هەواڵدەریی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لەم دواییەدا ئۆپەارسیۆنێکی دژە تیرۆریستیی نوێی لە دژی پاشماوەکانی داعش لە سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ سووریا دەست پێکردووە. سەرچاوەگەلی سەر بە حەشدی شەعبی ڕایانگەیاند کە ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی لەو ئۆپەراسیۆنە، دابین کردنی ئاسایش ناوچەگەلی سنووری لە گەڵ سووریایە. سەرچاوە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی سووریا و عێراقیان بە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو وەسف کرد.
لە کاتی ئازاد کرانی عێراق لە بندەستی تیرۆریستانی تەکفیری داعش لە ساڵی ٢٠١٧، ئەوە یەکەم جار نییە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئاسایشی عێراق زنجیرە ئۆپەراسیۆنگەلی دژە تیرۆریستیان لە دژی پاشماوەی تیرۆریستانی داعشی دەست پێکردووە. پێشتریش هێزەکانی عێراقی لە جێ جێی ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنگەلی بەربڵاویان لە دژی پاشماوەی تەکفیرییەکان ئەنجام داوە و زەبری کوشەندەیان پێ گەیاندوون. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنی پاک کردنەوەی دوورگەی سەلاحەدین بکرێ کە لەم دواییەدا لە لایەن هیزە عێراقییەکانەوە ئەنجام درا.
پێشتریش "سەلام جەمیل" یەکێک لە فەرماندەگەلی هیزەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو کە ئەو هێزانە هێڵی سنووریی عێراق و سووریایان لە بندەستی تیرۆریستانی پاککردۆتەوە. ناوبراو وتبووشی: "سنوورەکانی عێراق و سووریا هێمنە و ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی ئەو ناوچانە درێژەی هەیە. گرینگترین پرسێک کە هێزەکانی عێراقی زۆر لەوە پێش تەرکیزیان لە سەری هەیە، دابین کردنی ئاسایشی رێگەگەلی پەیوەندیی نێوان ناوچە ئازادکراوەکان لە سنوورگەلی عێراقە.
هێزەکانی ئاسایش و دەزگاگەلی هەواڵگری عێراقی باش دەزانن کە ئاوەڵا هێشتنەوەی دەستی پاشماوەکانی داعش بۆ هاتوچۆی نەهێنی لە رێگە پەیوەندییەکانی نێوان ناوچەگەلی ئازادکراوەی سنووری دەتوانێ ببێتە هۆی دزە کردنی بەربڵاو لەو ناوچانە. لەو ڕووەوە دەزگاگەلی ئەمنی و هەواڵگریی عێراق ورەیان خۆیان خستۆتە گەڕ و هەوڵ دەدەن لەو رێگەوە پێشگری بکەن لە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی تیرۆریستان لە ناوخۆی خاکی عێراق. دەزگای هەواڵگریی عێراق کە بەرپرسایەتی چاوەدێری کردنی جموجۆڵی پاشماوەی تەکفیرییەکانی لە ئەستۆیە، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لەو ڕەوتە ئەمنییە.
بەرپرسانی عێراقی بە باشی دەزانن کە جموجۆڵی تەکفیرییەکان لە ناوچەگەلی سنووری دەتوانێ ڕەوتی دیموکراسی لەو وڵاتەدا بەرەوڕووی کێشە و گرفت بکات؛ بە تایبەت کە لە ئێستەدا ڕەوتی دیموکراسی و کامڵ بوونی کابینەی عێراق هەنگاوی ناوەتە دوا وێستگەکانی خۆی. پەرلەمانتارانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی خۆی دەنگی متمانەی دا بە یاسین تەها حەسەن یاسری بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ. پەرلەمانی عێراق هەروەها بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەنگی متمانەشی دا بە نەجاح شمری.
هەروەها "فارۆق ئەمین شوانی"یش دەنگی متمانەی پەرلەمانی بۆ وەزارەتی داد بە دەست هێنا. ئەوە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق دەنگی متمانەی نەدا بە سەفانە حسێن حەمدانی کە لە لایەن عادڵ عەبدولمەهدی بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە ناسێندرابوو. دیارە بەوجۆرە ڕەوتی کامڵ بوونی کابینە لە عێراقدا هەنگاو دەنێتە ناو قۆناغی کۆتایی خۆی و لەو هەلومەرجەدا، بەرەنگاربوونەوە لە دژی پاشماوەی تەکفیرییەکان بە تایبەت لە ناوچەگەلی سنووری زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە.
ئیستا کە تەنیا وەزارەتخانەیەک بۆ کامڵ بوونی کابینە ماوە، دەولەتی بەغدا بە باشی دەزانێ کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانە جۆراوجۆرە بیانییەکان دەبێ باشتر کردنی خزمەتکارییەکان لە قۆناغی پاش داعشی بخاتە رۆژەڤی کاریی خۆیەوە؛ بە تایبەت ئێستا کە ئەمریکا بە تەواو مانا هەوڵ دەدا لە کێشەگەلی ناو ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندیی خۆی بەهرە ببات.
بۆ وێنە ماوەیەکی زۆر نییە کە عێراق لە سای بەرخۆدانی قارەمانانەی سوپا، دەوڵەت و گەلەکەی و هەروەها هاوپەیمانانی لە ناوچەدا بە سەر تیرۆریستانی تەکفیریی داعشدا زال بووە و بەو هۆیە لە ئێستادا خەریکی تێپەڕاندنی قۆناغی پاش داعشییە. لەو ڕووەوە ئێستا و لە قۆناغی پاش داعشی بەرەوڕووی کێشەگەلێک لە بواری ئابووری و ئاوەدان کردنەوەی عێراقە کە ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بە کەڵک ئاوەژوویی لەو کێشانە زیان بە دەوڵەتی بەغدا بگەیێنن.
هاوکات دەکرێ ئاماژە بە پرسی چاکسازیی سیاسی و ئابووری لە عێراقدا بکرێت. بۆ وێنە ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ماوەیەکی زۆرە جەختی لە زەروورەتی وەدی هێنانی ڕەوتی چاکسازی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئابووری لەو وڵاتەدا کردووە و نوێنەرانی ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەت دەبێ بە خێراییەکی زیاتر لە پێناو سەرخستن و وەدی هێنانی ئەو چاکسازییە هەنگاو هەڵگرێت.
بە هەر حال ئەوی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەمریکییەکان و هاوڕێیانی هەوڵ دەدەن تا لە رێگەی پەنا بردنە بەر کێشەگەلێک کە پێشتر ئاماژەیان پێ درا، رێ بۆ هەڵوەشانەوە و ڕووخانی دەوڵەتی بەغدا خۆش بکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەت و گەلی عێراق بۆ چارەسەریی کێشەکانیان ورەی خۆیان خستۆتە گەڕ و یەکدەنگن؛ کێشەگەلێک کە هەڵبەت جموجۆڵی چەند ساڵەی تەکفیرییە پاڵپشتکراوەکانی ئەمریکا دەستیان بووە لە سەرهەڵدان و هاتنە ئارای.
بە پێی ئەوەی وترا، دیارە کە درێژەی چالاکیی پاشماوەی تەکفیرییە داعشییەکان لە جێ جێی عێراق و لەوان ناوچەگەلی سنووریی عێراق دەتوانێ پاشهاتی زۆر تەشەنەداری لە بواری ڕێکخستنی خزمەتگەیاندن لەو وڵاتە لە قۆناغی پاش داعشی بە دواوە بێ. هەر بەو پێیە هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنگەلێکی بەربڵاویان لە دژی کاکڵەی نووستووی تەکفیرییەکان لە ناوچەگەلی سنووری دەست پێکردووە.
بە ئاوردانەوە لەوی باس کرا پێدەچێ کە ئۆپەراسیۆنگەلی دژە تیرۆریستیی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لە سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ سووریا، دەتوانێ هەڵگری لایەنی پێشگرانە لە بەرامبەر پیلانە نوێیەکانی ئەمریکا لە دژی عێراقیش بێ؛ پیلانێک کە تێیدا واشنتۆن هەوڵ دەدا لەو رێگەوە گورزێکی کوشەندەی سیاسی لە بەغدا بدات.
بۆچوونی ئێوە