بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە فورات نیوز، دەنیز کایا، نوێنەری زیندانیانى مانگرتوی دۆزی پەکەکە و پاژک رایگەیاندووە: "ئێمە کۆتایى بە چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن دەهێنین".
ئەو لێدوانەی دەنیز کایا لەکاتێکدایە ئەمڕۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی پارێزەرەکانیەوە پەیامێکی ئاڕاستەی مانگرتوان گرت و داوای لێکردن کۆتایی بە مانگرتن بهێنن.
ئۆجەلان لە نامەیەکدا بۆ مانگرتوان نوسیویەتی: "لە پێش هەموانەوە ئەو هەڤاڵانەى بەشداریى چالاکیى مانگرتن و رۆژوی مردن بون، لە چوارچێوەى ئەو پەیامەدا، کە ۲ پارێزەری من پێتانى دەگەیەنن، چاوەڕێ دەکەم کۆتایى بە چالاکییەکەتان بهێنن".
ئۆجەلان هەروەها وتویەتی: "بەرونی و بە سادەیى ئەوە رادەگەیەنم، کە مەبەستی ئێوە بۆ من رونە و خۆشەویستی و سوپاسی خۆمتان پێشکەش دەکەم، بە تایبەتی رایدەگەیەنم و ئومێدی ئەوە دەکەم ئێوە لە ئێستا بە دواوە بە بەهێزی و بە ئیرادەیەکى پێویستەوە لەگەڵم بن و رێ بکەن".
ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی ڕێبەری پەکەکە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان ۱۹۷ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
سەرەتای مانگی مەی دەوڵەتی تورکیا گۆشەگیری سەر ئۆجەلانی لابرد و ڕێگەی دا پارێزەرەکانی بچنە ئیمراڵی و لەگەڵی کۆببنەوە.
Your Comment