بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە نوێترین هەوڵێستی ئیدارەی ئەمریکا کە وەک جەخت کردنەوەیەکە بۆ بەردەوامیدان بەهاوکاریکردنی هەسەدە و کارکردن لەگەڵیاندا، واین مارۆتۆ وتەبێژ بەناوی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش لەدوو تویتدا کە یەکێکیان بەزمانی عەرەبی و ئەوەی تریان بەزمانی ئینگلیزیه نووسیویهتى:"بەردەوام دەبین لەپشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات".
ئەو ڕاگەیاندنەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا دوای ئەوەدێت لەماوەی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان پشتیوانی و هاوسۆزیی لای هاوپەیمانەکانیان لەناو ناتۆ بەرامبەر تورکیا نابینن، بەتایبەتی لەبەرەنگاربونەوەی پهكهكه و گرووپە پاشکۆکانی، وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان.
مارۆتۆ لەبەشێکی تویتەکەیدا وتویەتی:"ههڵوێستى هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش لەباکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەهێزەکانی سوریای دیموکرات، کار لەسەر بەزاندنی داعش دەکەین".
پێنجشەممەی ڕابردووش، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕەتی کردەوە، بەهۆی نیگەرانییەکانی تورکیا لەبەیاننامەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ-٢"ی بۆسەر چیای گارەى شەرمەزار کردبوو، ئەوان سەرکۆنەی ئەو هێزانە بکەن.
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیو لەوەڵامی پەیامنێرێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، کێربی وتی:"من ناکەومە مشتومڕی تایبەتەوە، ئێمە کار لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەینو ئەوەش گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت".
لەماوەی ڕابردوشدا، سەرۆکی تورکیا وەک هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ دەستبەرداربون لەهەسەدە، ڕایگەیاندبوو، "پلاندانەرانی ڕوداوی هەڵکوتانەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە٦ی مانگی یەکی ئەمساڵ، پەیوەندیان بەیەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە هەبوە".
Your Comment