هێرش بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک سەرلەبەری درۆ بووە

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: دەرکەوتوە کە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا روینەداوە و هێرش بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان درۆ بووە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بەبونی جوڵەی سەربازی بۆسەر دو کێڵگەی نەوت لە کەرکوک، پەیوەندی بە هەردو لایەن لە هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هێزی پیشمەرگە کردوە و دەرکەوتوە کە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا روینەداوە، بەڵام "وەزیری نەوتی عێراق فشار دەخاتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکور تا بانگەشەی ناراست بڵاو بکاتەوە، ئەو سیاسەتەش سەقامگیری نێوان هەولێر و بەغدا تێکدەدات".

شاخەوان عەبدوڵا لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، وەزیری نەوتی عێراق هەستاوە بە دروستکردنی کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای باکورەوە تۆمەتباری دەکات، کە گوایە هێزی پێشمەرگە پێشێلکاری ئەنجامداوە لە کێڵگەکانی (بای حەسەن و داود).

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەمو ئەو بانگەشانە ناڕاستن و حکومەتی هەرێم بە فەرمی سەرلەبەری رەت کردوەتەوە، پەیوەندیشم بە هەردو لایەن لە هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هێزی پیشمەرگە کردوە، دەرکەوت کە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا روینەداوە."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "چاودێری دۆخەکەمان کرد و بۆمان دەرکەوت کە بە داخەوە وەزیری نەوت فشاردەکاتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکور تا ئەو بانگەشانە بڵاو بکاتەوە، ئامانج لەم بانگەشانە سیاسییەو بۆ مانەوەیە لە پۆستەکان و تێکەڵکردنی کاغەزەکانە بۆ دروستکردنی پشێوی لە نێوان هەرێم و عێراق".

News Code 42004

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 1 =