به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر له ئێن ئارتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە نیوز، بەھا ئەعرەجی سەرکردە لە رەوتی سەدر باسی لەوەکردووه که خالید شوانی لەسەر پشکی یەکێتی نیشتمانی، یەکەم کەس بووە کە کاندیدبوونی بۆ پۆستی وەزارەتی داد یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام مەسعود بارزانی دژی ئەوە بووە کە ئەو وەزارەتە بدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
بەھا ئەعرەجی ئەوەشی وت: "مەسعود بارزانی تەلەفۆنی بۆ عادل عەبدولمەھدی کرد و پێی ڕایگەیاند ئەگەر وەزارەتی داد بدرێت بە یەکێتی نیشتمانی، وەک پارتی بەشداری حکومەتی نوێی عێراق ناکەن".
روونیشیدەکاتەوە: "عەبدولمەھدی ناچار بوو بە قسەی مەسعود بارزانی بکات، بۆ ئەوەی نزیکەی ٤٥ کورسی پارتی و ھاوپەیمانەکانی لەدەست نەدات."
باس لەوەشدەکات که پارتی دیموکراتی کوردستان و ھادی عامری سەرۆکی لیستی فەتح رێککەوتن وەزارەتی داد بدرێت بە کەمینەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بدرێت بە خالید شوانی، بەڵام شوانی رەتیکردەوە ئەو پۆستە وەربگرێت.
Your Comment