بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، بەهمەن موراد نیا، پارێزگاری کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە زانکۆ کوردستان، ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی پاسپۆرتی عێراقی یان ئێرانی نەبووە و تەنیا پاسپۆرتی بریتانیایی بووە، کێشە بۆ دەرکردنی ڤیزاکەی سازبووە کە بە خۆشحاڵیەوە کێشەکە لە ئێران چارەسەر بووە.
وتیشی: پێوشوێنگیری بەردەواممان کرد بۆ چارەسەریی کێشەی ڤیزای مامۆستا خالقی و بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ هەواڵیان پێم دا کە ڤیزایان بۆ دەرکراوە.
ئەوەشی راگەیاند کە هاتنەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی دوای ۳۸ ساڵ بۆ شاری سنە ، زێدی لە دایک بوونی ئەو گەورە هونەرمەندەی کورد، جێگای خۆشحاڵی هەمووانە و سنە باوەشی بۆ مامۆستا خالقی کراوەیە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە ۱۰ی پووشپەڕ یان سبەینێ ۱۱ی پووشپەڕ مامۆستا مەزهەر خالقی بە هاوڕێی جەمیل ڕوستەمی دەرهێنەری ناسراوەی کورد لە سلێمانیەوە بگاتە شاری سنە.
هاتنی مامۆستا مەزهەر خالقی بۆ سنە لەسەر بانگهێشت و داخوازی بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ناودارانی کوردە کە بڕیارە ۱۱ و ۱۲ی پووشپەڕ لە زانکۆ کوردستان بەریوەبچێت.
لەو کۆنگرەیەدا ڕێز لە ۳۰ هونەرمەند و بلیمەتی ناوداری کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست، هونەر و فەرهەنگ و وەرزش و ئەدەبیات دەگیردرێت کە یەکێکیان مامۆستا مەزهەر خالقیە.
بۆچوونی ئێوە