەڕووی ستەم و سەرکوتکاری و توندوتیژیی بووەتەوە، ئەمەش ئەوەمان لێ دەخوازێت هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان.
Your Comment