به راپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر له کهناڵی ئێن ئارتی، گەمارۆکانی سەر ئێران و کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانى هەرێمی کوردستان، بەشێک لە بازرگان و ئابووریناسان و یەکێتی هاوردە و ناردنکاران و وەبەرهێنانی لە پانێڵێکدا لە سلێمانى کۆکردەوە.
لهو پانێلهدا باس لە کاریگەریی سزاکان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەکان کرد، بۆئەوەى هەرێمى کوردستان بتوانێت خۆى لە کاریگەریی سزاکانى سەر ئێران دەرباز بکات و جوڵەى بازاڕ پەکی نەکەوێت.
لەوبارەیەوە مەشخەڵ کەوڵۆسی سەرۆکی ناوەندی چاوی کورد ڕایگەیاند: ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی بەرپرسان بووە، بۆئەوەی کورد چۆن بتوانێت خۆی لەو گەمارۆیانەی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بپارێزێت، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو چۆن بتوانێت سودی لێ وەربگرێت.
قۆناغى دووەمى سزاکانى سەر ئێران، زیاتر کەرتى نەوت و سوتەمەنى دەگرێتەوە و پێدەچێت کاریگەرى لەسەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى ئێران و هەرێم دروست بکات، سەرۆکى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستانیش بە پێویستى دەزانێت هەرێم بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەدا بکات.
هاوکات یاسین مەحمود سەرۆکی وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە بەکارهێنەری بۆ لە ٧٠%ی کاڵاکانی ئێرانین، هەروەها دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکەین لەگەڵ گۆڕینی بەدیل بۆ ئەو کاڵا و شمەکانە بەتایبەت بۆ تورکی، کە گواستنەوەیان زۆر گرانە.
هەرچەندە لە ئێستادا هەندێک لە ماددە خۆراکییەکان لە ئێرانەوە هاوردەى هەرێم ناکرێت، بەڵام مستەفا عەبدوڕەحمان سەرۆکی یەکێتى هاوردە و ناردنکارانی هەرێم دەڵیت: هەوڵیانداوە لەگەڵ هەندێک وڵاتی تردا ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن، بۆئەوەی جێگەی ئێرانیان بۆ بگرێتەوە تا جوڵەى بازاڕ بەردەوام بێت.
بەرێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم دەڵێت: سزاکانى سەر ئێران کاریگەرییەکى ئەوتۆ لەسەر بازاڕى هەرێم دروست ناکات، چونکە کۆگاکان پڕن لە کاڵا و کەلوپەل و بازرگانانیش جێگرەوەى دیکەیان هەیە بۆ هاوردەکردنى کاڵا.
نەوزاد ئەدهەم بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند:لە تورکیا و ئەو وڵاتانەى بەخشراون لە سزاکانى ئەمریکا، بازرگانانى هەرێم دەتوانن کاڵا و کەلوپەل هاوردە بکەن، جگە لەوەش هاوردەکردنى کەلوپەلى ترانزێت لەڕێگەى ئێرانەوە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم، ساڵانە بە شێوەیەکى گشتى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هەرێم و ئێران شەش ملیار دۆلارە، بەڵام بەهۆى داخستنى سنورەکانى هەرێم لەلایەن ئێرانەوە بەهۆى ڕیفراندۆمەوە بۆ ماوەى چەند مانگێک، ئەمساڵ قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ڕووى لە کەمى کردووە.
بۆچوونی ئێوە