AP ١٣٩٨ سەرماوەز ١٧ ١٣:٠٥

لە لایەن ئەنجومەنی ڕێزگرتن لە ناوداران و هونەرمەندانی کورد؛

فەتانە وەلیدی، تریفەدەنگی مۆسیقای کوردی بە سەر کرایەوە

فەتانە وەلیدی، تریفەدەنگی مۆسیقای کوردی بە سەر کرایەوە

ئەنجومەنی ڕێزگرتن لە ناوداران و هونەرمەندانی کورد هاوکات لە گەڵ مانگی پیرۆزی مەولوود بە هاوڕێی تاقمێک لە هونەرمەندان و لایەنگرانی فەرهەنگ و هونەری و بەرپرسانی شار و پارێزگا، فەتانە وەلیدی، خاتوونی پێشەنگی مۆسیقای کوردستانیان بە سەر کردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەو دیدارە کە لە ناوەندی بەهار بەڕێوەچوو، میوانان وێرای بە سەرکردنەوەی تریفەدەنگی مۆسیقای کوردی و ڕێزنان لە تەمەنێک خزمەتی مۆسیقایی، بە گوڵ و شیرینی سەردانی یارمەتی‌خوازانی دیکەی ناو ئەو ناوەندەیان کرد و پاشان بە دەنگی مەولوودی‌خوێنیی گرووپی نەوای ڕەحمەت بە سەرپەرەشتیی مەسعوود مورادی و گوارنیبێژیی هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری کەشێکی تایبەتیان بەو دیدار و ئامادەبوونە بەخشی.

یەحیا سەمەدی بەرپرسی ئەنجومەنی ڕێزنان لە ناوداران و هونەرمەندانی کورد لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە وێرای سپاس و دەستخۆشانە لە بەرپرسان بە تایبەت ستافی بەڕێوەبەری ناوەندی بەهاری شاری سنە و ئیدارەی گشتیی بێهزیستی پارێزگا، ئاماژەی بە ڕەوتی دامەزران و ئامانجەکانی پێکهاتنی ئەو ئەنجومەنە کرد و ڕایگەیاند: بۆ نزیکەی بیست ساڵ دەچێت کە ئەم ئەنجومەنە چالاکە و تەنیا لە لایەن وێژەران و هونەرمەندان و چالاکانی فەرهەنگییەوە ئیدارە دەکرێت.

سەمەدی هەروەها کەمتەرخەمی هەمبەر بە پێگە هونەرمەندان و غەیابی نەریتی ڕێزنان و بەسەرکردنەوەیانی لە ڕابردوودا بیر هێنایەوە و ڕاشیگەیاند: پێویستە ئێمە خۆمان بە منەتباری هەوڵ و چالاکیی ناودارانمان بزانین و هەوڵی سڕینەوە و لابردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ژیان و چالاکیان بدەین و بۆ ئەو مەبەستە دەستی یارمەتی بۆ ئیدارەگەلی هاوپەیوەندیش درێژ دەکەینەوە.

ناوبراو بە ئاماژە بە دەیەمین جاری سەردان کردنی خاتوونی تریفەدەنگی مۆسیقای کوردی لە لایەن ئەنجومەنی ڕێزنان لە ناوداران و هونەرمەندانی کورد لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو، وتی: لەو ماوەیەدا هەوڵمان داوە نهێڵین ئەو هونەرمەندە مەزنە هەست بە تەنیایی بکات و لە بیرمان نەچێت کە ئەگەر ئەو ئێمە ناناسێت، ئێمە ئەو بە باشی دەناسین. ئێستاش ئەگەرچی ئەو خاتوونە مەزنە لە دۆخێکی گونجاودا نییە، بەڵام لە سای هەوڵی پەرەستاران و بەرپرسانی ناوەندی بەهار و پاڵپشتیی بنەماڵە و لایەنگرانی فەرهەنگ، لە شوێنێکی گەنجاو و بە پێ‌ڕاگەیشتنێکی باشەوە دەژی.

ئەو رۆژنامەنووسە لە درێژەدا گلەیی خۆی ئاراستەی هەندێک لە میدیاکاتان کرد کە بە بۆڵدکردنەوە و زێدەبێژی لەبارەی نەخۆشیی فەتانە ببوونە هۆی ڕەنج و چەوسانەوەی زیاتری ئەو هونەرمەندە و بنەماڵە و هاوڕێیانی و وتیشی:بە داخەوە ماوەیەک لەوە پێش هەندێک لە هەواڵدەری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەڵە هەواڵی مەرگیان بڵاو کردەوە ئەو کارە دوورە لە ئاکار و ئەخلاقی میدیایی.

هونەرمەند فەتانە وەلیدی ساڵی ١٩٥٣ لە بنەماڵەیەکی هونەرمەندی شاری سنەی لە دایک بووە و هەر لە منداڵیەوە ڕووی کردۆتە هونەری مۆسیقا و ئاواز و لە تەمەنی ٦ یا ٧ ساڵان بە پاڵنەری "حەسەن کامکار" لە ڕادیۆی سنە گۆرانی چڕیوە و هەر ئەوە بۆتە هۆی سەرنج‌ڕاکێش بوونی دەنگی بە لای گەورە زەنیارانێکی وەک حەسەن کامکار، گریشا میکائیل‌ زادە و موجتەبا میرزادە و ... و دەسکەوتی ژیانی کورتی هونەری ئەو خاتوونە تۆمارکردنی ٥٦ گورانی لە ڕادیۆ سنە و کرماشانە کە بە داخەوە هەر ئەلبۆمێکی لەبەردەست دایە.

ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە هەر لە هەرەتی گەنجێتی بە هۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونییەوە زۆر زوو کۆتایی پێ هات. ئەگەرچی لەو تەمەنە کورتەشدا بە تۆمارکردنی چەندین بەرهەمی ناوازەی وەک "ئامان شیرین گیان"، "ئەی یاری نازدار"، "دیده‌ی گریان"، "له سەر کانی"، "که‌ومل"، "بەهار"، "لایه لایه"، توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە هونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێ.

ناوبراو یەکێکە لە یەکەمین گۆرانیبێژانی ژنی کورد کە تا ئێستاشی لە سەر بێت ئیلهام بەخشی زۆربەی هونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی دوای خۆی لە کوردستان بووە.

News Code 29745

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha